دەبێت گۆڕان ڕاشكاوانەتر بێ بەرامبەربەسیاسەتی هەڵەی نەوتی هەرێم
7/11/2022 8:40:00 PM
چۆمان محەمەد
کاتی خۆی رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) بە نووسین و بە قسە و لەدیدارەکانیدا
لەگەڵ ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتدا بوو، بەڵام بەو مەرجەی گرێبەستەکان ئاشكراو
شەفافبن و لەژێر چاودێری پەرلەمان بن و داهاتەکەشی بۆ بەرژەوەندی خەڵک و فەرمانبەران
و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان وپرۆژەی خزمەتگوزاری بێت.
هەروەها بەئاشكرا، کاک
نەوشیروان وتی "بۆ ئهوهی حکومهتی ههرێم لهم ململانێیهدا له گهڵ
حکومهتی ناوهندی دا بههێز بێ، ئهبێ پشت ئهستور بێ به پشتیوانی خهڵک، بۆ ئهوهی
پشتیوانی خهڵک به دهس بهێنێ، ئهبێ له ههمو ههنگاوهکانی دا له رۆشنایی دا
به ئاشکرا کار بکا"، ئەم بۆچونانەی كاك نەوشیروان بنەما ودنیابینی بزوتنەوەی
گۆڕان بوە لەڕابردوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم(پارتی بەپلەی یەكەم ویەكێتیش) نەچوونە
ژێر باری ئەو مەرجانەوە و گرێبەستەکان، نەك پەرلەمان و خەڵك تەنانەت لە سەرکردایەتی
و مەکتەب سیاسیەکانی خۆشیان شاردوەتەوە و چەند کەسێک لەسەر ئاستی باڵا نەبێت، کەس
ئاگاداری ئەو مەلەفە هەستیارە نیە.
پاشان لەژێر پەردەو
پاساوی ئابوری سەربەخۆدا، پارەی نەوت بوەهۆی ئەوەی قاسەی حیزب و كۆمپانیای حیزبیان
دەوڵەمەندتر بێت لەسەرحسابی حكومەت، هێزی چەكدار و میدیای جۆراوجۆریان دامەزراندو
خستەكار بۆ لێدان لەحیزبە ڕكابەرەكانیان، بەكوردی و كورتی نەوت خێر وبەرەكەتی نەهێنا،
ئێستاش بۆتە چەقی ململانێ ودەستبادان لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەتایبەت دوای دەرچونی
بڕیاری دادگای فیدراڵی و ئێستاش كەرەستەیەكی باشە بۆ زیاتر فشاركردنی لایەنەسیاسیەكانی
عێراق، حكومەتی هەرێم و پارتی بەپلەی یەكەم و ئێستاش یەكێتی كە بەراستی ناڕونی
ووردبینی نیە لەبۆچونیان، كەوتونەتە دەستبادان و ململانێ لەگەڵ بغداد، هەرچەندە
حكومەتی عێراق رۆژ لەدوای رۆژ هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و تەنگەتاوكردنی
كۆمپانیاكان.
ھەربۆیە پێویستە بزوتنەوەی
گۆڕان پێداگر و بەردەوام بێت لەسەر تێڕوانیەكانی كاك نەوشیروان، چونکەسیاسەتی نەوتی
هەرێم بەم شێوازەی ئێستا مایەی ئەوەنیە پارێزگاری لێبكرێت و ستایش بكرێت، بەپێچەوانەوە
ئەوان كەئامادەی دروستكردنی سندوقی داهاتەنەوتیەكان نەبن، ئامادەی ئاشكراكردنی گرێبەستەكان
نەبن، ئامادەی شەفافكردن و گێرانەوەی كۆی داهاتی نەوت نەبن بۆ خەزێنەی گشتی كەئێستا
/٥٠ دەگەڕێتەوە، زیاتر لەوەش ئامادەی ئەوەنەبون ئەنجومەنی نەوت وگاز كۆببیتەوە تا
رێژەی زۆرینەیان مسۆگەركرد، پاشان لەم دۆخە هەستیاروخراپەدا ئامادەی ڕێكەوتن نەبن
لەگەل بغداد(تسلیم بون ناڵێن)، هیچ پاسا و هۆكارێكی لۆژیكی و نیشتیمانی و سیاسی
نابینن بۆ پاریزگاریكردن لەم شێوازە مامەڵەیە، بۆیە پێویستە ئێمە رایەكی راشكاوانەتر
و جیاوازترمان هەبێ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆپرسی نەوت، هەر وەك ئەو
هەڵوێستەی فراكسیۆنی گۆران هەیبوو لەدەنگ نەدان بەهەمواری یاسای نەوت وبگاز، هەموو
ئەم ڕاو بۆچونانەش لەوپەڕی خەمخۆریە بۆ خەلك و قەوارەی هەرێم، ناكرێت وا لێكبدریتەوە
دژایەتی كردنی حكومەت و قەوارەی هەرێمە، چونکە بەرژەوەندیە باڵاكانی میلەت هاوتانیە
لەگەل بەرژەوەندی حیزبی..