165وتار

بزوتنەوەی گۆران و نادەستوریبونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان

7/2/2023 9:24:00 PM
چۆمان محەمەد


دوای نزیكەی مانگێك لە بێدەنگییەکی هەستپێكراو بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت نادەستوری بوونی یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دواجار فراكسیۆنی پارتی لەرۆژی ٢٦/٦/٢٠٢٣ لەڕێی سەرۆکی فراکسیۆنەکەسانەوە چونە ژێر باری بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان ئاشکرایان کرد ئەركی پەرلەمانییان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی پێهێنا.

داوای هەواڵەكردنی ئەندامانیان دەكەن بۆ خانەنشینی، لەكاتێكدا هەر فراكسیۆنی پارتی بوو لەگەل یەكێتی و گۆران(گۆران هەڵەیەكی گەورەی كرد) تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردوە، ئێستاش بەبێ راوێژوگفتوگۆ وەك ئەوەی رابردویان لەبیر كردبێت بەموزایەدە دەیبەخشنەوە بە خەڵكی، بۆیە دەردەكەوێت یەكێتی و گۆران زیاتر تەماشایی روداوەكان دەكەن و دەستەوەستانن.

ئەمرۆش بەفەرمی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بەم خولەی پەرلەمان هێناو سەرجەم پەرلەمانتارانی هەواڵەی خانەنشینی كرد (جارێك با لەوەش بگەڕێین ئەم دۆخە بەكۆێ دەگات ولەزیان وبەرژەوەندی كێیە)..

بەهۆی ئەوەی گۆڕان لە ڕابردوودا بڕیارێكی هەڵەیدا بەوەی دەنگی دا بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەبێ ئەوەی هیچ كارێك بكرێت لە خزمەتی خەڵک، بزوتنەوەی گۆڕان هەلێكی لەدەستدابوو پێش فراكسیۆنی پارتی وەك یەكەم هێز بەبێ دواكەوتن هەنگاوی دروست بنێن، ئەویش بریتیە لەوەی رێزی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بگرێت و چیتر بەردەوامی نەدات بەكاركردن لە پەرلەمانێک كە تەمەنی یاسایی كۆتایی ھاتووە، لە حكومەتێكدا نەمێنێت كە بۆتە كاربەڕێکەر، زیاتر لەمەش پێویستە داوای لێبوردن لە دەنگدەران و خەڵکی كوردستان بكات، بەداخەوە ماوەیەكە ئەم حیزبە توانای بڕیارە كاریگەرو دروستەكانی نەماوە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان و پیشاندانی بونی ئیرادەی گۆرانكاریی، چونکە ڕێگاكە زۆر ڕون و ئاشكرابوو بۆ گۆڕان دواكەوتن و لێوردبونەوەی نەئەویست ..


بۆیە دەكرێت ئەم پرسە ببێتە وانەیەك بۆ داهاتوی كاركردنی حزبەکە، دوای چەندین ساڵ جوڵە و روداو بگێڕنەوە بۆ هەڵوێستەکانمان كە بەم بیركردنەوەو دنیابینیەی ئێستامان بێت بەئەستەم دەبینم وانەی لێوەربگرین، چونکە گۆڕان لە دوای 2009 بەدواوە تاکە هێز بوو کە روداوی دروست دەکرد و چەند هەنگاوێک لە پێش حزبەکانی دیکەوە بیری دەکردەوە، لە ئێستاشدا پێویستە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر ئەو کلتورە و لەو هەنگاوەی کە دامەزراوەکانی حکومەت و حزبەکان لێی بێدەنگن و هەنگاو نانێن، گۆڕان هەنگاو بنێت و جوڵە بکات، بەڕاستی ناکرێت هەر روداوێک روبدات گۆڕان لێی بێدەنگ بێت و نەتوانێت جوڵە بکات، ئەو بێ جوڵەییەی گۆڕان زیاتر لەو گۆمەدا دەیهێڵێتەوە کە نە ئاوی تێدەچێت و نە لەبەری دەڕوات، بۆیە تا بۆگەنی نەکردووە هەنگاو بنێن و متمانە بۆ خەڵک بگێڕینەوە و یارمەتی ئەو هەنگاوانەش بدەین کە گۆڕان لە رابردودا بەناوی "ئاشتەوایی"ەوە، گرتیەبەر،گەرنا بەم شێوەیە ئەم بزوتنەوەیە بارو زیادەیە بۆ كۆمەڵگا...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن