589وتار

پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لاى هەولێرە یان بەغداد؟

6/16/2022 4:28:00 PM
چۆمان محەمەد


لەتازەترین لێدواندا وتەبێژی حکومەتی هەرێم بەئاشكرا رایدەگەیەنێت،"پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانى هەرێم، لای بەغدایە و لای ئێمە نیە". ئەم لێدوانە زۆر قسەهەڵدەگرێت بەڵام ئەوەی دەبێت بوترێت:

۱_خۆداماڵینی حكومەتی هەرێم لەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر فەرمانبەرانی لەپای چیی؟؟ئەدی هەر ئەم كابینەی حكومەت بوو لەدەستپێكدا كابینەكەدا پاشەكەوتی فەرمانبەرانی وەك قەرز لەسەر خۆی ئەژمار نەكرد لەچوارچیوەی 29 ملیارە دۆلار قەرزەکەدا، ئەم پاشگەزبونەوەیە دەبێت چی لەپشتیەوە هەبێت.

۲_خەڵک و موچەخۆران لەچاوەرێی ئەوەدابون بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەلایەک و بەرزبونەوە دۆلار بەرامبەر دراوى عێراقی، میكانیزمی دانەوەی پاشەكەوتی موچە پاشەكەتكراوەكان دابنرێت، جا بە مقاصەی پارەی ئاو كارەبا بێت، یا بە كردنەوەی حیسابی بانكی بێت، بەڵام بەم لێدوانەى وتەبێژەکەى نیەتی حكومەت دەردەخات كە مەبەست و نیازی بیرلێكردنەوەشی نیە لەدانەوەیی.

۳_حكومەتی عێراق دەرهەق بە فەرمانبەرانی خۆی دڵسۆزانە موچەدابەش دەكات، ئەمە ستایشی حكومەتی ناوەندى نیە لەسەر هەرێم، پاشان بەبێ ڕێکەوتنی هەرێم و ناوەند لەسەر پرسی نەوت و دارایی، باسكردنی پارەی پاشەكەوت بۆ حكومەتی عێراقی بابەتێكی نالۆژیكی بێ بنەمای گاڵتەئامێزە، چونکە عێراقیش بۆ ئەم پرسە قسەی هەیەو دەڵێت: ئێوەش لەساڵی 2014ەوە نەوت دەفرۆشن بێ گەرانەوەی سەنتێک بۆ عێراق.

٤_بەپێی یاساو رێنماییی و نەریتی بەڕێوەبردن، موچەی فەرمانبەران و خانەنیشینانی هەرێم، ئەركێك بوە لەئەستۆیی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی، چۆن دەكرێت ئەژماری بكەین لەسەر عێراق؟. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەرێم رازییە پرسی موچە فەرمانبەرانی و خانەنیشینی رادەستی ناوەند بكاتەوە؟، ئەم بۆچونە  لێدان و كەمكردنەوەنیە لەدەسەڵات و پێگەی هەرێم لە ناودەستوری عێراق بەرامبەر بەغداد؟؟.

٥_بەداخەوە دۆخێك دروست بوە، خواستەکان بەشێوەیەک دابەزیوە ئێستا موچەخۆران تەنها بیریان لاى ئەوەیە لە کاتى خۆیدا موچە وەربگرن، ئەگینا ئەو پرسە (موچە پاشەکەوتکراوەکان) و لێدوانەکەى وتەبێژى حکومەت، نەدەبو بە ئاسانى تێپەڕێت. چونکە ونكردنی مافی فەرمانبەرانە لەبەرداشی هەرێم و ناوەندا، نادادپەروەرییەکى ڕون و ئاشکرایە لە فەرمانبەران و موچەخۆران دەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن