81وتار

(بەبێ سلێمانییەکى ئارام و بەهێز بیر لە کوردستانێکى ئارام و بەهێز مەکەنەوە)

11/15/2023 11:35:00 AM
چۆمان محەمەد

(بەبێ سلێمانییەکى ئارام و بەهێز بیر لە کوردستانێکى ئارام و بەهێز مەکەنەوە)

دۆخی ئێستای بەڕێوەبردن و ئیدارەى سلێمانی بەچەشنێكە نەهیچ كەس ئیرەیى پێىدەبات نەهیچ كەسیش نکۆڵی لێى دەكات، قەیرانە جۆراوجۆرەکان بڕستی لەم شارە بڕیوە، خەڵکەكەی و قوربانیدان و شەهید و كیمیاباران و ئەنفال و رابردوی شایستەی ئەم واقیعە نین، نەبونی خزمەتگوزاری و ئیدارەیەكی باش و وێرانەیى رێگاوبان و قەیران لەدوای قەیران سیمای ئەم شارەیان داپۆشیوە،جوڵەی بازرگانی زۆر بەرتەسك بوەتەوە،ئەوەش دۆخی خوێندن و قوتابخانەكانە،بەهەمو مانایەك ئابڵوقەی سلێمانی دراوە، سەرباری فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنی لەڕویی دیپلۆماسی و سیاسی و حیزبیەوە، تەنها ململانێ و دەستبادانی ناوخۆی حیزبی دەبینین.

هەرچەندە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە و نابێت چالاكی جۆراوجۆری رۆشنبیری لێیببڕێت، بەڵام بۆ ساڵیادی بنیادنانی سلێمانی هەر ئەوەندە بەس نیە یادی هونەری و مێژویی و رۆشنبیری بكرێتەوە، چونکە ئەو شارە پیرۆز و تایبەتە لەبەردەم مەترسیى گەورەدایە، چەندین خاڵی گەورەو بەهێزو باشی تێدایە كە نادیدە گیراوەو بۆتە هۆی بەهێزی ئەم هەرێمی كوردستانە.

سلێمانی نەپیرۆزبایی دەوێت نە پیاهەڵدان و قسەی رەونەقدار، سلێمانی خەمخۆرودڵسۆزی پێویستە، سلێمانى پێویستى بەوەیە هەموان ململانێ بکەن بۆ کاراکردنەوەى جوڵەى بازرگانى و ددیپلۆماسى و خزمەتگوزارى، پێویستى بەوەیە ئیدارەکەى ببێت بە نمونەیەکى جوان و ئەوانى دیکە چاوى لێبکەن، تاوەكو متمانەی خەڵكەكەی بەدەست بهێنیت نەک وەک نمونەى شکتخوارد و ببینرێت.

سلێمانى، ئەو شارەیە دەبێت نازى هەڵبگریت وكارو خزمەتی بكرێت و شانازى پێوە بکەیت، دەبێت ئاگات لێى بێت و خزمەتگوزارى پێشکەش بکەیت، ئەگینا خاوەنى وزەیەکە پشت لە هەر لایەک بکات، ئەو لایە هەرگیز ناتوانێت بە ئارامى بنوێت سەرئەنجام لاوازی دەكات، بۆیە بەهێزی و ئارامى هەرێم بەندە بە ئارامی و بەهێزی سلێمانییەوە، هەتا سلێمانى بەهێزو ئارام نەبێت، ناتوانیت بیر لە کوردستانێکى ئارام وكاریگەۆ
بکەیتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن