690وتار

‎مەترسییەكانی قەوارەی هەرێم لەنێوان ڕاستی و بەلاڕێدان و چەواشەكاریدا

5/30/2022 11:58:00 AM
چۆمان محەمەد


‎مەترسییەكانی سەرقەوارەی هەرێمی كوردستان، پرسێکە بەردەوام ئامادەی هەبوە، بەڵام لەدوای ریفراندۆمەوە بەبەردەوامی وەك زەنگێك لێدەدرێت، بەرێز (بلاسخارت) نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكانیش لەعێراق، زیاد لەجارێك و لەچەند دیدارێكدا باسی هەرەشەومەرسییەكانی سەر هەرێم دەكات. باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقیش دیسان جەخت دەكاتەوە لەبونی مەترسی بۆسەر هەرێم، لەناوخۆیی هەرێمیشدا كەم نین ئەوانەی باسی ئەو مەترسیانەیان کردووە، لەرابردودا یەكێتی و پارتی زۆر سودیان لەم دەستەواژەیە وەرگرتوە بۆ جێبەجێكردنی هەر خواست و جوڵەیەك كردبێتیان لەروی سیاسەت و حكومرانى. رایەكیش هەیە پێیان وایە هەرەشە لەسەر قەوارەی هەرێم نیە. چونکە قەوارەكە بەپێی دەستوری عێراق دانێدانراو و پارێزراوە، بەڵکو ئەوەى هەرەشەبێت تەنها لەسەر یەكێتی و پارتیە هەربۆیە ئەم ئاراستە واى دەبینن كەقسەكانی بلاسخارت راست نیە تەنها لە خزمەتی حزبی حاكمی هەرێمدایە.

‎ئێمە وایدەبینین دۆخی ئیستای هەرێمی كوردستان زۆر جیاوازە و بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەڵەو پەرتەوازەیى هێزە سیاسییەكان و نەبونی دیدگاو بەرنامەی نیشتیمانی و ستراتیژی و بێخەمیان بەرامبەر قەیران و دۆخی خراپی هاوڵاتییان ململانێ و رێكنەكەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندى و پیشاندانی وێنەیەكی ناشرینی حكومرانی و رێزنەگرتنی مافی مرۆڤ و سەروەرنەبونی یاسا و بەحیزبی كردنی كۆی كایەكانی کۆمەڵگا لەبەرامبەر وڵاتانی دنیا و نەتەوەیەكگرتوەكان، هەرێمی كوردستانی بردۆتەوە قۆناغێكی لەپێشتری مەترسییەكان كەهەمیشە هاوڵاتیان و خەڵكی هەرێم قوربانی و زەرەرمەندی مەترسییەكانن، سەرباری ئەوەی هەرێم لەڕوی جوگرافی سیاسییەوە و لەروی سەرچاوەی و زەوئارامی ناوچەكە تائێستاش بۆ ئەمەریكا و نەتەوەیەكگرتوەكان گرنگە. بۆیە دەكرێت لەڕوی پلەبەندی وجۆری مەترسییەكان زۆر بەكورتی و بەبێ چونە ناوەرۆك و شرۆڤەی ئاماژە بەچەند مەترسییەك بدرێت كە گرنگترینیان:

‎یەكەم- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
‎رۆژ بەدوای رۆژ پێگە و ناوبانگی ئەم هەرێمە لاوازتر دەبێت، پشتگیری نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان و لایەنی دیبلۆماسی بەتایبەت ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپا لەرابردوو چەندە گرنگ بوە بۆپاراستنی قەوارەكە و ئارامی و ئاسایشی ئیستاش گرنگی یەكجار گەورەی هەیە. چونکە وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هاوكاری لۆجستی و راهێنان و دارایی ئەم هەرێمەو هیزەكانی پێشمەرگەیان كردوە، بۆیە ناكرێت هەروا بەسانایی ئەم بابەتە وەربگیرێت،لاوازبونی پەیوەندی و پشتگیری دبلۆماسی، مەترسییەكان گەورەتر و زیاتر دەكات لەباری دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش كەناوبەناو چالاكی دەكەن لەسنورەكانی هەرێم، كەلەئێستادا توندترو زبرتر قسەلەسەر هەرێمی كوردستان دەكەن.

‎دووەم- لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم
‎بێ هیوای و بێزاری خەڵك بەرامبەر بەدەسەڵات و حیزبەكان لە لوتكەدایە، بێ باكی و كەمتەرخەمی و ئەنجامنەدانی چاكسازی راستەقینە، بونى دو زۆنى و بێ سەروبەرى لە کارکردن و ئیدارەدان، دەستوەردانى حیزبى و ناشەفافى داهات و سەروەرنەبونى دادگا و باڵادەستى کۆمپانیاکانى حیزب و بێ بازاڕى و بێکارى.. ئەمانە گەورەترین مەترسین لەسەر ئاستى ناوخۆیى.

‎سێەم- لەسەر ئاستی حكومەتی عێراق
‎هەرچەندە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە حكومەتی فیدراڵی، بەڵام قوڵبونەوەی كێشەكان و نەمانی گفتوگۆ و ديالۆگ بۆچارەسەركردنی كیشەهەڵواسراوەكان لەگەڵ عێراق و بەردەوامیدان بەو سیاسەتەى ئێستا، توشى کێشە و مەترسى دەکات، باشتر بوو دەسەڵاتدارانى هەرێم لەجیاتى دوژمنایەتى لەگەڵ حکومەتى ناوەندى، بەغدادیان بکردایەتى قوڵایى ستراتیژى، لە جیاتى قوڵکردنەوەى کێشەکان سودیان لە سەروەرى و ئابورى عێراق وەربگرتایە لە پێناوە باشترکردنى ژیانى خەڵک.

‎چوارەم- لەسەر ئاستی هەرێمى
‎هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ و بەشێك لەوڵاتانی كەنداو زۆر گرنگە، چونکە بەرژەوەندی سیاسي و ئابوری گەورەیان هەیە، دابەشبونە ناوخۆییەكان بەسەر ئەم ئاراستانە مەترسی جدین بۆ داهاتوو، هەرچەندە لەواقیعدا ئەم دابەشبونانە خاڵی بەهێزی مانەوەی حیزبی حاكم بوە، بەڵام لەبەرامبەردا بەردەوام بۆتە هۆی لاوازی پێگەی هەرێم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن