1233وتار

گرنگی هەڵبژاردنی عێراق بۆ كورد و كاریگەری بەشداری هاوڵاتیان

9/19/2021 2:24:00 PM
چۆمان محەمەد

هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، گرنگی گەورەی بۆ كوردو هەرێمی كوردستان هەیە، چونکە بەهۆی فشارو ناڕەزای هاولاتیان و باردۆخی نێوخۆیى و ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا، عێراق لە ژانی گۆرانکاری گەورەدایە. دەبێت بزانین دوای هەڵبژاردن زۆر هاوكێشە و باڵانسی هێز دەگۆرێت، بۆیە گرنگە بەهەموو توانامان هەوڵی بەشداری هەڵبژاردن بکەین، نوێنەری راستەقینەی خۆمان دیاری بكەین و پلان وبەرنامەیەكی یەك و یەکگرتوومان هەبێت بۆهەموو دۆخە نەخوازراوەكان.

ئەم هەڵبژاردنە ئامڕازە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو ماف و ئازادیە دەستوریانەی دراوە بەهاوڵاتیان و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، رێگایەكى ئامادەکارییە بۆ ربەروبونەوەی هەموو ئەو مەترسی و جوڵانەی هەیە بۆ پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و دەسەڵات و مافەكانی هەرێمی كوردستان.

‎هەڵبژاردن گرنگە بۆ كورد، چونکە لەدوای پێكهاتتی خولی  نوێى ئەنجومەنى نوێنەران، چەند پرۆژە یاسایەك هەیە پەیوەندیان بە قوت و بژێوی هاوڵاتیان هەیە لەنمونەی یاسای بودجە و پرۆژە یاسای شایستە داراییەكانی پارێزگاكان و پرۆژە یاسای نەوت و گاز، بۆیە گرنگە نوێنەری دڵسۆزمان هەبێت بۆ ئەو پرسانەی دوای هەڵبژاردن، چونکە ناردنی بودجە و پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەروازەی چارەسەری كیشەی داراییە لە هەرێم.

‎هەڵبژاردن یەكجار گرنگە بۆ گێرانەوەی قورسایی سەنگی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر بەغدا كە لەمێژە دۆخمان و قورساییمان لەشانۆی سیاسی كەمبۆتەوە.

‎ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ دروستكردنی بنەمایەكی یاسای و دەستوری و دامەزراوەییە لە نێوان حكومەتی هەرێم وحكومەتی ناوەندى کە لە رابردوو پەیوەندییەكان كەسی و خێزانی وحزبی و بەرژەوەندی خوازانەبوە.

‎ئەم هەلبژاردنە بۆ كورد زۆر گرنگە بۆ دۆزینەوەی میكانیزم و چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و ناوەند لەنمونەی كێشەی موچە و بودجە و پێشمەرگە و خاك و زۆر پرسی تر.

‎ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوە بەئاراستەی کۆتایی پێهێنانی ئەو دۆخە ناهەموارەی بەسەرناوچەكانی كەركوکدا هاتوە، چونکە بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی بۆ كورد راستەوخۆ پێدانەوەی چانسی پارێزگاری كەركوك و یەكە ئیداری و سەربازییەكانە بە كورد لەكەركوكدا کە لەرابردودا لە لای كورد بوە بۆیە  هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەركێكی نیشتیمانیە و پێویستە هەمومان بەژداری  بكەین.

‎گرنگی بەشداری هاولاتیان لە هەڵبژاردن
‎وەك بنەمایەكی گشتی بەشداری هەڵبژاردن وەك مافێكی دەستوری و سیاسی  مومارەسەكردنی زۆر پێویستە، دەنگدانی هاوڵاتیان قورسایى دەداتە پرۆسەكە، شەرعیەت و رەوایەتی بەهێزتر دەكات بۆدامەزراوە هەڵبژێراوەكان، تارێژەی بەشداری هاوڵاتیان زیاتر بێت بێت چانسی ساختەكاری کەمتر دەبێت، لەگەڵیدا كلتور و پاشخانی رۆشنبیری هەڵبژاردن لای هاوڵاتیان زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە تاك ودەنگدەر بە كەم سەیری دەنگدان نەكات. ئامانجی هێزە دەسەڵاتدارەكان بێ هیواكردنی خەڵكە لە دەنگدان، خستنە سەرپێی هەڵبژاردن بۆئەوەی گۆرانكاری دروست بكات پشودرێژی دەوێت و قۆناغ بەقۆناغ دروست دەبێت.

 ئەم هەڵبژاردنە بۆ دیاریكردنی كاندیدی دڵسۆزە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی شەری مافە دەستوری و نەتەوەییەكان بكەن، هەمومان گلەیی و ناڕازین لە ئەدای حكومەتی هەرێم و هیزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، بەڵام ناكرێت تسلیمی ئیرادەی ئەوان ببین و نەچینە سەرسندوقی دەنگدان، ئەگەر رێژەی دەنگدان بەرز بێت حزبی سیاسی ناچار دەبێت هەمیشە لە خەمی سندوقەكانی دەنگدان بێت و پشت ئەستور بێت بەرەزامەندی خەلك، ئەگەر نەچینە سەرسندوقی دەنگدان و بایكۆت هەڵبژێرین راستەوخۆ رۆڵمان دەبێت لە دیاریكردنی نوینەری حزبی و كەمتەرخەم ودواتر مافی گلەی و رەخنەمان نابێت لێیان، بەتایبەت كورسییەكانی هەرێم جێگیرە، ئەگەر رێژەی دەنگدانیش كەم بێت كاندیدەكان بەئاسانی دەردەچن، بۆیە پێویستە بەشداربن لەهەڵبژاردن لەدیایكردنی كاندیدی دڵخوازی خۆیان رۆڵیان هەبێت، بەڵام نەچونە سەرسندوقەكانی دەنگدان لە ناوچە جێناكۆكەكان مەترسی لەدەستدانی كورسیمان هەیە لەوناوچانە كەزیانی گەورەی دەبێت بۆداهاتوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن