237وتار

رێنماییەکەى وەزارەتى رۆشنبیرى لافى ئازادى ڕادەربڕین هەڵدەوەشێنێتەوە

6/18/2023 1:34:00 PM
چۆمان محەمەد

زۆر جار لە دیدار و کۆنفرانس و چاوپێکەوتنەکانیان بەرپرسانى حکومەت جەخت لە ئازادى رادەربڕین و ئازادى کارى میدیایى دەکەن، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنماییەكی دەركردوە کە بە ڕێنمایی ژمارە (1) ساڵى 2023 ناسراوە و تایبەتە بە (كاری میدیای لە هەرێمی كوردستان)، رۆژی 23 ی ئایاری2023 لە وەقائیعی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، هەموو ئەو دروشمانە بەتاڵ دەکاتەوە کە لافى ئازادى کارى میدیایى پێ لێدەدرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

بەسەرنجدان لەناوەرۆكی ڕێنماییەكە كە خۆیی لە 17 ماددەدا دەبینێتەوە، زیاتر بە ئاراستەى كۆنترۆڵكردنی میدیا و سنوردانان و کۆت و بەندکردنی ئازادی کاری میدیایە لەهەرێمدا، ئەم ڕێنمایانە رەچاویی یاسای ژمارە 35 ساڵى 2007ى نەكردوە كە یاسای كاری رۆژنامەوانییە و یاسایی دایكە بۆ كۆیی كاری مییدیا و رۆژنامەوانى لە هەرێم، لە زۆر بڕگەو بابەتدا ئەم رێنمایە شوێنی یاساییی گرتۆتەوە كە دەبوو بەپێی یاسا رێكبخرێت، بەتایبەت لە بابەتی رەسم و بابەتی سزادانان و سنورداركردن و كۆتی ئازادی و ماف، چونکە بەپێی بنەمایەكی دەستوری عێراق بێت، بەشكردن لەماف و رێكخستنی تەنها بە یاسا دەبێت، كاتێك رێنماییەكە دەخوێنیتەوە ئەوەندەی بۆ چاودێریكردنی و بە ئەمنیكردنی دەزگای میدیاییە ئەوەندە بۆ ڕێكخستن و دیاریكردنی بەرپرسیاریەتی نیە.

 لەكاتێكدا لە هەموو دنیادا میدیا دەسەلاتی چوارەمە و چاودێرە بەسەر دەسەڵاتەكانی دیکەوە، بەڵام ئەم بەرێزانە دەیانەوێت ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بكەنەوە، دەرباری ئەوەی كە پرسی مۆڵەتدانی خزاندۆتە ناو رێنماییەكە پاش وەرگرتنی رەزمەندی وەزارەتی ناوخۆ. لێرەدا ئەمەش دیسان دەرخەری ئەو هەوڵە ئەمنیەیە كە لەم كابینەیەی حكومەتدا پەیرەو كراوە بەوەی هەم مەركەزیەتی زیاترو بارگرانی دارایی، هەم بەهەستیاری كردنی پرسەكانی ئازادی رادەربرین.

ئەم ڕێنمایە  سەرباری ئەوەی كەموكوری یاسایی زۆری تێدایە  گەر جێبەجی بكرێت پاشەكشێی راستەقینە دەبینن لە هەرێمی كوردستان لە بابەتی میدیا و ئازادی رادەربڕین كە ئەمەش دیسان دەبێتە پەڵەیەكی رەش بۆ ناو پێگەی هەرێم، لای وڵاتانی ئەمەریكاو ئەوروپا بەتایبەت لە ئێستادا گلەیی و رەخنەی جدیمان لەسەرە، بەداخەوە ئەم پرسە لای میدیاكاران و دەزگا مییدیایەكان نەبوە بابەتێكی هەستیارومەترسیدارو جێی بایەخ.

ئیمە راستە رۆژنامەنوس و راگەیانكار نین و كەسانی یاسایی و سیاسین، بۆیە هەرگیز لەگەڵ پاشاگەردانی و حساب بۆ نەكردنی یاسا و خۆدزینەوە لەبەرپرسیاریەتی میدیادا نین، بەڵام بە پێوەری نێودەوڵەتی و پێودانگی یاساییی  گونجاو بۆ رێكخستنی پرسەكەو ئاسانکاری زیاتر و فراوانكردنی پانتایی ئازادی رادەربرین بێت.

پێویستە سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و تیمە وزارییەکانى هەسێ لایەنى پارتى و یەکێتى و گۆڕان، بەچاوێكی دور لەحیزبی بڕواننە ئەم رێنماییە كە ئەستەمیشە وابكەن، دەبێت بزانن ئایا ئەم رێنماییە چەندە لەگەڵ ئەو دروشم و بەرنامەیەی حكومەتدایە کە لافى ئازادى و کارى رۆژنامەوانى لێدەدات.


هیوادارم ئەم ڕێنماییە بەر لەهەنگاونانی كرداری هەڵبوەشێنرێتەوە یاخود گۆرانكاری ریشەی تێدا بكرێت بە راوێژ لەگەل سەندیكای رۆژنامەنوسان و خەڵكانی دڵسۆز و تایبەتمەند ئەوەشی بەیاسا ریكدەخرێت پرۆژە یاسایی بۆ ئامادەبكرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن