چارەنوسی ٤٠٠ ملیارەكەی بەغداد لەبەرداشی ململانێی حیزبیدا
12/14/2022 6:29:00 PM
چۆمان محەمەد
ئێستا حكومەتی عێراق بڕیاریداوە
بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم، بڕیارەكە نە دەستكەوتە نە كارێكی هێندە گەورەیە
ئەمە لانیكەمی ئەركی حكومەتە بۆبەدەستهێنانی مافەكانی فەرمانبەران، بۆیە پێویست بە
موزایەدەو چەواشەكاری ناكات.
بەدرێژای ئەم كابینەی
حكومەت بەرنامەو نەهجێك پەیرەوكراوە، ئەویش ئەوەیەهەر كار و بریارێكی حكومەت دژی خەڵك
و لە زیانی هاوڵاتی بوبێت و بوبێتە هۆی مایەی ڕەخنە، بەرپرسیاریەتیان دابەشكردوە، بەوەی
یەكێتی و گۆرانیش لەتەنیشت پارتیەوە بریارەكەیان دەركردوەو دەستە جەمعیە.
بەڵام هەرچی جوڵە و كار
و بڕیارێك هەر وەزیرێك یاخود تیمی حكومەت ئەنجامی دابێت بۆ سودی خەڵك و ڕوی باشی هەبوو
بێت، پارتی بەپلەی ئیمتیاز كردویەتە دەستكەوتی حیزبەكەی و سەرۆكی حكومەت، بۆ ئەم بڕە
پارەیەش هەروا مامەڵەیان كرد، هەر ئەمەش وایكردوە یەكێتی و گۆرانیش مشوری جوڵە و هەوڵەكانی
خۆیان بخۆن و بەهەدەر نەڕوات، كە لەكاتێكدا ئەم موزایەدە و فرۆشتنەوەی كارەكان بەخەڵك
زیادەیە و پێویست ناكات.
ئێستاش كە بەغداد بریاریداوە
ئەم بڕە پارە بنێرێت، ترسی راستەقینە بونی هەیە دیزەبەدەرخۆنە بكرێت و نەزانرێت چی
بەسەردێت چونکە ئەزمونمان هەیە و مارانگەزیین وەك كوردەواری دەیڵێت..
بۆیە تاكە هەڵوێستێكی
مەردانەو دڵسۆزانە ئەوەیە پێش كۆتایی ساڵی ۲٠۲۲ موچەی مانگی۱۲ بەهەر چەشنێك بێت دابەشبكرێت وەك چۆن خۆیان دەڵێن ئەولەویەتمان بۆ موچەیە،
گەر حكومەت مەبەست و نیەتیان نەبێ موچەی مانگی ۱۲ بدەن، هۆكار و پاساوی ریزكراوی ئامادەكراویان هەیە كە بڵێن قەرزی پێدەدەینەوە
یان بۆ پرۆژەی ترمانە یاخود بۆ پێداویستی حكومەتی پێدابین دەكەین، بۆیە بابەتەكە بەلارێدا
مەبەن و ململانێی حیزبی بێ مانا دروست مەكەن وەك دەستكەوت بەخەڵكی بفرۆشن، پەلە بكەن
موچەی مانگی ۱۲ بدەنە فەرمانبەران.