كۆنفرانس بەتەنها، دڵە رەنجاوەکان ئاشت ناکاتەوە
1/17/2022 8:14:00 PM
چۆمان محەمەد
شكستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بۆ گۆڕان زۆر كاریگەر بوو، گۆڕان بەبارتەقای ئەو شكستە پێویستی بە هەنگاوی گەورەو گۆرانكاری ریشەیی و رادیكاڵی و نەشتەرگەری هەیە، بەڵام تائەمڕۆ هیچ لەو كارانەمان نەكردوە کە وەڵامدەرەوەى ئەو شکستەبێت لە کاتێکدا زۆر بڕیار و هەنگاو هەبوو بینێین.
لەئێستادا وەک گۆڕان بڕیار دراوە كۆنفراسی نیشتیمانی ئەنجام بدات، بەڵام وای دەبینم كۆنفراسی نیشتیمانی عەسای سیحری نیە تا گۆران بخاتە قۆناغێكی نوێ و هیواو ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵچنرێت بەم دۆخەی ئێستا، ئەم قسانەمان مانای ئەوەنیە دژی ئەنجامدانی كۆنفراس بین، ئەو کارە لای گۆران و هەموو حزبەكان رێکارێكی حزبی تەواو ناوخۆییە پێویستەبەپێ یاساوپەیرەوی ناخۆكانیان چوار ساڵ جارێك ببەسترێت رەنگە ئێمە لەوەدا دواش کەوتبین، كە بۆ گۆران ماوەیەکی زۆر بەسەر كاتەكەیدا تێپەریوە، پێشتریش چەند بڕیارێكی جڤاتی نیشتمانیش بونی هەبوە بۆ كۆنفراس، هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەنجامنەدانی، بەڵام بۆ قۆناغی هەستانەوەو دەستپێكی قۆناغێكی نوێ و گەرانەوەی متمانەو پاڵپشتی هاوڵاتیان، پێویستمان بە چارەسەركردنی ئەو هۆكارانە هەیە كە هاوڵاتی و دەنگدەر پێى سزای داوین، خەڵك ئێستا بزوتنەوەكەیان تێپەراندوە، ئەم هاوكێشەیە كاری ئازایانەو ژیرانەو جوڵەی سیاسی راستگۆیانە و بوێرى و قوربانى دەوێ، من بەش بە حاڵى خۆم ئەگەرهەر قوربانییەک هەبێت بیدەم بۆ چاککردنەوەى دۆخەکە و زیندو هێشتنەوەى گۆڕان، ئامادەم بیدەم.
بۆیە بە راستگۆییەوە دەتوانم بڵێم، راستكردنەوەی باری لاری گۆران كۆمەڵێک هەنگاو و بڕیارو تەحەدای دەوێت كە دەكرێت كۆتا خاڵیان كۆنفرانس بێت، چونکە كۆنفراس لای گۆڕان مانا و واتاكەی تەواو جیاوازە لە حزبەكانی تر، چونکە نە هەڵبژاردنی تێدا دەكرێت نە سەرکردایەتی و بەڕێوەبەرانی حزبی تیا هەڵدەبژێرێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەركی كۆنفرانسی نیشتیمانی لای ئەم هێزە، هەمواركردنەوەی دەستور و بەرنامەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی ئۆرگانەكانە، كە هیچ كام لەم پرسانە لە رابردوو لای خەڵك هۆكاری دەنگ پێنەدان نەبوە بە گۆڕان، واتا خەڵک کێشەى لەگەڵ جەرائەتی سیاسى و بڕیارى سیاسى گۆڕان هەبووە، کێشەى لەگەڵ گوتارى گۆڕان هەبووە بۆ حکومەت و پەرلەمان. بۆیە سزاى داوە.
گرفتی ئێمە نەبونی هەڵوێستی راشكاو و دوركەوتنەوە لە خەڵك و خەمی گشتی و نزیكی هێزی دەسەڵات بوە، رونتر بڵێن نەبونی هەڵوێست و كرداری جیاوازبوە لە هێزەكانی دەسەڵات، كە نوقتەی قوەتی گۆران لە رابردوو جیاوازیبونی بوە،بۆیە بەبێ دروستكردنەوەی سەرچاوەی یەك بڕیاری و ئامادەكاری بۆ گۆرانكاری لە هەڵوێست و گوتاری سیاسی و جوڵەی رادیكاڵی و پێداچونەوە بە رێککەوتن و هاوپەیمانیەتییەكان و هێنانەپێشەوەی دەموچاوی نوێي خۆشەویستی ناو خەڵك و ئەو هۆكاری شكستانە بنبڕ نەكەین، سەرباری ئەوەی درێژە دەدرێت بەو دۆخەی كە دوای (10ى 10) دروست بوە، كۆنفرانسێكی روكەشی بێكاریگەر دەبێت. پرۆسەی هەستانەوە و بەخۆداچونەوەش درەنگتر و دواتر دەخات.
لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم، ئێمە بەر لەوەى بچینە کۆنفرانس دەبێت پرسیارێک لە خۆمان بکەین، ئایا ئێمە بەجدى دەمانەوێت هەڵەکان راستکەینەوە و جەماوەرى توڕە لە خۆمان ئاشت بکەینەوە یان نا، ئەگەر دەمانەوێت ئەوە بکەین ئەوا کۆنفرانس رێگە چارەسەرە راستەقینەكە نیە،سەرباری ئامادەییمان بۆ ھەر ھاوکاری و کارئاسنییەک و جێبەجێکردنی کارەکان، لەپێناو بەرێوەچون و ئەنجامدانی ئەو كۆنفرانسەش، هیوادارم ئەم رایە وەك دۆزینەوەی لەمپەر بۆ كۆنفرانسەكە لێك نەدرێتەوە..