153وتار

چارەنوسی هەڵبژاردن و قەوارەیی هەرێم دوای دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان!!

8/7/2023 9:33:00 PM
چۆمان محەمەد


‎رۆژى (3/8/2023)، بەرێز (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك ئەركێكی یاسایی، بەمەرسومێك بەرواری (25ى شوباتى 2024)ى دیاریکرد وەك رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەمە سێەم مەرسومە بۆ ئەم بابەتە.

‎هەرێمی كوردستان پێویستی گەورەی بەم هەڵبژاردنە هەیە، چونکە ئێستا لەكوردستاندا پەرلەمان بونی نەماوە وەك پایەیەكی سەرەكی حكومرانی، حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم هیچ چاودێریان لەسەر نیە، فشاری نێودەوڵەتی بەردەوامی هەیە، دەسەڵات هیچ شەرعیەت و ڕەوایەتی نەماوە، ئەوە جگە لە فشارەکانى بەغداد بەشێوەیەکى بەردەوام، بۆیە هیچ چارێكمان نەماوە ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەیەكی دیاریكراودا ئەنجام نەدرێت قەوارەی هەرێم زیاتر دەكەوێتە مەترسییەوەو باری لاری هەرێم قورستر دەبێت، چونكە بژاردەو بەدیلەكانی ئەنجامنەدان و دواخستنی هەڵبژاردن چارەنوسێكی باشی نیە، هیچ هێزیكی سیاسی دژی دیایكردنی كاتی هەڵبژاردن نەبوە، بەڵام دەبوو سەرۆكایەتی هەرێم هەوڵبدات رێگری و ناكۆكییەكان نەهێڵێت لەنێوان لایەنە سیاسییەكان كەگرنگترین ڕێگریەكان بریتین لە:

‎۱_ هۆكارەكانی دواخستنی هەڵبژاردن وململانێ نێوان حیزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی بۆ یاساییی هەڵبژاردن تا ئیستاش ئامادەیی هەیە و چارەنەكراوە، ئایا چۆن دەكرێن بەبێ رێكەوتنی سیاسی ئەم ناكۆكی وجیاوازیانە چارەبكرێت كە دەبنە گرفت بۆ پرۆسەكە.

‎۲_كۆمیسیۆنی عێراق كە بریارەو دەبێت سەرپەرشتی بكات لە ۷/۱/۲٠۲٤ ماوەی یاسایی ئەنجومەن تەواو دەبێت، گەر گرەنتی لایەنە عێراقییەكان وەرنەگیرابێت بۆ زو چارەكردنی ماوەی یاسایی كۆمیسیۆنەكەی عێراق، كیشەیی یاسایی دروست دەبێت بۆ پرۆسەكە.

‎۳_تۆماركردنی دوو سكاڵای یەكێتی و سكالایەكی ترە لەسەر یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئەم سكاڵایانە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پرۆسەكە دەبێت، بۆیە گەر بەزویییی ئەم پرسە چارە نەكرێت دۆخی هەڵبژاردن و پەیوەندی نیوان یەكێتی و پارتیی ئاڵۆزتر دەكات.

‎لەكۆتایدا گەر حیزبەكان لەخەمییی مانەوەی قەوارەیی هەرێمن و دەیانەوێت دوو ئیدارەییی و زۆر دۆخی خراپی تر بەسەر ئەم هەرێمە نەیەت و واقیعێك نەیەتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان هەر رونەدات و چیتر كوردستان بێ پەرمان نەبینین، زۆر پێویستە و هیچ چارێكمان نیە دەبێت رێكەوتن روبدات لەنێوان لایەنە سیاسیەكان بكرێت سازش و تنازولات بۆ یەك بكەن هەرچی زوە هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامبدرێت جا هەر حیزبێك بە پاساوی خراپى دۆخی خۆیی لای میللەت ناچێتە ژێر باری هەڵبژاردن هەڵەی گەورە دەكات و هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی باجەكەی دەدەن كە هەرگیز تەمەنایی ئەوە ناكەین بۆ كوردستان.

‎جگە لە هەموو ئەمانە، چاوى دونیا بەتایبەت وڵاتە ئەوروپییەکان لەسەر هەرێمى کوردستانە لەڕوى جێبەجێکردنى دیموکراسییەت و هەڵبژاردن، بەشێک لە هاوکارییەکانیان بۆ پێشخستنى ئەو بابەتەیە، بۆیە ئەگەر لەو ڕوەوە هەرێم شکست بهێنێت دور نیە، هاوکارییەکانیان کۆتایى بێت و چیتر هاوکارى هەرێم نەکەن، چونکە ئەو وڵاتانە زۆر پشودرێژبوون لەگەڵ هەرێم و دەیانجار لەو بارەیەوە هۆشداریان پێداوین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن