512وتار

رێككەوتن و هاوكاری یان تەسلیم بوون ؟

2/14/2019 11:36:00 AM
ئاریز عەبدوڵا

رێككەوتن و هاوكاری نێوان یەكێتی و پارتی یان ئەو دوو حزبە و حزبەكانی تر بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆكان دەركەوت كە پارتی نایەوێ لە پێناوی هاوكاریكردن و بەیەكەوە بەرێوەبردنی وڵات لەگەڵ هیچ لایەنێك رێك بكەوێ، ئەمە لەلایەك و لە لایەكی دیكەش نەیتوانی لەماوەی یاسایی بەبێ یەكێتی حكومەت پێك بێنێ.

كەواتە بەپێی یاسا دەبوو پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بكا تاكو هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدا.

بەپێی مەسئولیەتی سیاسیش دەبوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بە هەر نرخێك بوایە رێك بكەوێ، بەڵام بەداخەوە.

لەجیاتی ئەوەی كە ئەمڕۆ حزبی یەكەمە دەبوو سینگی فراوانتر و مێشكی كراوەتر و مەیدانی گەورەتركردبا، دەیەوێ بە شێوازی خۆی چی دەوێ ئەوە بسەپێنێ.

كاتێك مرۆڤ بیر لە دیدی پارتی دەكاتەوە كە دەڵێ هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان و بەغدا سێ دۆسیەی لێك جیاوازن تێ دەگا كە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن لە پێناوی ھەڵومەرجێكی باشتر نیە، بەڵكو دەیەوێ لایەنەكان تەسلیم بن و برا گەورەیی لێ قبول بكەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی بۆچوونی جیاواز و بەرژەوەندی ئەوانەی تر بكا.

ئەمڕۆ ئۆباڵی سەرشانی پارتی گەورەیە ئەگەر بەراستی نەیەتە مەیدان ئەوا بارودۆخەكە بە ئاقارێكدا دەڕوا كە كەس هیوای بۆ ناخوازێ.

هەر رێككەوتنێكش بەو پێداگرییەی ئێستای پارتی بكرێ تەنانەت ئەگەر حكومەتیش پێك بهێندرێ ئەوا هەرگیز قەیران و كێشەكان چارەسەر ناكات، بۆیە باشتر وایە پارتی و یەكێتی و ئەوانی تریش بیر لە رێككەوتنێكی تری پێویست بۆ خەڵكی كوردستان بكەینەوە نەك سەپاندنی سیاسەت و ئیرادەی تاقە لایەن كە ئەزموون لە مەیداندا شكستەكەی نیشانداوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن