529وتار

حکومەتی هەرێم لە نێوان رووخان و چاکسازیدا! (سێیەم- پەرلەمان)

12/9/2020 12:35:00 PM
ئاریز عەبدوڵا



یەکێک لە دامەزراوە نیشتیمانییە گرنگەکان پەرلەمانە. پەرلەمانی راستەقینە چەتری دیموکراسی، ئازادی، ئاشتی و پێکەوە ژیانە و خودی خۆشی زادەی دیموکراسیە، بەڵام لە وڵاتە دیکتاتۆری، تۆتالیتاری و دوا کەوتووەکان پەرلەمان هەمیشە وەک کەرەستەی پڕوپاگەندە و مۆر لێدەری کارو کردەوە بەجێ و نابەجێ کانی دەسەڵاتن.

پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە و حزبی جۆراو جۆریشی تێدان، کەواتە جۆراو جۆریەکەی خاڵی بەهێزن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو دامەزراوە نیشتیمانییە نەیتوانیوە ئەرک و ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی وەک پێویست بگێڕێ. واتە پەڕلەمانەکەمان گرنگە و کاری زۆر گەورە و باشیش دەکا، بەڵام لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی سەرشانی بەتایبەت لە بواری چاودێریکردندا مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە.

پەرلەمان سێ ئەرکی گرنگی لەسەر شانن:
١- یاسا دانان. 
لەو بوارەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە.
٢- پەسەند کردنی بودجە.
بەداخەوە چەندین ساڵە نە گفتوگو و نە پەسەندی دەکا. (حکومەت هەڕەمەکی داهاتەکانی بەبێ یاسا خەرج دەکا!)

٣- چاودێریکردن.
کۆمسیۆن و پەرلەمانتاران لەو بوارەشدا ئەسپی خۆیان تاودەدەن، بەڵام کاریگەریان تەنیا لەسەر کاروباری کارگێڕیی و کێشە لاوەکیەکانی هاوڵاتیان هەیە. کەچی، بابەت و بوارە گرنگ و ستراتیژیەکان هەمیشە لەو دیو دەرگا داخراوەکانەوە لەلایەن حکومەتەوە بەبێ باکی بەڕێوە دەبرێن!
 ئەگەر پەرلەمان خاوەنی هێز و دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی بێ ئەوا ناکرێ هیچ بوارێک لە بوارەکانی حکومەت دوور لە چاوی پەرلەمان بەڕێوە ببرێن.
کاتێک ئێمە لە ئەرک و مافەکانی پەرلەمان ورد دەبینەوە، دەبینین تا ئێستا:
- نەیتوانیوە لە رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا رۆڵێکی کارا بگێڕێ!
- نەیتوانیوە زانیاری تەواو لەبارەی داهاتەکان وەدەست بخات!
- نەیتوانیوە زانیاری لەسەر هەندێ بابەتی گرنگی وەک رێککەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێم و تورکیا وەدەست بێنێ، لە کاتێکدا دەبوو ئەو رێککەوتنە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرابایە، چونکە بابەتێکی ستراتیژی گرنگە!
- نەیتوانیوە سنورێک بۆ زێدەڕۆیی و داگیرکاری زەوی و زاری گشتی دابنێ!
- نەیتوانیوە وەزیرێک بگۆڕێ یان بەرپرسێکی باڵا رووبەرووی سزا بکاتەوە. ئایا وڵاتی ئێمە شامی شەریفە!
زۆر بە کورتی، گەندەڵی ئەو دیاردە ترسناکەیە کە هەموو کەسێک هەستی پێ دەکا، کەچی بەهۆی تۆڕە مافیاییەکان پەرلەمان نەیتوانیوە رووبەڕووی ببێتەوە.
بوونی ئاراستەی سیاسی جیاواز، ئایدۆلۆژیا و بۆچوونی جیاواز لەناو پەرلەمان کارێکی پیرۆز و ئاساییە و ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازیانەش لە دارشتنی یاسا و رێساکان گرنگە. واتە ململانێی سیاسی و هزری لە ناو پەرلەمان زیندویێتی و نوێنەرایەتی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک دەردەخا، بەڵام ناکرێ لەسەر  رووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی و بەدوا داچوونی کارەکان ململانێ هەبێ، چونکە گەندەڵییە دارایی و کارگێڕییەکان بە بچوک و گەورەیانەوە نایاسایین چاو لێپۆشینیان پاساو هەڵنەگرن.

ئەگەر پەرلەمان رۆڵی خۆی بگێڕێ و تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ بکا، ئەوا دەسەڵات لە روخان دەپارێزێ و متمانەی نێوان هاوڵاتییان و دەسەڵات دروست دەکاتەوە. بە پێچەوانەشەوە گەندەڵی جەستەی نەک هەر حکومەت، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش دادەڕزێنێ و لە کۆتاییدا بەسەر هەموواندا دەروخێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن