ناناوەندیێتی بەهێزکردن یان پووکاندنەوەی هەرێم؟
2/8/2021 1:48:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
دووەم:
چەندین جۆر سیستەمی
حوکمڕانی هەن، بەڵام ئەزمونی مێژوویی فیدراڵی و ناناوەندیێتی بە باشترین و
گونجاوترین نمونە سەلماندوە. لەو وڵاتانەی کە دەنگی تاک دەبیسرێ و کار لەسەر بنەمای
هەڵسەنگاندن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکرێ رۆژ دوای رۆژ گەشە بە شێوازی بەڕێوەبردنی
وڵات دەدرێ، بۆیە هەمیشە کەموکوڕیەکان، ئاستەنگ و خەوشەکانی بەڕێوەبردن دەستنیشان
دەکرێن و ڕێگای چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە.
ئەو وڵاتانەی کە
لە بوارەکانی بەڕێوەبردن و خۆشگوزەرانی ژیان پێشکەوتوون، هەروا لە خوت و خۆڕایی
نا، بەڵکو لە ئەنجامی هەوڵ و بەدواداچونێکی بەردەوام و خەمخۆرانە بووە. ئێمە لە
کوردستان هەم ئەو نمونەی پێشکەوتنەی جیهان دەبینین و هەمیش لایەنە پۆزەتیڤ نیگەتڤەکانی
سیستەمی حوکمڕانی خۆمان لەبەر چاون، بۆیە چەندی زووتر بە ئاراستەی چاکسازی هەنگاو
بنێین و رێگاکانی خزمەتکردنی پتر بگرینەبەر هێندەش زووتر پەرە و گەشە بە نیشتیمانەکەمان
دەدەین.
ئەگەر ئێمە
ناناوەندیێتی (لامەرکەزی) جێبەجێ بکەین چی ڕوودەدا؟
١- ڕۆتین و بیرۆکراسی کەم دەبێتەوە، کە ئەوەش لە
بەرژەوەندیی هاوڵاتیانە.
٢- کاروباری هاوڵاتیان بە ماوە و تێچویەکی کەمتر
جێبەجێ دەکرێ.
٣- لە بوارەکانی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار پێشبڕکێیەکی
پێویست لە نێوان پارێزگاکان دروست دەبێ.
٤- دیموکراسی و ئازادی دەربڕین گەشە و پەرە دەسەنن.
٥- ئەنجومەن و ئیدارە خۆجێیەکان ڕۆڵێکی باشتریان
دەبێ لە خزمەتکردن و بەڕێوەبردن.
٦- مەترسی دروست بوونی دیکاتۆریەت و تاکڕەوی و
تۆتالیتاری دوور دەکەویتەوە.
٧- دادپەروەری لە دابەشکردنەوەی داهات و سامانی
وڵات پەیڕەو دەکرێ.
٨- ڕۆڵی کارمەرند و تاکەکان گەشە دەکا و
تواناکان باشتر دەردەکەون.
٩- کاتێک بەوشێوەیە وڵات بەڕێوەبچێ باشتر هانی
ئەو شار و باوچە کوردستانیانە دەدرێ کە هێشتا لە دەرەوەی هەرێم تا بگەڕێنەوە سەر هەرێم.
١٠- کاتێك سیستەمی حوکمڕانی کوردستان نمونەیەکی
جوان و سەردمیانە تر بێ، هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی جیهانیش ڕێزی زیاتر
لێ دەگیرێ.
١١- بەشداری هاوڵاتیان لە تێکڕای شار و ناوچەکان
لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان گیانی هاوڵاتیبوون و پشتیوانی لە وڵات بەهێزتر دەکا، بەم
شێوەیەش قەوارەی هەرێم بەهێزتر و تۆکمەتر و پارێزراوتر دەبێ.