502وتار

میرایەتی یان دەوڵەتداری؟

3/29/2021 10:34:00 PM
ئاریز عەبدوڵا

ڕاستە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکیەکان پێگەکەیان گەیاندە ئاستی دەوڵەت، کەچی لایەنە سیاسیەکان بەگشتی و دەسەڵاتیش بەتایبەتی لە جیاتی قۆزتنەوەی دەرفەتی ئەو هەلومەرجە لەبارانە و جێگیرکردنی بنەما و رێساکانی دەوڵەتداری لە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ، بە فەرمانڕەوایەکی میرایەتی بەرژەوەندخوازیی تایبەت، دەرفەت بۆ هەموو نەیارەکانی هەرێمی کوردستان رەخسێندرا، کە بەئاسانی پەلامار و ئابلۆقە بدرێین.

 لە پەیڕەوی هەموو حزبەکان نوسراوە بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبییەوەیە، بەڵام پێچەوانەکەی سەلماوە. دیارە سیستەمی حوکمڕانی هەر وڵاتێک ڕەنگدانەوەی سیستەمە سیاسیەکەیەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی لە کوردستان دروشم ئامانجە نوسراوەکان ڕەنگدانەوەی واقعی سیاسی و کۆمەڵاتی نین، گفتار و رەفتاری پێچەوانە کلاشەی دەکەن. دەنا ئەگەر بەپێی دروشم و پرۆگرامە سیاسیەکان بوایە دەمێک بوو ئەم وڵاتە گەیشتبوە قۆناغی سەقامگیریی.

ئەوەندەی ئەم وڵاتە لە ژێر دروشمی رەونەقداری نیشتیمان پەروەریی، نەتەوەپەروەریی و مرۆڤ دۆستی بەڕێوە دەبرێ، نیو ئەوەندە وڵاتە پێشکەوتوەکان باسی ئەو بابەتانە ناکەن، بەڵام ئەوان بێ باسکردن سازشی لەسەر ناکەن، کەچی لە جیاتی نیشتیمانسازی و بەهێزکردنی پێگە ئابوری و سەربازی و یەکخستنەوەی تواناکان، رێک پێچەوانەی ئەو ئەرک و دروشمە ڕاگەیێنراوانە لە ژێرەوە پەرە بە عەقلیەتی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتی میرایەتی دەدرێ!

ئێستا ئێمە لە دووڕیانی قۆناغێکی نوێین، ئەو سیستەمە حوکمڕانیە سەقەتە و ئەو بێباکی و خەمساردییە لەبەرامبەر پێشهاتە چاوەڕوان کراو و نەکراوەکان گەورەترین مەترسین. ئەگەر هەموو لایەکمان بەتایبەت لایەنە بڕیار بە دەستەکان بەخۆماندا نەچینەوە دوا ڕۆژێکی گەش نابینرێ، هەرێم بەگشتی و دەسەڵاتیش بەتایبەت ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی ناوخۆیی و پیلانی نەیاران دەبێتەوە. هەموو ئەو لایەنانەی کە بەڕاستی لە خەمی نیشتیمان و دوا رۆژی گەلەکەیاندان نابێ چیتر بەتەمای شانازیی خەباتی ڕابردوو و هێزەکانی ژێر دەستیان بن و بنازن، چونکە قۆناغی داهاتوو لەگەڵ بەڕێوەبردنێکی میرایەتی ئاسا ناگونجێ، بەڵکو پێویستی بە حوکمڕانییەکی سەردەمیانە دەوڵەتداری هەیە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن