646وتار

ئەدی دوای ئەفغانستان؟

8/15/2021 9:08:00 PM
ئاریز عەبدوڵا

 



کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان گۆڕانکاری دراماتیکی بەدوادا هات و لە ماوەیەکی زۆر کورت ئەو تاڵیبانەی تەنیا لە تونێل و ئەشکەوتان نەبوایە جێگایان نە دەبوەوە، ئەمڕۆ لە بەرچاوی سەرۆک بایدن و هەموو جیهان تەقەیان لە دەرگای کابولەوە هێنا.

سەیرکردنی ئەو گۆڕانکاریانە  لە دوو ڕەهەندەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن:
یەکەم: ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

دووەم: ئەو سوپا ئەفغانیەی کە چەندین ساڵە هاوشێوەی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی پشتگیری دەکرێ چی بەسەرهات؟

ئەگەر هەلومەرجە سیاسیەکانی عێراق و ئەفغانستان جیاوازیش بن، بەڵام جیاوازیەکە هەندە گەورەنین تا ئێمە پێمان وابێ بەربەستی بەردەم بڕیارێکی تری لەم شێوەیەی ئەمریکابن.

ئێمەی کورد دوو اقیکردنەوەی زۆر تاڵمان لەگەڵ ئەمریکا هەن، یەکەمیان هەڵوێستی ئەمریکا لە شۆڕشی ئەیلول (ساڵی ١٩٧٥) و دووەمیشیان هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەداگیرکردنی چەندین شاری رۆژئاوا لەلایەن سوپای تورکیاوە. کەواتە ئەگەر لە ڕوانگەی ئەزمونیشەوە سەیری ڕووداوەکان بکەین بەدوور نازانرێ جارێکی تریش گەلی کوردستان گورگان خوارد بکرێ. ئەوە لە کاتێکدا ئێمە نیگەرانی پێشهاتێکی لەو جۆرە دەردەبڕین، لەهەمان کاتیشدا لەبیری ناکەین کە لە لە ساڵی ١٩٩١وە تا ئەمڕۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان چەند هاوکار و پشتیوانمان بوونە.

بەداخەوە هەڵومەرجە ناوەخۆیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان زۆر لەیەک دەچن و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چەندین ساڵە بە چەک و تەقەمەنی، پارە و مەشق هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام ئەنجام ئێمە نەک هەر یەک هێزی پێشمەرگەمان نییە، بەڵکو هێزە تایبەتەکانی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس زۆر لە لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە پۆشتە و پەرداخ ترن!

ئێستا پرسیارێک لە مێشکی هەمووماندایە ئایا ئەگەر ئەمریکا بەهەمان شێوەی ئەفغانستان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکشێتەوە ئێمە چارەنوسمان چی دەبێ؟
ئەو پرسیارە بۆ هاوڵاتیەکی ئاسایی بیرکردنەوەیە لە مەترسیەکی چاوەڕوانکراو، بەڵام ئایا بۆ دەسەڵاتداران چی دەگەیێنێ؟ پێم وایە لە بەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەفغانستان زۆر گرنگە و دەبێ دەسەڵات و دەسەڵاتداران لەم ڕۆوە شەو و ڕۆژ بکەنە یەک و بە پلان وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:

- ئایا پێوستە پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا چۆن رێکبخرێنەوە؟
- ئایا پەیوەندی هەرێمی وڵاتانی دراوسێ چۆن رێکبخرێنەوە؟
- ئایا چۆن بەرگەی قەیرانێکی گەورەی ئابوری و دارایی دەگرین؟
- ئایا هێزە چەکدارەکانمان چەند و چۆن دەتوانن بەرگری لە نیشتیمان بکەن؟
- ئایا یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی نیشتیمانی چۆن دروست دەکرێ و چۆن دەبێ؟

ئەگەر پلانی ستراتیژی وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر بێ و خۆمان بۆ پێشهاتی هەرە خراپ ئامادە بکەین، ئەوا بێگومان دەتوانین گەل و وڵاتەکەمان بە باشی بپارێزین، بەڵام بەو توانا و بارودۆخەی ئێستامان بەداخەوە بەرگەی رەشەبایەک ناگرین.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنەوە، ئەنجام سیستمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە دەگۆڕێ، بەڵام قەوارە و ئاڵای ئەفغانستان ناگۆڕێن. کەچی، ئەگەر گۆڕانکاریەکی لەم شێوەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوبدا، ئەوا ئێمە قەوارە و ئاڵا نیمچە سەربەخۆکەمان لە دەست دەچن و بە ئاسانیش دەستەبەر ناکرێنەوە.

ئەزموونی ئەفغانستان دەرسێکی گەورەیە،ئەگەر ئێمەی کورد کەلکی لێ وەربگرین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن