هەرێمی کوردستان لە نێوان عێراق و تورکیا!
1/21/2024 9:11:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
هەرچەندە لە ساڵی (١٦٣٩)وە هەردوو
دەوڵەتی ئێران و عوسمانی بەپێی پەیماننامەی زەهاو لەسەر دابەشکردنی کوردستان
ڕێککەوتن و سنوریان نەخشاند، بەڵام تا ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی
دەوڵەتی عێراق لەناو کوردستانەوە دەستیان لە کاروباری یەکتری هەر وەردەدا و
کێشەکانیان نەدەبڕانەوە. لەو ناکۆکی و ململانێيەش تەنیا کورد باجە گەورەکەی دەدا. دوای جەنگی جیهانی
یەکەمیش شێوازی دەستێوەردانیان گۆڕاوە و ناڕاستەوخۆ هەر بەردەوام بووە.
لەم ساڵانەی دواییش بە پاساو هێناوە
دەستیان بە بەدەستتێوەردان و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بەزاندنی سەروەریی زەوی
و ئاسمانی عێراق کردۆتەوە و کاریانگەیاندۆتە ئەوەی هیچ کونجێکی هەرێمی کوردستان نەمێنێ
مەترسی دڕۆن و ڕۆکێتی ئەوانی لەسەر نەبێ.
دەمێکە تورکیا دوژمنایەتی هەرێمی
کوردستان دەکات، ڕۆژ بەڕۆژیش سوپای داگیرکەری زیاتر دێتە ناوەوە. بەوەشەوە
نەوەستاوە لەسەر زاری سەرۆک و کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت، دێ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ
لە سلێمانی و بەتایبەتیش یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان دەکات!.. لە کاتێکدا باش دەزانن ئەوان چەند مۆڵەتیان بە پەکەکە داوە تا
لە دیاربەکر، سێرت، جودی، وان، بۆتان، هەکاری... چاڵاکی بکەن، ئێمەش بۆ بادینان، قەندیل و ئاسۆس هەر هێندە.
ئاشکرایە کێشەی تورکیا لەگەڵ گەلی
کوردستانە بەگشتی، بەڵام بەتایبەتی پەکەکە دەکاتە بیانوو، دەنا گرتنەوەی ئاوی
خواردنەوە، سوتاندنی دەغل و دان، تێکشکاندنی پیشەسازی نەوت و بوردمانکردنی
نەخۆشخانە و گوندەکانی ڕۆژاوا و بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی عەربەت و سلێمانی چ پەیوەندییەکیان بەهێزی
سەربازی (پەکەکە)وە هەیە؟!
بێدەنگ بوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و
هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەو دەستدرێژییە بێ بنەمایانەی چەندین
ساڵەی تورکیا نەک هەر بوونەتە مایەی درێژەپیدان و فراوانکردن، بەڵکو هانی ئێرانیشی
داوە کە بەپاساوی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی ڕاستەوخۆ دەست لەکاروباری
هەرێمی کوردستان وەربدا و بوردومانیشی بکات!
بوردومانەکانی ئیران نێگەرانی و
ناڕەزایەتیەکی گەورەیان لێکەوتەوە، بەتایبەت کە پارتی هەموو توانای خۆی خستۆتەگەڕ
بۆ ئەوەی ئەو ناڕەزایەتیەی خەڵکی کوردستان پشانبدەن. ئەوە کارێکی باشە، بەڵام ئایا
بۆچی چەندین ساڵە ڕێگانادات خەڵکی بادینان و هەولێر لە دژی ئەو هەموو دستدرێژیانەی
تورکیان وەرتە لە دەمیانەوە بێت؟
دیارە ئەوەش پاساو نییە، بۆ ئەوەی
خەڵکی سلێمانی و یەکێتیش لەبەرامبەر دەستدرێژی هەر دەوڵەتێکی تر بێدەنگ بن، بەڵام
ئەوەی ڕوونە و ناشاردرێتەوە خەریکە دەستدرێژی ئەو دوو دەوڵەتە ناکۆکییە سیاسی و
کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان قوڵتر دەکەنەوە. هۆکاری دروستبوونی ئەو بۆشاییەش نەبوونی
سیاسەت و ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە تا حکومەت
هەڵوێستێکی یەکگرتووی نیشتیمانیی نەبێ، ئەو دەستدرێژیانە زیاتر دەبن، بۆیە دەبێ
بەئاگاداری و بەرچاوڕوونی هەموو حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان ڕێگای چارەسەر
بگرێتەبەر. ڕەنگە بەم شێوەیەی ئێستا نە عێراق و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئامادەنەبن
لە جیاتی ئێمە کێشە بۆ خۆیان دروست بکەن.