لە نێوان دکتۆر بەرهەم و هۆشیار زێباری!
1/24/2022 10:46:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
ناوەڕۆکی پڕۆسێسی دیموکراسی بریتیە لە ململانێی سیاسیی دوو یان چەند لایەنێکی جیاواز، ئەنجامی ململانێکەش بە هەڵبژاردن یەکلایی دەبێتەوە. لێرەدا، بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندەی پڕۆسێسەکە بۆ بەرژەوەندیی گشتی گرنگە، ئەوەندە کێ دەیباتەوە و کێ دەیدۆڕێنێ نا، بەڵام لە هەڵومەرجی ئێستای عێراق و کوردستان بابەتەکە جیاوازە. جیاوازە، چونکە ململانێی دوو هێزی سەرەکی کوردستانی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری توانا و کاریگەرییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو دەوڵەتێک، کە هێشتا ئامادەنییە دەستورەکەی خۆی جێبەجێ بکا، کەم و پەرشوبڵا دەکاتەوە.
ئایا کامیان دەیبەنەوە؟
- دەکرا، یاخود هێشتاش دەکرێ بڵێین هەردووکیان و هەموومان، بەڵام کە ئەوە نایتە دی، ئەبێ بپرسین: بۆچی؟ لە وەڵامدا دەڵێم:
یەکەم: بەشداریکردنی پارتی لە هاوپەیمانی صەدر – حەلبوسی بەجیا هۆکارێکە.
دووەم: گۆڕینی سیاسەتی پارتی بە ئاراستەی پێکهێنانی کابینەی زۆرینەی عێراقچێتی بە پێچەوانەی هەڵوێستی ڕابردووی هۆکارێکی دیکەیە.
سێیەم: هەوڵدان بۆ ملپێکەچکردن و بێ ئیرادەکردنی یەکێتیەکی کاریگەر، کە چەندین ساڵە هاوپەیمانیەتی و دەشزانێ هەژموون و کاریگەری ئەو هێزە بە ژمارەی کورسیەکانی نا خەملێندرێ، هۆکارێکی ترە.
کەواتە، ئێستا یەکێتی و پارتی دەچنە مەیدانی هەڵبژاردن. بۆ یەکێتی دوو شت لە بردنەوەی پۆستەکە گرنگترن:
- فێڵی لێنەکرا و هەر بەخاوەنی ویست و بڕیاری خۆی مایەوە.
یەکێتی لەسەر هەمان سیاسەتی نیشتیمانیی خۆی لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی ئامادەیی رێککەوتن بوو، بە هەمان هەڵوێست و لە هەمان ڕوانگەشەوە ململانێی خۆی دەکا.
ئێمە هەوڵی سەرخستنی کاندیدەکەی خۆمان دەدەین، بەڵام لە ئێستاوە براوەین، چونکە لە بنەڕەتەوە شەڕەكەمان تەنیا لەسەر پۆستەكە نییە، بەڵكۆ شەری ئیرادە و سەروەری یەكێتییە لەسەر هەمان بڕیار و هەڵوێستی جارانی.