چەواشەکاری!
3/9/2021 9:51:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
یەکەم:
چەواشەکردن یان
شێواندنی ڕاستی شت و ڕووداوەکان دیاردەیەکە لە هەندێ قۆناغی تایبەتی مێژوویی گەشە
دەکا، بۆ نموونە لەسەردەمی هێتلەر، گۆبلز دەیوت: درۆ بکە، درۆ بکە تا بڕوات پێ دەکەن.
لە هەندێ سەردەمی تر بەناوی پیرۆزی ئایینی مەسیحی یان ئیسلام گەورەترین تاوان کراون،
نموونە فرۆشتنی پسولەی لێبوردنی خوایی لەلایەن کلێساوە، یان ئەنفالکردنی کورد بەناوی
ئایەتێکی قورئانەوە.
ئەو قۆناغانەی
چەواشەکارییان تیادا دەبێتە دیاردە ئاسایی نین و بە باجێکی گرانیشەوە کۆتاییان دێ.
دیارە هەر جۆرە دەسەڵاتێک ئەگەر بەبێ خواستی خەڵکەکەی بسەپێنرێ لە پێناوی هێشتنەوەیدا
پەنا بۆ ستەم و چەواشەکاری دەبردرێ.
هەر کاتێکیش
ئاماژەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی قۆناغی چەواشەکاری بەدەرکەوتن، ئەگەر زوو رێگری لێ
نەکرێ ئەوا تەشەنە دەکا و لە ئەنجامیشدا وڵات بەرەو وێرانە دەبا.
سەدام حسین بەناوی
عروبە و بەرگریکردن لە دەروازەی نیشتیمانی عارەبی سەدان هەزار کەسی لە شەڕی عێراق
- ئێران بە کوشتدا، بەڵام دوای باجێکی زۆر گەورە ئینجا خەڵکی لەو چەواشەکارییە
هوشیار بوونەوە.
راستی ئەو بابەتە
ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتانەی بە خواستی گەلەکانیان دروست نابن، بە پێوەرە سەردەمیەکان
گەشە ناکەن، لە رێگای کودێتا یان شۆرش دروست دەبن و دواتریش بە پاساوی شەرعیەتی شۆرشگێڕانە
و بەردەوامی شۆرش کارێک دەکەن خەڵکی رەحمەت بۆ کفن دز دەنێرن.
بچوکردنەوەی شتە
گەورەکان، گەورەکردنی شتە بچوکەکان، دووکردنەوەی کارە نزیکەکان، هێنانە پێشەوەی ئەنجامە
مەحاڵەکان، گۆڕینی رووداوە مێژووییەکان، کەم کار کردن و زۆر قسەکردن، نیشاندانی رێگا
و هەنگاو نەنان، شاردنەوەی ڕاستی و پیشاندانی وەهم بەڕاستی، بێ بایەخکردنی شتە بەهادارەکان،
بە بەها نیشاندانی شتە کەم بایەخەکان، بێ بایەخ پیشاندانی هەلە گەورەکان، خستنەڕووی
ناوی بێ ناوەڕۆک و میکیاجکردنی وێنە ناشیرنەکان.... هەموو ئەوانە چەواشەکاری و
ئاماژەی قۆناغێکی مەترسیدارن.
ئێستا لە
کوردستان ئاماژەکانی ئەو قۆناغە بەزەقی دیارن و ئەگەر پێشیان پێ نەگیرێ بەدڵنیاییەوە
دوا رۆژێکی گەش نابینین. لەبەشی داهاتوو ئەم بابەتە بەنمونەوە باشتر ڕوون دەکەینەوە.