142وتار

ھەرێمی کوردستان بەباشی بەڕێوە نەبراوە!

2/2/2023 10:23:00 PM
ئاریز عەبدوڵا

ئەم ڕستەیەی سەرەوە قسەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانە، کە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردی.
 خاتوو پلاسخارت زووتریش وەک دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کوردستان و بەرپرسیاریەتیە نێودەوڵەتیەکەشی چەند جارێکی تر ھۆشداری دابوە لایەنە کوردستانیەکان، بەڵام کاتێک کە راسپاردە و ئامۆژگارییەکانی دادنادەن، بەو شێوەیە و لەسەر بڵندترین سەکۆی سیاسەتی جیھانی ڕەخنە لە ھەرێم و ھەردوو ھێزە دەسەڵاتدارەکە دەگرێ.
دیارە ئەگەر ئەو رەخنەگرتنەشی سودی نەبێ و بەخۆداچوونەیەوەکی سەرلەبەر نەکرێ، ئەگەری لە گرێژنە چوونی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە گوینە.
ئێستا کاتی تومەت بەخشینەوە و ئۆباڵ خستنە پاڵ یەکتری نییە و لەھەمان کاتیشدا ھێشتا دەرفەت ماوە و نابێ لە دەست بدرێ، بەڵام ئەگەر پرسیار لە بەندە بکرێ کێ ھۆکاری دروستبوونی ئەو بارودۆخەیە؟
 لە وەڵامدا کەمترین شت کە دەبێ بیلێم: ھەژموون و جومگەکانی دەسەڵات لای کام ھێزن ئۆباڵی سەرەکی و ئەرکی چارەسەرکردنیشی بە پلەی یەکەم ھەر لە ئەستۆی ئەون. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەر یەکەو بەپێی راددەی بەرپرسیاریەتیەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەھێز کردنەوەی قەوارە و پێگەی حکومەتی ھەرێم بێنەوە مەیدان.
ئەوەی پلاسخارت گوتی زەنگێکی مەترسیدارە و زۆر لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش چارەی کوردستانیان ناوێ، بۆیە ھۆشیاربونەوە و ئاگاداربوون ئەرکن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن