318وتار

هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

12/16/2022 8:34:00 PM
ئاریز عەبدوڵا



بەپێچەوانەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو گۆڕنکارییە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکانی ئەم دواییە هیچ لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان نابیندرێن، تەنانەت شەڕی روسیا- ئۆکرانیاش بەزیان بۆ کورد شکاوەتەوە. نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی یەکە بە یەکەی ڕووداو و فاکتەرە نەرێنیەکانی ئەو هەڵومەرجانە بکەم، بەڵام بە ڕامان لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەندێ پێشهات و وێنەی وا تلخمان نیشان دەدەن کە جێگای نیگەرانی و بێ ئومێدین.

مێژووی گەلان پێمان دەڵێ کاتێک هەڕەشە دەرەکیەکان نزیک بوونەتەوە ئەوان بەیەکگرتوویی وەڵامیان داوەتەوە، ئەزموونی سیاسی خۆشمان ئەوەی سەلماندوە هەر کاتێک گەل و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان یەک بووبن، نەک هەر توانیومانە بەرگری لە خۆمان بکەین، بگرە سەرکەوتنی گەورەشمان تۆمار کردوە.

کێ لەم بارودۆخە بەرپرسیارە و کێ بەرپرسیار نییە، کێ ئۆباڵی پتری دەکەوێتە ئەستۆ و کێ کەمتر  بابەتی ئەم باسە نین، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە بووینەتەوە، کە ئاماژەکان پێمان دەڵێن هەڵومەرج و کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نین!

دەیان ساڵە گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانی خۆی قوربانی دەدات و سەری زمان و بنی زمانی سیاسیەکانیشمان ئەوە بووە کە دوژمنان و داگیرکەران مافەکانمان ناسەلمێنن و لە جیاتی دیاڵۆگ بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵیشە ئێمە دەرفەتێکی مێژووییمان بۆ ڕەخساوە، کەچی خۆمان لە پیادەکردن و وەدەستهێنانی ئەو مافانەش بوار دوە کە دەوڵەت و دەستوری عێراق بۆیان سەلماندووین، نموونەی دەستوری هەرێمی کوردستان!

 ئێمە لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی قوربانی گەورەمان داوە، کەچی کەس دەستی نەگرتووین لە جیاتی (بەر تەسککردنەوە) ڕۆژ بە ڕۆژی پەرە و گەشەیان بەو مافە بنەڕەتیانەی مرۆڤ بدەین و نموونەیەک پێشکەش بکەین کە ئەوانی تریش ناچاربن چاومان لێ بکەن.
 بابەتی جێی رەخنە زۆر و گەورەن، بەڵام ئێستا کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی نزا بکەین لەوە خراپتر نەقەومێ، چونکە نەک هێشتا کەلچەر و نەریتی دیموکراسی لە کوردستان جێگیر نەبووە، بەڵکو پێكهاتەی هێزە چەکدارەکان بەجۆرێکە کە ناکرێ لەم قۆناغەدا دڵنیابین کە لە ئەنجامی ململانێی توند بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپتردا ناڕوا.

ئێستا ململانێکی توند لە نێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) هەیە و ئێمە دەزانین ئەوە لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوەیەکی دوور و درێژە و هۆکارەکانیشی لامان ڕوونن، بەڵام لە پێناوی دیالۆگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتیمانی بە پێویستی نازانین پەنجە لەسەر هەموو کەمو کورتیەکان دابنێین، ئەوەی هەیە دەڵێین پێویستە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکان خۆمان لە بەرپرسیاریەتی نەدزینەوە و هەموو لایەنەکان بە (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) و حزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی تریشەوە هەر لایەک بەپێی قەبارە و هێز و توانای خۆی ئۆباڵەکە لە ئەستۆ بگرێ، دەنا ناگەینە ئەنجامێکی باش.

بەڵی هەلومەرجەکان نالەبار و جێگای نیگەرانیشن، بۆیە خەمساردی و کات کوشتن لەبەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێک نییە.
هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەرەکی و ناوخۆیین، ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا قەیرانەکان چارەسەر نەکەین ئەوا بێگومان ناتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە کەسێک هەبێ بڵێ قەوارەی هەرێم مەترسی لەسەر نییە لێی تێناگات یان ڕاست ناکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن