دابەش کردنی دەسەڵاتەکان، نەک جیا کردنەوەی پارێزگایەک!
7/2/2020 4:27:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
سیستەمی نا ناوەندێتی (DECENTRALIZATION) ، یان لا مەرکەزیەت سەردەمیانەترین و گونجاوترین سیستەمی بەڕێوەبردنە، بۆیە ئێستا زۆر بە گەرمی باسی ئەو بابەتە دەکرێ و پرۆژەی جۆراو جۆریشی لە بارەوە دەخرێنە ڕوو. کەواتە دەرکەوتنی کەموکوڕیەکانی ئەزموونی دەسەڵات پێویستیی گۆڕانکاریشی بە ئاراستەی چاکسازی و دابەش کردنی دەسەڵاتەکان دەرخستووە. نا ناوەندێتی قسە و بۆچوونی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام ناونیشانە سەرەکیەکەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانە بە پێی ڕێکاری دیاریکراو بەسەر ناوەندەکانی بەڕێوەبردن.
هەرچەندە تا هەنوکە هیچ لایەنێک نکۆڵی لە پێویستی جێگیر کردنی ئەو سیستەمە نەکردووە، بەڵام خواستێکی گشتگیریش بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان بەو ئاراستەیە درووست نەبووە. ئەوەی جێگای سەرنجە لێرە و لەوێ لەو بارەیەوە دوو جۆر دەنگ بە یەک تۆن، بەڵام بۆ دوو مەبەستی جیاواز دەبیسرێن:
یەکەم: دەنگێک بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی دەبیسرێ!
دووەم: دەنگێکیش لە هەولێرەوە بۆ تۆمەتبارکردن دەبیسرێ.
ئەو دوو دەنگانە هەردووکیان کۆسپ بۆ ئەو پڕۆژە نیشتیمانیە درووست دەکەن چونکە یەکەمیان گومان و مەترسی درووست دەکا و دووەمیشیان پاساوی خۆ دزینەوە.
واتە جیا کردنەوەی سلێمانی لەبەر هەر هۆکارێک بێ جێبەجێ کردنی نا ناوەندێتی ناگەیەنێ، بەڵکو ڕەنگە ناوەندێتی چڕتریش بکاتەوە.
کاتێک ئێمە باسی سیستەمی لا مەرکەزیەت دەکەین مەبەستمان ئەوەیە چیتر دەسەڵاتەکان لە ناوەند قەتیس نەکرێن، بەڵکو بەپێی ڕێکاری یاسایی گونجاو بەسەر هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، لە وێشەوە بۆ سەر قەزا و ناحیەکان دابەش بکرێن و شۆڕبکرێنەوە. بە پێچەوانەوە، هەرجۆرە جیاکارییەک بۆ پارێزگایەک لە پارێزگاکانی هەرێم مەترسی گەورە بە دوای خۆیدا دێنێ، مەترسی نەک تەنیا بۆ سەر قەوارەی هەرێم، بەڵکو بۆ سەر پڕۆسێسی سیاسی و دیموکراسیش لە کوردستان.
هەوڵدان بۆ پێشخستنی سیستەمی کارگێڕیی بەڕێوەبردن ئەرکی سەر شانی هەموو لایەنە پەیوەندیدار، پسپۆڕ و ڕۆشنبیرانە، ئەوەش بەپێی پلان و هەماهەنگی، نەک کار و کاردانەوە.