429وتار

حکومەتی هەرێم لە نێوان رووخان و چاکسازیدا! (دووەم- دەسەڵاتی دادوەری)

12/4/2020 12:30:00 PM
ئاریز عەبدوڵا


 بایەخی دەسەڵاتی دادوەری لە بایەخی دەسەڵاتەکانی تر کەمتر نییە، چونکە پایەیەکە لە پایەکانی حوکمڕانی سەردەم.
لە هەر وڵاتێكیش دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێ، دەسەڵاتەکانی تریش بەرێک و پێکی بەڕێوە دەبرێن، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی دادوەری  لایەنداریی سیاسی و دەسەڵاتداران بێ ئەوا نەک هەر حکومەت خواروخێچ دەڕوا، بەڵکو کۆمەڵگەش رووبەڕووی قەیرانی گەورە دەکاتەوە.

دەسەڵاتی دادوەری هەیە، لەناو ئەو دەسەڵاتەش دەیان دادوەری پسپۆڕ، دڵسۆز، زانا، بەئەزمون و لێهاتوو هەن، بەڵام بەداخەوە ئەو پایە سەرەکییەی حوکمڕانی لە ئاستی ئەرکە مێژووییەکانی سەرشانیدا نییە. چونکە بەحزبی کراوە و حزبیش لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆی و سەرکردەکانی گوێ بە پێشێلکردنی یاسا و بێ بایەخکردنی ئەو دەسەڵاتە گرنگە نادا!

رەنگە هەبێ بڵێ ئەو حوکمە قوڕس و سەرتاپاگیرە ناڕەوایە، بۆیە لێرەدا دەڵێـم مەبەستی من ئەوە نییە کە هەموو کاروباری دادگاکان نارێکن، نا بەپێچەوانەوە بەپێی تایبەتمەندیی کاری زۆر باش دەکرێ، بەڵام شێوازی پێکهێنانی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی دادوەری، چاو سورکردنەوە و لەبەر چاو نەگرتنی لێهاتوویی و شایستەیی لەبەرامبەر وەلا و ملکەچی مۆرکێکی زەقە بەسەر ئەو دامەزراوە گرنگەدا.

کەس نییە نەزانێ گەندەڵی تا سەر ئێسکان چووە و خەریکە نەک تەنیا پەیکەری دەسەڵات دادەرزێنێ، بەڵکو کاری کردۆتە سەر تەونی کۆمەڵایەتیش.

ئایا ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بێ لایەن بێ  ناتوانێ سنورێک بۆ ئەو دیاردە مەترسیدارە دابنێ؟
ئایا لەناو دامەزراوەی دادوەری هێز و توانایەکی وانییە کە لەوبواردا ئەسپی تاوبدرێ و شانازی بۆ خۆی دەستەبەر بکا؟


دڵنیام ئەگەر دامەزراوەی دادوەری سەربەخۆ، بێ لایەن بێ و لە جیاتی فشار خستنەسەر دادوەران و لێکۆڵەرەوان هان بدرێن و پشتیوانی بکرێن ئەو دامەزراوەیە دەتوانێ رۆڵێکی کارا و کاریگەر لە نە روخانی حکومەتی هەرێم بگێرێ.
ئەی حکومەت! 
ئەی حزبەکان!
ئەی دەسەڵاتداران!

وەرن تەنیا دەست لەناو کاروبارەکانی دادوەری هەڵگرن و هانی دادگا و لێکۆڵەر و دادوەران بدەن کە بەدوای هەموو کەیسەکان دابچن و بەپێی یاسا و لە ژێر رۆشنایی دەسەڵاتەکانی دادوەریی بڕیار بدەن. بزانن چۆن شکۆی سیستمی حوکمڕانی بە گشتی و دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەتی دەشەکێتەوە؟
هەرێمی کوردستان بەناو کۆمەڵێک قەیراندا تێدەپەڕێ، بەڵام هیچ قەیرانێک لە قەیرانی بێ متمانەیی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتییان مەترسیدارتر نییە.

دەسەڵاتداران ئێوە دەتانەوێ متمانە بگەڕێتەوە؟
ئەگەر دەتانەوێ وەرن لە جیاتی بێ باکی، پوش بەسەرکردن، ڕاونانی چالاکە مەدەنیەکان و رۆژنامەنوسان. هانیان بدەن رۆڵی خۆیان بگێڕن، داواکاریەکانیان لەبەر چاو بگرن، زانیارییەکانیان لە دادگاکان ساغبکەنەوە. ئەو کات دەزانن چۆن متمانە دروست دەبێتەوە.

ئەگەر دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و بێ لایەن بکرێ بەدڵنیاییەوە ئەو دەسەڵاتەی خۆمان نەک هەر ناروخێ، بگرە هەنگاوێکی زۆر گەورەش بەرەو پێشەوە دەنێ.
ئایا حکومەتەکە بڕوخێ باشترە یان ژمارەیەک دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیخواز رووبەڕووی سزا بکرێنەوە؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن