437وتار

ئاسایشی نەتەوە یان حزب؟

1/28/2021 5:13:00 PM
ئاریز عەبدوڵا

ئاسایشی نەتەوەیی یان نیشتمانی، بریتییە لە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و سەروەریی ئێستا و ئایندەی نەتەوەیی و نیشتمانی. وڵاتان لەژێر سێبەری ئەو ناونیشانە گەورە و پیرۆزەدا ستراتیژی سیاسی، ئابووری، سەربازی و … ھتدی، خۆیان دادەڕێژن و ھیچ کەس و لایەنێکیش بۆی نییە لێی لابدا، واتە رەچاوکردنی ئەو پرەنسیپە ئەرکێکە نە دەسەڵات، نە ھاووڵاتی بۆیان نییە خۆیانی لێ ببوێرن
.
کەچی لە وڵاتانی خۆرھەڵات ئەو پرەنسیپە پاساوێکی چەواشەکارییە و لە دەستی دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەرەکاندا خراپ بەکاردەھێنرێ و دەکرێتە چەترێکی خۆپارێزی!

ئاسایشی نەتەوەیی لە سەرووی ئاسایشی حزب و سەرۆک و حکومەتە، بەڵام لێرە بەپێچەوانە دەبینرێ، بەڵکو ئاسایشی ئەوان دەخرێتە سەرووی ئاسایشی نەتەوەیی. ھەر کەسێک لە عیراق دژی سەدام حسێن، یان حزبی بەعس بوایە، ئەوا بە پاساوی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی وڵات دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، ئەگەر خوا رەحمی بە کەسێک کردبا، ئینجا سزای ھەتا ھەتایی بەسەردا دەسەپێندرا، دەنا لە سێدارەدانی مسۆگەر بوو.

کاتێک بەرژەوەندیی و ئاسایشی حزب یان تاکە کەس دەخرێتە سەروو بەرژەوەندیی و ئاسایشی وڵاتەوە، ئەگەر ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆن بێ، ئەوا رۆڵی تابووری پێنجەم دەگێڕێ، ئەگەر لە دەسەڵاتیش بێ فاتیحە بۆ نیشتمان بخوێنە.

ئێمە لە کوردستان بەھۆی ھەلومەرجەکانی رابردووەوە زیاد لە پێویست بە گرنگی و پیرۆزیی سەیری حزب دەکەین، بۆیە دەبینین حزب لە ھۆکاری گەیشتن بە ئامانج، ھەندێکجار جێگای ئایینیش دەگرێتەوە!.. ئەو حزبییانە نە کەموکوڕی و ھەڵەکانی خۆیان و حزبەکەیان دەبینن، نە رەخنە و نە راستکردنەوەیان قبووڵە. بۆیە دەبینین ئەو بیرکردنەوە زاڵەی حزبایەتی لە جیاتی ئەوەی وڵات بەرەو پێشەوە ببات، بەپێچەوانەوە ئاستەنگ و لێکترازان و درزخستنە نێو کەلێنی کۆمەڵ دروست دەکا.

ئایا لە کوردستان بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە؟
نامەوێ بە بەڵێ، یان نەخێر، وەڵام بدەمەوە، بەڵام بەڵگە و ئاماژەی زۆر ھەن کە بەداخەوە بەگشتی بەو شێوەیە نییە.

ئایا بۆچی کاری سیاسی لەم وڵاتە بەم شێوەیەیە؟

بە بۆچوونی خۆم:
یەکەم- زۆربەی ھەرەزۆری حزبەکانی کوردستان لە ھەلومەرجی زۆر ناھەمواردا بە ئامانجی رزگاریی و ئازادیی دامەزراون، واتە ئامانجەکانیان پیرۆزبوون و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە. ئەو پیرۆزی و قوربانییانەی سەردەمی خۆی کەم تا زۆر ھەژموونیان بەسەر بیرکردنەوەی خەڵکیدا ھەبووە و ماویشە.
دووەم- نەبوونی دامودەزگای نیشتمانیی بەھێز و تۆکمە. ئەوەش وادەکات ھەندێ کەس، حزبی لا ھەر پێویست و فریادڕەس بـێ.
سێیەم- بەرژەوەندییە ئابوورییەکان رۆڵێکی گرنگیان ھەیە، بە تایبەت دەبینین لەناو ھەندێک لە دەستەبژێری دەسەڵات، گەندەڵی گەیشتۆتە ئەوپەڕی و کەسیش ناتوانێ پێیان بڵێ لە پشتی چاوتان دوو برۆ ھەن.
چوارەم- ھەندێک لە دامەزراوە زەبەلاحەکانی راگەیاندنی حزب، رۆڵێکی گەورەیان ھەیە لە چەواشەکردن و چەواشەکاریی.
پێنجەم- نەبوون یا سستی ململانێی چینایەتی و ئایدیۆلۆژی.
ھۆکارەکان ھەرچییەک بن، ئەنجام و پاساوەکان یەکن. کاتێک ھەندێک لە حزبەکان ئەو ھێزە ھەژموونگەرا و دەسەڵاتدارانە بن کە بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و کورسیی دەسەڵاتیان لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتی و بەھا مرۆڤایەتییەکانی ترەوە ببینن، ئامادەشن لەپێناوی ئاسایشی خۆیان، ئاسایشی نەتەوە تێکبدەن، تەنانەت بە نھێنی یان بە ئاشکراش، دەست لەگەڵ ئەم دوژمن و ئەو دوژمنی کوردستان تێکەڵ بکەن!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن