ئێمە، تورکیا و ڕۆژئاوا!
12/28/2022 9:10:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
دەڵێی ئەردۆگان فرچکی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گرتووە، هەرکە بەیانی لە خەو
هەڵدەستێ تا دەخەوێ بە بۆنەو بێ بۆنە لە دژی کورد زمانی ناچێتەوە کالانێ و هەڕەشە لە دوای هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکات. دیارە
بۆ ئەو سیاسەتەی پاساوێکی بێمانا دێنێتەوە، بەڵام سوڵتانە، هێزی هەیە و پێی دەخوڕێ!.
لای هەمووان ڕوونە، کە تورکیای ژێر دەستەی ئەردۆگان نەک هەر پەیوەندی دۆستایەتی
لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێی خۆی نییە، بگرە لەگەڵ هەمووانیش دوژمنایەتی هەیە، کەچی
ئەو تەنیا ئەو نیمچە قەوارەیەی ڕۆژئاوا بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک دەزانێ.
ئایا بەڕاستی ڕۆژئاوا مەترسییە، یان ئەوە ئەردۆگان و دەوڵەتەکەیەتی کە لە هیچ شوێنێک
چاویان بەرایی نادا کورد بە ئازادی ببینن؟
ئایدۆلۆژیەتی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە کە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورد
دەبینن، بۆیە تەنانەت لەگەڵ شەیتانیش ئامادەی هەموو سەودا و سازشێکن بە مەرجێک لە
دژی کورد بێ. نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەم، بەڵام دەمەوێ باسی ئەوە بکەم
کە ئایا ئەگەر ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ناوبرا دڵی ئەرۆگان ئاو دەخواتەوە؟
هەرگیز نا، بەڵکو ئەوە دەبێتە هەنگاوی یەکەم بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتێک
کە لەناوبردنی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی.
نابێ ئێمە پێمان وابێ هەڕەشەکانی ئەردۆگان لە ڕۆژئاوا (ئاگرە سورە، لەخۆم
دوورە)و بەس. هەر کەس و لایەنێکیش ئەوەی پێ ڕاستبێ کە ئەوە تەنیا دوژمنایەتی و ناکۆکی
نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەیەدە یان تەنانەت پەکەکەشە زۆر ساویلکەیە،یان وەکو مناڵ
بەدەست چاوی ئەگرێ تا پشیلە نەبینێ.
پیلانە درێژخایەنەکەی تورکیا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ. تا
کار لە کار نەترازاوە ڕەنگە ئێمەش بتوانین ڕۆڵێکی مرۆڤ دۆستانەمان بۆ خوشک و
براکانمان هەبێ و مەترسی سەر هەرێمی کوردستانیش کەم کەینەوە.
نابێ جیاوازی و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانیەکان پاساوی جێبەجێ نەکردنی ئەرکێکی
نیشتمانی بێ لەبەرامبەر ئەو هەڕەشەیەی کە قۆناغی دووەمی بە دڵنیاییەوە پوکاندنەوەی
هەرێمی کوردستانە.