قەیران یان چارەسەر؟
2/23/2021 6:49:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
بڕگەیەکی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی
حکومەت جێبەجێکردنی سیستەمی نا ناوەندیێتیە، یەکێتی و گۆڕانیش کە لە بەڕێوەبردنی
وڵات هاوبەشی پارتین، هەمیشە پێویستیی جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە دووپات دەکەنەوە،
بەڵام تا ئێستا خاوە خاوە و دەستی دەستی پێ دەکرێ، چونکە پێناچێ سەرۆکی حکومەت ئەو
پێداگریەی یەکێتی و گۆڕانی بەلاوە جددی بێ.
ئەگەر پارتی بەگشتی و بەتایبەتیش
سەرۆکی حکومەت مەبەستیان بێ ئەوا دەکرێ هەردوو پڕۆژەکەی یەکێتی و گۆڕان و پڕۆژەی پارتیش
دابندرێنە سەر مێز، بەدیالۆگ و لێکتێگەیشتن بەڕێنمایی ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستی
حکومەتن شۆڕ بکرێنەوە و لەسەر پڕۆژە یاسایەکیش بەمەبەستی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی تر
و جێبەجێکردنی نا ناوەندیێتی رێکبکەون و وڵات لە قەیرانێکی نەخوازراو رزگار بکەن. ئەوەی
سەیرە هیچ لایەنێکی حکومەت ئەو سیستەمە ڕەتناکەنەوە، کەچی جێبەجێکردنیش دیار نییە!
پەیڕەکردنی نا ناوەندیێتی پڕۆژەیەک
نییە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی یەکێتی یان گۆڕان بێ، تا حکومەت نەچێتە ژێرباری،
بەڵکو پڕۆژەیەکی نیشتیمانییە و لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستاندایە و
فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ بەهێزبوونەوەی قەوارە و حکومەتی هەرێم.
ئێستا هەرێم لە دووڕیانە، ئەگەر بێت و
لەوە زیاتر خەمساردی لەبەرامبەر ئەو پڕۆژە ستراتیژییە بنوێندرێ، چاوەڕاوان دەکرێ
ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە ببینەوە. بە پێچەوانەشەوە دەتوانرێ نەک هەر ڕێگای
چارەسەر بگیرێتەبەر، بەڵکو بەیەکەوە هەنگاو بۆ چارەسەری قەیرانەکانی تریش بنێین.
بەپێی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان و
دەسەڵاتی حکومەت بێ پارتی هێزی یەکەمە، بەڵام لەلایەک هەلومەرجەکانی هەرێمی
کوردستان لەو ئاستەدانین کە بەزۆرینە و کەمینە کار بکرێ، لە لایەکی دیکەش بە چاک و
خراپ لێپرسراویێتیەکە زیاتر ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو. ئێمە هەمیشە داوا لە بەغدا
دەکەین کە بەزۆرینە و کەمینە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار نەکا، بەڵکو دەبێ بە سازان
و رێککەوتن بێ. ئەدی ئەگەر لێرە بەخۆمان بەپێچەوانەکەی بکەین ئەوان چیمان پێ
دەڵێن؟
بابەتی نا ناوەندیێتی کارێکی هێندە
سانا و سادە نییە، تا بە پاساوی جۆراوجۆر دەستی لێ هەڵبگیرێ. بۆیە خۆ لێدزینەوە و
فەرامۆشکردنیشی کارێکی سادە و سانا نابێ. من هیچ گومانم نییە کە لەسەری ڕووبەڕووی
قەیرانێکی تر دەبینەوە.
هێشتا دەرفەتی رێککەوتن لەبارە و ئالنگارییە
ناوخۆیی و دەرەکیەکانیش رێککەوتن و سازانمان بەسەردا دەسەپێنن، بە ئومێدی
رێککەوتن.