بۆچی هەڵەیە لەئێستادا پەنا ببرێتە بەر لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەڕلەمانتاران؟
5/5/2020 2:13:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
لەگەڵ ئەوەی کەوا لەڕووی یاسایی ڕووتەوە ، دەتوانرێت ئەوەی ئێستا هەیە بخرێتە چوار چێوەی یاساو لە دادگادا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وە پەنابرنە بەردادگا لە بژاردە خراپەکانی تر باشترە ، هەروەها بەدەر لە هەڵسانگاندنمان بۆ ئەدا وشێوازی دەربڕین وکارکردنی ئەم یان ئەو پەڕلەمانتار ، پێمان وایە پەنابردنە بەر ڕێکارێکی لەو جۆرە لە ئێستای هەرێمدا هەڵەیەو خزمەت ناکات وهوشیاری لەبارەیەوە دەدەین. ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە :
١لەهەرێمدا یاسا سەروەر نیەو دادگاش بێ لایەن نیە ، بەتایبەتی لەو کەیسانەی قەرەی سیاسەت دەکەون یاخود یەکێ لە لایەنەکانی داواکە دەستڕۆشتوویەکی سیاسی بێت.لەدۆخێکی لەو جۆرەدا پەنابردنە بەردادگا بەشێوەیەکی ئینتیقائی ، زیاتر دادگاو دەزگای داواکاری گشتی دەخاتە ژێر پرسیارو هێندەی تر هەیبەتیان دەشکێنێ ووێنا یان وەك ئامرازی ململانێی سیاسی تۆختر دەکاتەوە.بەمەش هەنگاوێکی لەم جۆرە ناچێتە خزمەت سەروەری یاساو بەناو بژیوانیکردنی دادگا. چونکە هەنگاوەکە بەشێك نیە لە ستراتیژێکی ڕاگەیەنراوو جدی بۆ دووبارە بیناکردنەوەی دەسەڵاتی داوەری ویاسا سەروەری وچاکسازی لەم کایە گرنگ وبنچینەدا.
٢دە زگای داواکاری گشتی وبەگشتی دەسەڵاتی داوەری لەبەر ئەو دۆخەی هەموومان دەیزانین ، لەڕابردوودا ، ڕۆڵێکی وایان لە جوڵاندن ویەکلایی کردنەوەی دادپەروەرانەی کەیسەکانی تایبەت بە گەندەڵی وبەهەدەردانی سامانی گشتیدا نەبووە.ئەوەش پرسی لابردنی پارێز بەندییەکە لە بەرچاوی زۆرێ لە هاوڵاتیان ورای گشتی لە چوار چێوە یاساییەکە ی دەر دەهێنێت ومۆرکی ململانێ وتۆڵەکردنەوەی سیاسی پێ دە بەخشێت.
٣هەرێم لەئێستادا بە دۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت و هاوڵاتیانێکی زۆر لەهەل ومەرجێکی گوزەرانی خراپدا دەژین ، حوکومەت ودەستەبژێری حوکومڕانیش نیمچە دەستەو ستانن لە چارەسەرکردنی کێشەکان. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا جوڵاندنی کەیسێکی لەم جۆرە، کە قەیرانە سیاسیەکەی هەرێم قوڵتر دەکاتەوەو دەیکات بەسەر باری قەیرانە ئابوریەکە، هێندەی تر هاوڵاتیان تووشی نائومێدی زۆرتروبێ هودەیی سیاسی دەکات. وەتێڕوانینیان بۆ فەرمانڕەواکانیش ئەوەندەی تر وێران دەکات.
٤کارێکی لەوجۆرە پاشماوەی هەیبەتی پەڕلەمان زۆرتر دەشکێنێ . لەبەرکەم توانایی ئەم دەزگایە لە لێپێچینەوە ی پێویست بەرامبەر دەزگاوبەرپرسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی وخراپ بەکارهێنانی پێگەو دەسەڵات. ئەوەش وادەکات لەبری دەزگایەك بۆ چاودێری ولێپرسینەوەی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن ونوێنەرایەتی کردنی خواستەکانی خەڵك ، وێنای دامەزرا وەیەکی پاشکۆی حکومەت وڕەوایەتی دان و پاساودەری بەرژەوەندییەکانی نوخبەیەکی دیاریکراوی لێ بگیرێت.
٥ هەنگاوەکە ململانێ ودابەشبونە سیاسی وتەقلیدیەکانی نێو خۆی هەرێم توند تر دەکاتەوە.تەنانەت حوکومەتی ترۆیکا واتە سێ قۆڵیش زۆرتر لاواز دەکات وئەگەری ئەوەش دێتە ئاراوە پەرەسەندنەکان لە قەراغی ڕو خان نزیکی بکەنەوە.لەکاتێکدا کوردستان پێویستی بە گێڕانەوەی لانی کەمی تەوافوقی نیشتمانیە ولەو ڕوەوە لە یەکێ لە هەرە ساتە خراپەکانی خۆیدا دەژیت.
٦ دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانی ونائارامی نێو خۆیی وبەهێز بوونی ڕەگی ڕادیالیزمی بێ ئاسۆ.بەڕووی دەرەوەشدا ناوناوبانگی ئەز موونی سیاسی و حوکومڕانی هەرێم زۆرتر دەشێوێنێت. وە دەبێت بەکەیسێ لە دنیادا دەگێڕرێت وهەوڵی بە زیندو ڕاگرتنی دەدرێت وخاو ەندارێتی لێ دەکرێت. ئەوەش جۆرەها دەرکەوتەی خراپی بۆ هەرێم و کەمکردنەوەی ڕەوایەتیە ئەخلاقیەکەی دەبێت.
٧دەبێتە پێشینەیەکی خراپ بۆلەمە بەدواو نەریتێکی سیاسی وڕەوایەتی دان بە کەیسی هاو چەشنی بەرامبەرو بەر تەنگ کردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین وکاری پەڕلەمانی. هەمووئەم شتانە وامان لێ دەکات، بگەینە ئەو ڕاستیەی کە کارێکی لەو جۆرە دژبە بەرژوەندییەکانی هەرێم ودام ودەزگاکانی وخودی سەرۆکی حکومەتیشە. بۆیە پێویستە پاشەکشەی لێ بکرێت. بەدەر لەناو هێنانی کەسەکانیش پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆلەو ڕاستیە نەشارنەوە کە بە دانپیانانی چەند بارەی خۆیان ، هەرێم بە دەست گەندەڵیە کی کوشندەوە دەناڵێنێت وبۆتە هەڕەشەیەکی جدیش بەسەر دۆخی هەرێم وئایندەی ئە ز موونە حوکومڕانیەکەیەوە. ناشبێت بەیاسایی کردنی بەشێکی زۆری گەندەڵی لەکوردستاندا، کەسەلماندنی لەبەردەم دادگادا ئەستەم کردووە،لە مە ترسی گەورعەی درێژەدان بەم دۆخەو دواخستنی بڕیاری چاکسازیەکی هەمەلایەنەو ڕاستە قینە بێ خەمیان بکات.