تورکیا وەك ئاوێنە
6/21/2020 2:35:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
بۆ چەندەمین جارە لەشکری تورك پەلاماری کوردستانی باشوردەدات و بەمەش برینی سەد ساڵ بێ قەوارەیی کوردمان دەکولێنێتەوە. تەنانەت ئەوانەی ڕەخنەی زۆریشیان لەپەکەکەو هەڵەکانی و شێوازی بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەڕابردوودا هەیە، لەناخەوە ئازار و تاڵاوی هەست بە ژێر دەستەیی نەتەوەیی دەچێژن. ئێمەش هەمووجارێك ئیدانەی دەکەین و دەبێت ئیدانەشی بکەین. بەڵام ململانێ لەگەڵ زلهێزێکی هەرێمی وەك تورکیاو پشتیوانی وڵاتانی تری هەرێمەکە وگەلەکۆمەکیان دژ بەمەسەلەی کورد، تە نها بەئیدانە کردن و چونە سەنگەری شەڕی فیداکارانەی نابەرامبەرو بەکرانەوە هێشتنەوەی برین ودۆزەکە ئیدارە نادرێت. یاخود ئیدارەیەکی وا نادرێت، لەئامانجەکانمان نزیکمان بکا تە وە. وەك ڕوونە دژایەتی سوپای تورك بۆ مەسەلەی کورد،مێژوویەکی سەد ساڵەی لەپشتەوەیە وزۆر لەوە فرەڕەهەندترو ئاڵۆزترە، لە پەلامارێك یاخود بڕگەیەکی مێژوویدا بەرجەستە ببێت وشرۆڤە بکرێت. بۆیە تێگەیشتن لێی و هەوڵدان بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەو دۆخە، بیرکردنەوەیەکی قوڵ ومێژویی پێویستە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی کۆی ستراتیژو تاکتیکەکان دەخوازێت. هەرلێرەشەوە پێم وایە: یەکێ لەکارە گرنگەکان بۆ ئێمە لەئێستادا ئەوەیە، مامەڵەی ئاوێنە لەگەڵ تورکیا و هێزەکانی تری ناوچەکە بکەین ولەرێی ئە وانەوە لاوازیە مێژوویی وفیکری وسیاسی و ستراتیژی ونەتەوەیی وئەخلاقیەکانی خۆمان بخوێنینەوە ودەستنیشان بکەین. بۆئێمە گەیشتین بەم چارەنوسە؟ بۆسەرەڕای ئەو گەلە کۆمەکی وئاڵنگاریە گەورانە، ئێمە بەم جۆرەین کە دەبینرێین وهەین و ناتوانین دیدێکی هاوبەشمان بۆ چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەو مامەڵەکردنەکان هەبێت؟ ناتوانین تواناکانمان بەجۆرێ لە جۆرەکان تەنانەت لەئاستی یەك پارچە شدا بەدەوری پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا کۆ بکەینەوەو لەئاستی پارچەکانیشدا ئاستێکی ماقوڵ لە هەماهەنگی بێ هەراو هوریا مان هەبێت؟ لەڕاستیدا کێشەی هەرە گەورەی ئێمە، بەتایبەتیش کێشەی هێزەسیاسیەکانمان ئەوەیە، بەگوێرەی پێویست ناتوانین وەك کورد وناسیونالیزمی کوردی خۆمان بدەینە بەر ڕوناکی ئەو ئاوێنەو لەڕێی ئەوەوە، ستراتیژێ بۆ بەرگری کردن لەناسنامەو مافەکانمان دیاری بکەین وڕۆڵی تێدا دابەش بکەین وبەدیار هەندێ شێوازو تاکتیکەوە وشك هەڵنەیەین وهە ندێکیشمان تەماشاکەرنەبین. کەکارێکی لەوجۆرە پیادەکردنی ستراتیژی یەکتر تەواوکردنی نەتەوەیی دەخوازێت، پێشمەرجێك بەهۆی: داخراوی وخۆپەرستی حیزبی وکێشەی ڕێبەرایەتی و لاوازی ناسیونالیزم و لێکهەڵوەشاوەیی ڕیزەکان و جەبرەکانی جیۆپۆلۆتیك و بەگوێرەی پێویست لەمێژوودا نەبوون، تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێت، بەدیهاتنی، بەداخەوە، جگە لە ئاواتێك هیچی تر نیە؟!