سووریا، سەرپێکەوتنەوەی شۆڕش و سەرەتای قۆناغێکی نوێ
12/7/2024 3:14:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
دوای جەنگی ئۆکرانیاو ۷ی ئۆکتۆبەرو لێکەوتەکانیان، دۆخی سووریاش پێگەیشتبوو بۆئەوەی لەو چەق بەستووییەی تێیکەوتبوو رزگار یببێت و هاوکێشەو کڵێشە کۆنەکان کۆتاییان بێت و جێگە بۆ دینامیکییەتی نوێی سەربازی و سیاسی چۆڵ بکەن.
تێگەیشتن لەوەی چییە روودەدات؟ بۆ روویداو؟ هۆکارەکانی چین؟ یارمەتیمان دەدات لە خوێندنەوەی لێکەوتەو ئاکامەکانی.
چەقبەستوویی وبنبەستی سیاسی وسەربازی رووخساری دیاری قۆناغی ڕابردوو:
سووریا خوێناویترین هەڵقەی بەهاری عەرەبی بوو، چارەنووسی شۆڕش لە سۆنگەی پشتیوانی بێدرێغی ئێران و رووسیاو ناکۆکی پشتیوانەکانی و وەحشیگەری شێوازە پەیرەوکراوەکان و تێکەڵکردنی بەپرسی تیرۆرو ئەو رۆڵە وێرانکەرەی بەداعش بینرا، نائومێدکەر بوو، رژێم لەو قۆناغەدا بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی تورکیاوە لەکەوتن رزگاری بوو، ئەوەش بە کارەسات بەسەریدا شکایەوە، کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ تورکیا و ناوچەکە بەدواوە بوو.
بریاری٢٢٥٤ ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەچارەسەری سیاسی کێشەکە لە سایەی راستیە مەیدانییەکان و هەستکردنی رژێم و هاوپەیمانەکانی بەسەرکەوتن و شکستی شۆرشی چەکداری، هیچ زەمینەیەکی پیادەکردنی لە بەردەستدا نەبوو. لەسایەی، باڵا دەستی سەربازی ئەوان، نەبوونی هیچ بریارو ئیرادەیەکی نێو دەوڵەتی بۆ گۆرینی رژێم، بوونی زیاتر لە ۱۰ملێۆن ئاوارەو نەگەرانەوەیان، سەیرکردنی سووریا وەك پردێکی ستراتیژی و دڵی بەرەی بەرەنگاری بەرێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، زەوتکردنی بریاری دیمەشق لەلایەن مۆسکۆو تاران و بەتایبەتیش دووەمیان، پێکەوە هەر جۆرە چارەسەرێکی سیاسی و قۆناغێکی ڕاگوزەریان لەووڵاتە ئەستەمکردبوو.
ئەستانە لە کەمکرنەوەی هەڵکشانەکانەوە بۆ چوارچێوەیەکی داڕزانی رژێم
رێکەوتنەکانی ئەستانە لە خوودی خۆیاندا ئاماژەبوو ن بۆ ئیدارەدانی کێشەکان لە جیاتی چارەسەرکردنیان و پارێزگاریکردن لە دۆخی لە ئارادا بوو دابەشکردنی ناوچەکانی نفوز. روانەگەکان بۆ بەرەنجام و داهاتوو جیاواز بوون.
رەنگە رژێم و هاوپەیمانەکانی بیریانکردبێتەوە، قەتیسدانی هێزە دژبەرەکان لە جوگرافیایەکی تەنگەبەرداو خستنیانە ناو لیستی تیرۆر بەسە بۆ تەقاندنەوەی کێشەکانی نێوانیان و بوون بەبار بەسەر تورکیاو دانیشتووانی ناوچەکەوەو سەرەنجام یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستەکە لەداهاتوودا بەقازانجی خۆیان.
بەڵام وادیارە توورکەکان لەوان دووربین تر بوون، مەبەستیانبووە بەهێشتنەوەی ئەو ناوچانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی رژێم چەندین ئامانج بەدیبێنن لەوانەش:
. هێشتنەوەی هێزوبنکە سەربازییەکانیان لەناوخاکی سووریا
. هەوڵدان بۆ گێرانەوەی ئاوارەکان
.
.دووبارە بیناکردنەوەی گرووپە چەکدارەکان و بەکارهێنانیان وەك کارتی فشار بەرامبەر کوردو رژێمیش.
.مانەوەی وەك لایەنێکی پشتگوێ نەخراو لە هاوکێشەی داهاتووی سووریا و هەرچارەسەرێك بخرێتە ڕوو.
.سوود وەرگرتنی ستراتیژی لەم ناوچە بۆ دووبارە سەرپێخستنەوەی شۆرش سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە گۆرینی رژێم لە کاتی بوونی هەر بۆشاییەکی ستراتیژیدا.
رەنگە توورکەکان لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیاوە هەستیان بەم بۆشاییە کردبێت، ۷ی ئۆکتۆبەرو لێکەوتەکانیشی بەتەواوەتی خستبنیە سەر ئەو باوەرەی، کاتی ئەوە هاتووە هاوکێشەکە بە قازانجی خۆیان قڵپ بکەنەوە، واز لە پینەو پەرۆ بێنن، بەدیار رووداوەکانەوە دانەنیشن، رێگە نەدەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بەتەنهاو لە دەرەوەی دیدو بەرژەوەندی ئەمانەوە خۆرهەڵاتی ناوەراست شکڵ پێبدەنەوە .
ئەو بۆشاییەی لە لاوازبوونی ئێران درووست دەبێتەوە خەڵکیتر پریبکاتەوە و ئەمان قسەیان تێدا نەبێت، خۆی بەشێ لە رەوایەتی لاواکردنی ئێرانی بەربکەوێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بناغەیە داوای بەش بکات، پێش ئەوەی ترەمپیش بێتە سەرکار واقیعێکی نوێ بسەپێنێت.
ئەوەش دووبارە وروژاندنەوەی پرسی چارەسەری سیاسی و سەرپێ خستنەوەی شۆرشی دەویست وەك لایەنی سەرەکی وەدەرنراو لە هاوکێشەکاندا، هەل و مەرجەکەش بۆم ئامانجە لەباربوو. پێشم وایە پێداگرتنی زۆری تورکەکانیش لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ سووریا و سەرۆکەکەی، هێندەی مەبەستی زەمینە خۆشکردن و پاساودانی پیادە کردنی ئەم نەخشەیە بووە، ئامانج خوودی خۆی نەبووە، تەنانەت زەقکردنەوەی مەسەلەی کوردی رۆژئاواو وێناکردنی وەك خەمی هەرە گەورەی تورکیا، لانی کەم بەشێکی بۆ پەردە پۆشکردنی ئامانجەکانی لەسەر ئاستی کۆی سووریاو ئێران ورژێم بووە.
بەم جۆرە ئاستانە ولێکەوتەکانی بوو بەهۆی ئەوەی رژێم بەدیار پشتیوانی ئێران و رووسیاو زەمانەتی تورکیاوە خەوی لێبکەوێت و سەرەنجام گەندەڵی و ناکارایی دابڕزێنێ و زەمینە بۆ خۆرێکخستنەوەی گرووپەچەکدارەکان وشۆرشی سووریاو وەبەرهێنانتیاکردنی تورکیاو هاوبۆچوونەکانی بێتە کایەوە.
سەرپێخستنەوەی شۆرش لە چوارچوەی پێوەرە نێو دەوڵەتیەکاندا و قڵپکرنەوەی هاوکێشە کۆنەکان
تێکەڵبوونی شۆرشی سووریا بە تیرۆر ئاڵنگاریەکی گەورەی بەردەمی بوو. هێزی سەرەکی زەبر وەشێنی پاشماوەی شۆرشیش دەستەی رزگار کردنی شام لەسەر لیستی تیرۆری هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی بوو، سەرپێخستنەوەی شۆرش دەربازبوون لەم تەڵەزگەیەی دەخواست. تورکیاو هاوپەیمانەکانی و گرووپە چەکدارەکانیش کاریان لەسەر ئەمە کرد، لەمەدا توورکەکان، ئەمریکییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشێك لە عەرەبەکان و خوودی دەستەش بەشدار بوون.
پلانەکەش تاکو ئێستا سەرکەوتوو بوو، ئەویش لەرێی چەندین رێکارەوە لەوانەش
:
* وێناکردنی سەرچاوەی کێشەکە بەملنەدانی ئەسەد بۆ چارەسەری سیاسی، تورکەکان و ئەمریکییەکان و تاراددەیەك نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆڵی زۆریان لەم بارەوە هەبوو.
* ئەمریکییەکان جگە لە تاوانبار کردنی ئەسەد بەوە، جەختیشیان لەوە کردەوە هەڵوێستیان بەرامبەری نەگۆراوەو دیکتاتۆرەو خوێنی گەلەکەی رشتوەو بەشێ نەبووە لە چارەسەر. تیرۆریشان لە داعشدا قەتیسدا و ئاماژەیان بە هاوپەیمانێتی خۆیان لەگەڵ قەسەدەو بەرگری لە هێزو بەرژەوەندییەکانیان کردەوە. رژێم و ئێران و هاوپەیمانەکانی کەشۆک بووبوون زۆر هەوڵیاندا ململانێکە لە چوارچێوە کۆنەکان و بەکێشەی تیرۆر وێنا بکەن بەڵام نەیانتووانی دوواتر ناچاربوون هەندێ بەخۆیاندا بچنەوەو لە جدددییەتی گۆرانکارییەکان زۆرتر تێبەگەن.
*
بەشێك لە راستکردنەوەی وێناتی تەحریری شامیش بە کردەوەو لە مەیداندا بوو. بەوەی هێزەکانی پرۆسەی بەرەنگار بوونەوەی دەستدرێژی، لەو شوێنانەی دەستی بەسەردا دەگرن ئەوپەری دیسپلینیان لە خۆیان نیشاندا، دەستدرێژیان بۆ سەر ژیان و موڵك و ماڵی هاووڵاتی و پێکهاتەکان نەکرد، لەرووی جل و بەرگەوە یەکپۆشن، تەنها ئاڵای شۆرشی سووریا بەکاردەهێن، سەرکردایەتیەکی دیارو هاوبەشی سیاسی و سەربازی سەرپەرشتی هێزەکان دەکەن، ئەوانەش ئەو مەرجانەن لە یاسا ی نێو دوڵەتیدا بۆ بزووتنەوەیەکی چەکداریی رزگاری نیشتیمانی دانپیانراو دیاریکراون.
لەروویەکی ترەوە
دڵنیا کردنەوەی پێکهاتەکان ، سەفارەتخانەکان، وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر زمانی خوودی جۆلانییەوە، تەنانەت وازهێنان لە ناز ناوی جۆلانی و گەرانەوە بۆ ناوی ئەحمەد شەرع و باسکردن لەوەی تەحریری شام بەشێکە لە شۆرشی سووریاو بەنیازی خۆ هەڵوەشاندنەوەیە، بەشێکیتری رێکارەکان بوون.
بەم جۆرەو لە بەرەنجامی سەرقاڵی و لاوازبوونی پشتیوانەکانی رژێمی سووریا، دارمانی رەوایەتییەکەی لەناو گەلداو درووستبوونی بۆشاییەکی ستراتیژی و یارمەتیدانی تورکیاو تێگەیشتنی ئەمریکاو خۆرئاوا دووبارە شۆرشی سووریا کەوتەوە سەرپێ، چارەسەری سەربازی بۆ دۆخی چەقبەستووی سیاسی لە ئارادا بوو کە یەکسانە بەتێپەراندنی مەرجەعییەتی ئاستانە دەرگا بەرووی چارەسەری سیاسیدا دەکاتەوە، لە ئەگەری رووخانی رژێمدا دۆخەکە بریاری٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتوووەکانیش تێدەپەرێنێت، ئیدی ئاڵنگاریە گەورەکە لەتوانای رووخاندنی رژێمەوە دەگۆرێت بۆ رێکەوتن لە سەر جێگرەوەی دڵخوازو کۆتایهێنان بە شەری ناوخۆو دارشتنەوەی سیستم و دەوڵەت لەسەر بناغەیەکی نوێی وا راستیەکانی واقیع و مافی سەرجەم پێکهاتەکان بگرێتە خۆ؟