485وتار

ئایە کۆنگرەی کۆمەڵ، یەکگرتوو بەرەو داخرانی زیاتر دەبات؟

2/20/2021 1:09:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی




سەرەتا پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەکەم بە بۆنەی  کۆتاییھاتنی کۆنگرەکەیانەوە. ھیوادارم بەردەوام لەگەشەکردن و پێشکەوتندابن و بەسەر ئاستەنگەکانی سەر ڕێگەیاندا زاڵ ببن. سەبارەت بەگۆڕینی ناوی حیزبەکەو ئاوەڵناوی کەسی یەکەمیش، حەزدەکەین ئەم سەرنجانەی خوارەوە بخەینە ڕوو:


١-  بەسیفەتی خاوەن فیکرێك کە چەندین ساڵە بانگەشە و تەنزیر بۆ نوێکردنەوەی تەوژی ئیسلامی دەکەم،  دەستخۆشی زۆرم بۆم ھەنگاوە بوێرو پێشەنگانە ھەیە.


جێگەی سەرنجە حیزبێکی پاشخان جیھادی بتوانێ ھەنگاو بە ھەنگاو خۆی بکاتەوە، تا دەگاتە لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی و گۆڕینی ناوی ئەمیرو پێشتریش گۆڕینی ئاڵا.

بە پێچەوانەی ھەندێ کەس و ناوەندیش لە بازنە ئیسلامی و عەلمانییەکەی کوردستاندا، کە لەم کاتانەدا  بۆ گومان خستنە سەر ھەنگاوەکان، دڵی خۆدانەوەو تێکنەچوونی ھاوسەنگی دەروونی و دەمارگیری حیزبی و ئایدۆلۆژی، کە ھەندێ ھەڵوێستی توندی فیکری مامۆستا عەلی باپیر لە رابردوودا دەکەن بە کەرەسەی ھەڵوێست دەربڕین، ئەو خاڵە  نەك ھەر نیشانەی لاوازی و دوو فاقیی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەرێنی و شایستەی پێشوازی لێکردنە، چونکە ئاماژەیە بۆ توانای ڕەخنە لە خۆگرتن و کرانەوەو تێپەڕاندنی قاڵبە زیھنییە کۆنەکان.

پێم وایە لەم ڕوەوە ئە وکەسانە زۆرتر لە ژێر پرسیاردان، کە لە کاتێکدا کۆمەڵ و سەرۆکەکەی بەو شێوەبوون، ئەوان ڕەمزی کرانەوە بوون، کەچی ئێستا لەکاتێکدا  م.عەلی باپیر و کۆمەڵ لە ھەندێ روەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوان بەجێدێڵن، ئەگەر نەگەرابنە دواوە لە جێی خۆیان چەقیان بەستوەو ھەموو گۆڕانکارییەك رەت دەکەنەوە!!


٢- گۆڕینی ناو سەرەتای ڕێگایە، کەسیش نەیوتووە  ھەر ھێندەی ناو گۆڕا، قەڵەمبازێکی گەورە ڕوودەدا، چونکە ناوگۆڕین و پاشگری ئیسلامی لابردن وەکو زۆربەی حیزبە ئیسلامیەکانی جیھان شکاندنی بەربەستێکە لە نێوان خۆت و خەڵکدا، پێش ھەموو کەسیش خەڵکە دیندارەکە، کە پاشگرەکە بۆی بووە بە سەرچاوەی گومان و بۆنی ئیستیغلالی دین کاسبی کردنی بەسەرییەوە لێ دەکات. وە ئاماژەی ئەرێنی ناردنە بۆ ناوخۆو دەرەوە لە چەندین روەوە، کە پێشتر لە کتێبەکانمان لەسەر تەوژمی ئیسلامی و پێویستیی خۆنوێکردنەوەی، ئاماژەمان پێکردوون.

بۆ ئەوەی ھێزێك بتوانێت دەرگای ڕۆڵبینینی سیاسی و جەماوەریی لەبەردەمدا کراوەتر بێت، پێویستی بە دووبارە خۆبیناکردنەوەو گۆڕانکاری قوڵتر ھەیە، کۆمەڵیش لەم روەوە ھێشتا ماوەی بەرچاوی لە بەردەمدا ماوە بیبڕێت، بەڵام ئەگەر لەسەر ئەم ڕیتمەی ئێستا بروا دەتوانێت لە ئایندەدا لەم روەشەوە ھەنگاوی گەورەتر بھاوێت.

ھەر لە ئێستاشەوە ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.


٣- ئەزموونی کۆمەڵ و نەھزەی تونسی و زۆر شوێنی تر پێمان دەڵێت: بە یەکەوە کۆبونەوەی سەرکردایەتی فیکری و سیاسی لە کەسی سەرکردەداو بڕوابوونی کەسی یەکەمی حیزب و ھێزەکان بەکرانەوەو پێداگری لەسەری، بەتایبەتیش لەم ناوچەدا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان ھەیە. ئەو ئەندازە کرانەوەو بەرەو پێشچونەی لەکۆمـەڵیشدا بەدیھاتووە، فەزڵی یەکەمی بۆ م.عەلی باپیر و توانای  خۆگۆڕینی ئەو دەگەڕێتەوە. لەکاتێکدا لێکجیایی سەرکردایەتی فیکری و سیاسی لە ھەندێ ھێزی تردا  چەندین دەرفەتی خۆ نوێکردنەوەی لەدەستدان!



قسەیەکی دڵسۆزانە بۆ یەکگرتووەکان:


 لەبەر ئەوەی کۆنگرەی کۆمەڵ کاردانەوەی جۆراوجۆری لەناو یەکگرتوودا بەدوای خۆیدا ھێناوە، کەشتێکی سروشتیە، حەزدەکەم ئەم سەرنجانە بخەمە بەردەم خوشك و برایانی خۆم:


١-  دەزانم بەشێکی بەرچاو لە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ بە ئاستی جیاواز تاڵاوی دەرونیان چەشتوەو ھەستیان بە جۆرێك لە بەجێمان کردووە! لەو سۆنگەوە کە پێیان وایە ھەندێ ھەنگاو لە لایەن ھەندێ ھێزەوە دەنرێت، کە بە بروای ئەوان لە رابردوودا لە رووی فیکریی وسیاسی و کرانەوەشەوە زۆر لە دوای یەکگرتوەوە بوون، وە دەبوو حیزبەکەی ئەوان ئەم دەستپێشخەریەی بکردایەو ئەوەندە لە گۆڕانکاری نەترسایە. نایشارمەوە براشتان لە کاتێکدا دڵخۆش بووم بەوەی لەسەر ئاستی ھێزێکی ئیسلامیدا، ھەنگاوێ بەو ئاقارەدا نراوە لەگەڵ فیکرو ھەوڵەکانی ڕابردووم تەبایە، لەھەمان کاتدا، ھەستم بە دڵتەنگی دەکرد کە یەکگرتوو بەخوت و خۆڕایی بە بیانووی زۆر لاواز، چەندین دەرفەتی لەم روەوە لە دەست خۆیدا!.

ھەر بۆیە لەم روەوە لە دڵەوە ھاوسۆزتانم، ئەوانەشتان لە رابردوودا بەشێ بوون لە ھەوڵی گۆڕانکاری، دڵتان بەوە خۆش بێت لە کاتی خۆیدا راست بیرتان کردۆتەوەو ھەڵوێستی راست و دڵسۆزانەتان بە ئاقاری بەرژەوەندییەکانی یەکگرتودا گرتووە. ھیوادارم بۆ بەشەکەی تریش کە بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان ھەبووە، ببێتە ھۆکاری بیرکردنەوەیەکی جیاوازو دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی گوتارو تەرح و قەناعەتەکان.


٢— ھەوڵدەن یەکگرتوو بەرەو داخرانی زیاتر نەبرێت، چونکە بەش بەحاڵی خۆم  پێشبینی ئەوە دەکەم. بە حوکمی ئەوەی، یەکێ لە کێشەکانی بڕیاردانی یەکگرتوو لە چەندین ساڵی رابردوودا،  کەوتنە ژێر کاریگەری کۆمەڵبوو! بۆ نموونە یەکێ لەو پاساوە بەردەوامانەی بەرامبەر ھەر داواکاری و بانگەشەیەك بۆ کرانەوە جەختی لێدەکرایەوە، ئەوە بوو کە ھەنگاوێکی لەو شێوە کۆمەڵ دەیقۆزێتەوەو شەقامە ئیسلامییەکە بۆخۆی دەبات! ئێمەمانان زۆرمان لێ داواکردن لە ژێر ھەژموونی کۆمەڵ لەم روەوە بێینە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە بێ سود بوو!!  ئستاش پێشبینی دەکرێت بە دیوەکەی ترداو بە ناوی ئەوەی کۆمەڵ ئاوەڵناوی ئیسلامیی لە خۆی کردۆتەوە، گۆرەپانەکە چۆڵ بووە و دەرفەتە بۆ راکێشانی سۆزی شەقامی ئیسلامی( کەنازانم چەندبوونی ھەیەو ئەگەر ھەیە چەندە)، ھەروەھا بە بیانووی ئەوەی ئێمە لەوە گەورەترین لاسایی کۆمەڵ بکەینەوە! بەرەو داخراوی زۆرتر برۆین؟


۳- تێگەیشتن لە دیاریکردنی کەرەسەو پێداویستیەکانی کاراو کاریگەربوونی سیاسی و نوێبوونەوەی روحی، مەسەلەیەکی زانستی و فیکرییە، بابەتی سۆزو حەماسەت بە خەرجدان نیە. سەرەتای ھەموو ھەڵسانەوەیەکیش، داننانە بە کەوتن و شکستدا.

جارێ شای ئێران داوای ھۆکاری شکستی شەڕێکی لە جەنراڵێکی خۆی کردبوو، ویستبووی پینەو پەڕۆ بکات، ئەویش وەساندبووی و پێی وتبوو: (تا دان بەشکستدا نەنێین و ھۆکارەکانی دیاری نەکەین، ناتوانین لە شەڕی داھاتودا بیبەینەوە!)

 بۆیە یەکگرتووەکان لە قازانجیانە دان بەوەدا بنێن ھەنگاوێك کە دەبوو ئەوان بینێن بە پاساوی لاواز نەیانتوانی! بەوەش دەرفەتێکی گرنگیان لە دەستدا.

خۆ خەریککردنیش بەوەی با مۆرکی ئسلامی و دەعەوییەکەمان تۆختر بکەینەوە بۆ ئەوەی ھەندێ لە دەنگەکان بەدەست بێنینەوە؟ لە چەندین روەوە ھەڵەیە لەوانەش:


أ- ھەڵبژاردنی پێشووی کوردستان ناومان نەگۆڕیبوو  لەگەڵ بزوتنەوەش دابەزین و گوتارێکی خەستی ئیسلامیمان تەبەنی کرد کەچی لە سەدا ٦٠/ ی دەنگەکان و ٥٠/ ی کورسیەکانمان لەدەستدا.


ب- خەڵکی کوردستان تا راددەییەکی زۆر ئەوەی تێپەراندووە دین لە کادری حیزبی وەربگرێت و بەو ھۆیەشەوە جەماوەر کۆبکرێتەوە.


ج- کۆمەڵ دام و دەزگای دەعەوی زۆرترە، سەلەفییەکانیش بەشێکی باش لە گۆرەپانەکەیان پڕکردۆتەوە، بۆیە ئەگەر مەبەست گەشەدان بە کورسی و سیاسی بێت ڕێگەی خۆی ھەیە، بانگەوازو کاری روحی و ئەخلاقیش بەھەمان شێوە.


بەکورتی، وا چاکە یەکگرتوو لە ژێر ھەژموونی کۆمەڵ و رەنگدانەوەکانی ململانێی حیزبیی نێوخۆیی بێتە دەرەوە و لە کاردانەوە خۆی بەدوور بگرێت. لە کەش و ھەوایەکی ئارام و ھەست بەلێپرسراویەکی قوڵدا بیر لە ئایندەو چارەنوسی خۆی بکاتەوەو ئەو ھۆکارو رەگانەش دیاری بکات کە چەندین ساڵە ڕێگرن لەوەی توانای قۆستنەوەی دەرفەتی فیکری و روحی و سیاسی ھەبێت و ئیرادەی گۆرانکاری لێ زەوتکردووە. ئاگاشی لەوە بێت وەک ھەر ھێزێکی تر مەشمولە بەرێسای خوایی (تداول)؛ وتلك الايام نداولها بين الناس.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن