گفتوگۆکردن بهپشتی بەتاڵەوە
12/16/2020 10:55:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی پەڕلەمانی
عێراق، سۆمۆی کردۆتە لایەنی عێراق بۆ ڕێکكەوتن
لەگەڵ ھەرێم!.
دیوە نەوتراوەکەی
ئەمەش ئەوەیە کە، پرسەکە واتە ڕێکەوتنی نێوان بەغداو ھەولێر لەبنەڕەتدا، مەترەح نیە
بۆ گفتوگۆی سیاسی، بەڵکو بۆقبوڵکردن یان رەتکردنەوەو سەپاندنە.
بەمانایەکی تر، فراکسۆنەکانی زۆرینە، تاراددەیەکی
بەرچاو، ئازادی گفتوگۆیان لەحکومەتی بەغدا سەندۆتەوەو ڕێکەوتنیان لەگەڵ ھەرێم بەستۆتەوە
بەشرۆڤەو ڕەزامەندی خۆیان وھێزو پارتەکانیان، ئەوەش لەڕوانگەی پێداویستیەکانی ھەڵبژاردن
و بەڕێوەبردنی ململانێکان لەنێو خۆیان و لهگەڵ ھەرێمیشدا. بەشێکیشیان کاربۆ لەقاڵبدان
وبچوککردنەوەی ھەرێم دەکەن، دەخوازن ئەودەرفەتەی
لەم روەشەوە بۆیان ھەڵکەوتووە، لەدەستی نەدەن.
بەحوکمی ئەوەی بڕوایان وایە ئەوەی لەدەستوردا بۆ کورد و گەلی
کوردستان بریاری لێدراوەو چەسپاوە، بەرھەمی فشاری دەرەکی و لاوازی وبەسەردا تێپەڕینەو
لە ئێستادا لێی پەشیمانن و بەدوای ھەلێکدا دەگەڕێن بۆ لێسەندنەوەو بێ ناوەرۆك کردنی.
کوردو دەسەڵاتدارانی ھەرێمیش لەم ڕوەوە دەرفەتێکی زێرینیان خستۆتە بەردەمیان!!
ئەودۆخە خراپەی ئەمڕۆ لەھەرێمدا ھەیە بێ پێشینەیە. پێگەی ھەرێمی بەئاستێکی ترسناك
لاواز کردووە.
قەیرانێکی قوڵی ئابوری، بێ متمانەیی مەترسیداری
نێوان ھێزە سیاسیەکان و زۆرینەی ھاوڵاتیان وحکومەت ونوخبەی حوکمڕان، نائومێدی لەئایندە،
بونی گەندەڵی و ناعەدالەتیەکی زۆر، شپرزهیی بەرەی ناوخۆ، بەحیزبی مانەوەی ھێزە چەکدارەکان،
نیمچە ڕوخانی ھەرێم لەڕوی ئەخلاقی و رەمزی وشکانی ھەیبەتی و روتبوونەوەی لە زۆر وێناو
بەھاو ڕەونەقی بۆ دروستکراو، بەسەر یەکەوە کارێکیان کردووە، گفتوگۆ کاری ھەرێم تاڕاددەیەك بێ وەرەقەو بەپشتی نیمچە بەتاڵەوە
گفتوگۆ بکات! گفتوگۆیەکی لەم جۆرەش، مەگەر پارسەنگێکی دەرەکی ھەندێ ھێزو ھاوسەنگیی
بۆ بگێرێتەوە، دەنا سەخت و ئایندە نادیار دەبێت، ھەروەھا ناچاری گفتوگۆ کاردەکات لە
دەرەوەی خواستی خۆی مل بەھەندێ مەرج و داواکاری بدات. ئەوەش وادەکات، پابەندبوون بە
ڕێکەوتنەکان لەداھاتودا، ملکەچی ھاوکێشەی ھێزبێت.
سەرەڕای ھەموو ئەم دۆخە، ھەوڵی تۆڵە کردنەوە لەپارتیش
لەبەر زیاد لەھۆکارێك، لەلایەن بەشێ لەھێزو فراکسیۆنە عێراقیەکانەوە، لەپاڵ بوونی
دەستێوەردانی دەرەکی، ھەلومەرجەکەیان ئاڵۆزتر وگفتوگۆکانیان زەحمەتر کردووە.