پەیامی ئەمریکا و ئەرکە چاوەڕێکراوەکەی سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەی دوای گەڕانەوەی؟
2/28/2024 5:49:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
قسەو لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەی
لەگەڵ سەرۆکی حکومەت لە واشنتۆن گرنگبوون. ڕەنگە کەم کات ئەمریکا بەو ڕوونی و ڕاشکاوییە هەڵوێستی لەمەڕ
پشتیوانی هەرێمی کوردستان و سروشتی پەیوەندی نێوانی هەردوولا دەربڕیبێت، ئەوەش بەشێکە
لە لێکەوتەکانی جەنگی غەززە.
بەڵام، هیچ شتێ لەمانە جێگەی لاوازییە ستراتیژییە
ناوخۆییەکانمان ناگرێتەوە. چونکە کێشەی گەورەی ئێمە ئەوە نییە دۆست و پشتیوانمان نییە،
یاخود دوژمنمان زۆرە، بەڵکو ئەوەیە خۆمان پشتیوانی خۆمان نین و گەورەترین دوژمنی خۆشمان
هەر خۆمانین! ئەگەر تا دوێنێ بەشێ لە مونەوەرانی ئێمە هەژاری و نەخۆشی و نەزانییان
بە دوژمنی ئێمە دەزانی، لەمڕۆدا ناکۆکی و گەندەڵی ژێرخان و ڕەگ و ڕیشەی قوڵی لاوازییەکانی
ئێمەن. ئەم دۆخەش بە ناوەڕۆکە ئەخلاقی و سیاسی و نەتەوەیی و نیشتیمانسازییەکە، بەرجەستەی
هەرسێ هۆکارەکەی دواکەوتنی ئێمەش لە هەندێ قۆناغی ڕابردوودا دەکات، چونکە بەتەواوی
مانا نوخبەی سیاسی ئێمە، بەتایبەتیش نوخبەی حوکمڕان، هەروەها بەشێ لە نوخبەی فیکری
و ئابووریش، لەڕووی ئەخلاقییەوە هەژارن، بەدەست نەخۆشی بوغز و کینەیەکی کەڵەکەبوو،
سنووردانەنان بۆ هەندێ غەریزە لەوانەش خۆشویستنی دەسەڵات و سەروەت و باڵادەستی و بەدیهێنانیان
بەهەر نرخێ بووە، دەناڵێنن، نەزانییەکەش لە درێژەدان بە شەڕ و گەمە بچوکەکان، لەبیربردنەوەی
ئەرك و ئامانجە گەورەکان، کە خۆی لە هەرێمێکی یەکگرتوو بەهێز و خۆشگوزەران و دادپەروەر
و دیموکرات و خاوەنی دام و دەزگای نیشتیمانی تۆکمەو وخاوەن دەسەڵات و گەلێکی ئومێدەوار
و شانازیکەردا دەبینێتەوە.
ئەمەش بیری وتەکەی ڕۆسۆمان دەخاتەوە کاتی خۆی بەرامبەر
هەندێ کەس لەسەردەمی خۆیدا وتوویەتی: خودا عەقڵی پێداوین و ئاسنیشی لە زەویدا بۆ
دروست کردووین لەوە زیاتر چاوەڕێی چی لێدەکەن، بێت لەجیاتی ئێوە کارەکانتان بۆ
بکات؟ هەمان شت بۆ ئێمەش ڕاستە. خودا دەرفەتی مێژوویی پێداین، جۆری سیاسەتکردنمان
پێمان دەڵێت سوپاسمان نەکرد. سوودی پێویستیشمان لە یارمەتی و دەرفەتخوڵقاندنی دۆستەکانمان،
لەوانەش ئەمریکا وەرنەگرت، دوا نموونەشپرۆسەی بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگەیە کە
پێشمەرجی هەر هەنگاوێکی گەل و نیشتیمانسازییە، کە یەکێتی و پارتی لە سۆنگەی هۆکاری
حیزبیی و بەرژەوەندی و ناسنامەی خوار نەتەوەیی و بێمتمانەیی بەیەکتر و گوێنەدان بە
دروستکردنی دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی مۆدێرنی ڕێزلێگیراو، تاکو تائێستا پەکیان خستووە!
کاتێك سەرۆکی حکومەت بەناوی هەرێمی کوردستانەوە
قسە دەکات، خۆشی لە هەمووان باشتر دەزانێ لەگەڵ واقیعی دابەشبووی هەرێم بۆ زۆنە حیزبییەکان
و مانەوەی بازگەکانی شەڕی ناوخۆ، ناکۆکی قوڵی دوو حیزبەکە، بوونی فرە دەسەڵاتی، پەیوەندیی
هەرێمی و ڕووانینە ڕووداوەکان و جۆری مامەڵە لەگەڵکردنی جیاواز و لەشکری حیزبیی،
ناتوانێت بەکردەوە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکات و گوزارشتی لێبداتەوە. بۆیە،
پێش ئەوەی داوا لە ئەمریکا بکەین هەرێم بپارێزێت، دەبێت ئیرادەی بیناکردنەوەی هەرێمێکی
یەکگرتوومان هەبێت، دەبێت هەرێم بەکردەوە بوونی هەبێت و دەسەڵاتێکی یەکگرتوو حوکمی
بکات کۆتایی بەم فرەدەسەڵاتیە بێت، بەرنامەیەکی نیشتیمانیمان بۆ چاکسازی هەبێت، نەك
وەك ئێستا گەندەڵکار بەکردەوە پارێزبەندیی یاسایی هەبێت، هەرێمێکی بەهێز بەو جۆرە
دروست دەبێت، خۆشمان دروستی نەکەین هێز نیە بۆمان دروست بکات. کاتێك وەزیری دەرەوەی
ئەمریکاش ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لەگەڵ هەرێمێکی بەهێزداین، ئەگەر لەڕوویەکەوە مەبەستی
ئەوە بێت دژ بە هەوڵە دەرەکییەکان و لەوانەش عێراقییەکانن بۆ لاوازکردنی هەرێم (هەرچەند
ئەو لێدوانانە هەنگاوە کردەوەییەکانی بەو مەبەستە سست نەکردووە) ئەوا لەڕوویەکی ترەوە
دەیەوێت دوو پەیامی تر بگەیەنێت:
١- کار لەسەر دروستکردنی هەرێمێکی بەهێز بکەن لەو پێناوەشدا ئەمریکا پشتیوانتانە.
٢- ئەوەی بەکەڵکی هاوبەشییەتی ئەمریکاو دۆستایەتی ئەو دۆستە هاوپەیمانەکانی
تر دێت و گرەوی لەسەر دەکرێت، هەرێمێکی یەکگرتوو گەشاوەو بەهێزە. دەنا هەرێمی
گرفتار بەدەست ناکۆکی و گەندەڵی و قەیرانی سیاسی و ئابووری و نائومێدبوونی زۆربەی
گەلەکەیەوە بەکەڵکی دۆستایەتی و گرەو لەسەرکردنی ئەوان نایەت. گەر بەم جۆرە لە پەیامەکان
تێنەگەین بەهەڵەدا دەچین و لە بازنەیەکی قانگدراوی داخراودا دێین و دەچین. لەم بارەشەوە
دەرگا تا هەتایە کراوە نییە، گەر گۆڕانی ئیدارەکان لە واشنتۆنیش کاریگەر نەبن، کە
ئەگەری هەیە، گۆڕانی هاوکێشەو ئامانجە لەپێشینەکان لە سەرەپێچێکدا قەوارەی هەرێم تێپەڕێنیت
و بمانکات بە قوربانی دوواکەوتوویی و لاوازیی هوشیاری مێژوویی و هەستی نیشتیمانی و
ئەخلاقیی نوخبەی بڕیاربەدەستی حیزبیی.
بەگشتی، گەر یەکێتی و پارتی بەرنامەیەکی ئاشتەوایی نیشتیمانی و تێپەڕاندنی دۆخی باڵادەستی
نەخوازراو و نائومێدکەری ئێستایان نەبێت، ئەگەر بەرنەوەندی ئەمریکا لەوەشدا بێت قەوارەی
هەرێم بمێنێ، ڕێگر نابێت لەوەی لاوازی و داڕووخانەکانی ناوی درێژەیان نەبێت، ڕابردووش
پێمان دەڵێت گرەنتی پاراستنی هەرێم سوورترمان دەکات بۆ گەرمترکردنی ململانێ ناوخۆییەکان!
نەك قۆستنەوەی دەرفەتەکە بۆ کەڵەکەکردنی هێز و لەسەر پێ خۆ وەستان و چارەسەرکردنی
کێشەو لاوازییەکان! (هەڵبەت گەر باسی هەرێم نەماو دۆخێکی دیاریکراو پرسی سەربەخۆیی
هێنایە گۆڕێ قسەی جیاوازتری دەوێت).
لە ڕوانگەی ئەوەی وتمان چاوەڕێ دەکرێت کاتێ سەرۆکی
حکومەت گەڕایەوە سەرۆکی پارتی و جێگرەکەی تری بخاتە چوارچێوەی دیمەنەکەیەوەو کۆبوونەوەیەك
بە سەرکردایەتی حیزبەکەیان بکەن، دەستپێشخەرییەك بۆ دەرچوون لەم دۆخەکە خنکاوە بە
ئاراستەی بیناکردنەوەی سەرچاوەکانی هێز و مانادان بە هەرێم و کوردستانی باشوور و بەدیهێنانی
چاوەروانییەکانی گەل، ڕابگەیەنن و قۆناغێکی نوێ دەست پێبکەن. بەدەر لەوە، دانیشتن
بە دیار لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەرچەند باش و دڵخۆشکەریش بێت، داد نادات.