40وتار

کەرکوك لە ئومێدی هەڵسانەوەوە بۆ نووسینەوەی شکستێکی تر؟

5/31/2024 10:23:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی



هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووك، دوای زنجیرەیەك شکست و پاشەکشەی کورد لە شارەکەدا، ئاهێکی بەبەر غەمخۆرانی پرسە نەتەوەییەکەو ئەو بەشە خۆسەویستی یەی کوردستانی باشوور هێنایەوە. بەشداری کورد گەرچی لەئاست ئاڵنگارییە گەورەکەدا نەبوو، بەڵام دووای لافاوێك لە نائومێدی و خود نەفرەتی سیاسیی، بەدەستکەوت و پێشمەرجی هەڵسانەوە لەقەڵەم دەدرا.
 یەکێتی و پارتی لەگەڵ ئەوەی لە پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشدا شکستیان خووارد، کە ئەرکە نەتەوەییە هاوبەشەکەو چاوەڕووانی کوردانی شارو ناوچەکە دەیخستە ئەستۆیان و لە ئاستیدا نەبوون، هاووڵاتیانێکی زۆر سەرەڕای نارەزاییان لە ئەدائی رابردوویان لەشارەکەدا، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشدارییەکی گەرمیان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد.
بەوەش دەرفەتێکی تری نوێنەرایەتی کردنی ئەو بەشە لە گەلی کوردستانیان بە هەردوو پارتەکە بەخشیەوە، بەو هیوایەی بەخۆیاندا چووبنەوەو رووداوو گۆڕانکاریەکان زۆر شتی فێر کردبن، بەرەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، دەبێتە ئاوێنەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و دیاریکردنی کارایی و کاریگەری هەندێ گووتارو وێناو گرەوکردن، کەرووداوە تاڵەکانی ساڵی٢٠١٧ و دوواتر، لای هەندێ  هێز درووستیان کردبووون. ئەوەش وا دەکات سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ یەکتردا دەستپێبکەن و دابڕانێ لەگەڵ رق و یەکتر بە نەفرەتکردنی رابردووی نێوانیان دابنێن و چیتر بەتونێڵێکی تاریکی ئەو سەرداخراوی بێ ئاسۆدا نەڕۆن.
هەروەها نەچنەوە ناو ئەزموونێکی شکستخوواردووی تاقیکراوە.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو چاوەرووانییە رەواو خاوێن و گەشبینە، ئێستای واقیعی لایەنی کوردی لە ئەنجوومەنی شارەکەدا، کەبەداخەوە بەدیاریکراوی دووحیزبەکە نوێنەرایەتی دەکەن، نەبوونی هیچ دیدو چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ لێکدانەوەو گفتوگۆکردن و هاوپەیمانێتی درووستکردن، نەك هەر لە ئاست ئەو چاوەڕوانییەو لێپرسراوی لە ئەستۆگرتنی کوردی شارو ناوچەکەدا نییە، بەڵکو زیاتر لەجاران گوومان دەخاتە سەر هەر دروشمێکی نەتەوەییان دەربارەی کەرکووك و کۆی ناوچە کوردستانییەکانی هەرێم لە داهاتوودا، بیرکردنەوەو جووڵەکردن لە ئاستی خوار نەتەوەیی حیزبی و درێژەدان بە ناکۆکیەکی عەبەسی و خۆشکاندن لەسۆنگەی رق بەرامبەر یەکتر لەبەردەمی بەرامبەری نەتەوەیی و عێراقی و لەئەستۆ نەگرتنی لێپرسراوێتی هاوبەش و مێژوویی و ئەخلاقی لەبەرامبەر ئەو ئەمانەتەی هاووڵاتیان بەدەنگەکانیان خستوویەتیە ئەستۆیان، دەیسەلمێنێت، لەئاست ئەمانەت و تەحەداکان و ئەرکەکانی قۆناغەکەو خەمە نەتەوەییەکەدا نیین، چوونکە جارێکیتر لەجیاتی ئەوەی ئەم هەڵسانەوە بکەن بەسەرەتای ڕاستکردنەوەی دۆخە پێشە نەخوازراوەکە، بەقازانجی یەکلاییکردنەوەی ناسنامەی کوردستانی ئەوبەشە لە کوردستان بیبەنە پێشەوەو کەڵەکە بوونی لەسەر بەدیبێنن، کەرکووك دەکەن بە گۆڕەپانی شکستێکی تری پاشماوەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و سەرچاوەیەکی تری نائومێدی کوردستانیانی غەمخۆر و دڵ سارکردنەوەی کوردی ناوچەکەش بۆ داهاتوو،  ئەوەش نەك تەنها لەو شارەدا، بەڵکو لەسەرئاستی کۆی  باشوورو پارچەکانی کوردستان و کوردی دیاسپۆرا. سەرچاوەی هەموو ئەوەش بە ئامانج کردنی حیزب و دەست ڕۆیشتووەکانی ناوی و ئامراز کردنی مەسەلە نەتەوەییەکەو کەرکووكە.

بۆیە جارێکی تر گەر بۆلای خوواو مێژووش بێت بانگەواز لە سەرکردایەتی هەردوو حیزب دەکەین، هەست بەهەڵە مێژووییەکانیان لە ئێستای واقیعەکەدا بنێن، کەرکووك هێشا بەقانوونی هی کورد نییە و ئەگەری لەدەستدانی یەکجارەکیشی کەم نییە، تا وەك شارێکی ئاسایی سەیری بکەن و شەڕی کەمینەو زۆرینەی تیدا بکەن، بیکەن بە گۆڕەپانی درێژەدان بە ناکۆکییەکی داڕزێنەرو بێواتای مێژوویی نێوانتان، کە بەدرێژایی مێژووەکەی، جگە لە شکست، دەرفەت لە دەستدان، ڕسوواکردنی کورد و شێواندن و فەلەجکردنی ناسیۆنالیزمەکەی، نائومێدکردنی گەلەکەمان،  بێناوەرۆک کردنی ئەزموونە حوکومڕانییەکەی و دڵساردکردنەوەی دۆستان و دڵخۆشکردنی ناحەزان، هیچ دەستکەوت و بەرەنجامێکی تری نەبووە و ناشیبێت.

بۆیە هەروەك دووای هەڵبژاردنەکە نووسیمان  بژاردە راستەکە ئەوەیە پارتی لە کەرکووك پێوەری هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی نادیدە نەگرێت، لەچاوی خەڵکی شارەکەوە بڕوانێتە بەش و کارایی و کاریگەری هێزی بەرامبەر، یەکییەتیش لە موسڵ هاوشێوەی ئەوە بکات. هەردووکیشیان لەسەر نەخشە ڕێگایەك بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆی دۆسێی ناوچە کوردستانییەکان ڕێک بکەون. بەدەر لەوە خراپە بەرامبەر خۆیان و میللەتەکەیان دەکەن و بەشێوازی جۆراو جۆریش هەردوولا لە داهاتوودا باجەکەی دەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن