732وتار

وروژاندنی لامەرکەزی دەرفەتێك بۆ پرسێکی گەورەتر؟

5/16/2020 11:54:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی

 لامەرکەزی لە چوارچێوەی قەوارەی دەستوریی هەرێم و بەوجۆرەی ئەمشەو پارێزگاری سلێمانی کاك د.هەڤاڵ خستیە ڕوو، نەك هیچ مەترسیەكی تێدا نیە، بەڵکو پێویستییەکی نوێ بوونەوەی کارگێڕی و قوڵکردنەوەی بەشداری هاوڵاتیان و باشترکردنی خزمەتگوزاریەکانە. ئەوەی گومانی بەدەوری پڕۆژەکەدا هەڵچنیوە، خستنە ڕوویەتی لەسەردەمی  قەیرانی سیاسی و دارایی ئێستای هەرێم و بێ متمانەیی نێوان هێزەکان و بەتایبەتیش لە نێوان پارتی و یەکیەتی دا. خستنە ڕووی پڕۆژەکان لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئەگەری لە بارچوون و بە وەرەقەی سیاسی کردنیان چەند قات دەکاتەوە. پوختەی قسە لێرەدا بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و سەرخستنی ئەم داخوازیە ڕەوایە ئەوەیە کە، کارکردن بۆ بەدیهێنانی بخرێتە چوار چێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورەتر لەمە بۆ دوبارە بیناکردنەوەی کۆی سیستمی حوکومڕانی و دام و دەزگاکانی هەرێم و خودی مەرکەز کە بە مانای وشە نیمانە و هەرێم بە دەست فرەمەرکەزی واتە فرەدەسەڵاتیەوە دەناڵێنێت. ئەوەش لەڕێی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- یەکخستنەوە و دوبارە بیناکردنەوەی ئەو هێز و دام و دەزگایانەی نابێ ناوچەیی و حیزبی بن و پێویستە لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندیی هەرێمەوە سەرپەرشتی بکرێن. لەوێنەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش.

٢- بیناکردنەوەی بیرۆکراتیەت و پێناسەکردنێکی وردی پلەی وەزیفی و بەرزکرنەوەی فەرمانبەر بە گوێرەی پێوەرە وەزیفیەکان لە خوار بریکاری وەزیرەوە و دەرهێنانی فەرمانگە کارگێڕیەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان لە دەستی مەڵبەند و لقە حیزبیەکان.

٣ سازان لەسەر ڕەشنوسی دەستوری هەرێم و پەسەندکردنی لەڕێی ڕاپرسی گشتیەوە، بۆ ڕێکخستنی کۆی ژیانی سیاسی هەرێم و بەدەستوری کردنیان و دەستەبەرکردنی زەمانەتی دەستوری بۆ:

١- یەکێتی خاکی هەرێم
٢- بێ لایەنی و بەنیشتمانی کردنی پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگریەکان و هێزە چەکدارەکان بە ناونیشانە جۆراو جۆرەکانیانەوە.

٣- لامەرکەزیەتێکی ڕاستەقینەی کارگێڕی کە لەئاستێکدا
لامەرکەزیەتی دارایش دەخوازێت و بێ ئەو واتای نابێت.  بەم جۆرە ئەم پرسە دەبێت بە دەرفەتێ بۆئەوەی لە ماوەی ساڵێك بۆ دوو ساڵدا دۆخێکی نوێ بێتە کایەوە و مەرکەزێکی هاوبەشی ڕاستەقینەمان هەبێت و لە فرە مەرکەزی ڕزگارمان بێت و لامەرکەزیەتێکی کرداریشمان بۆ فەراهەم بێت.
تا ئەو کاتەش لەڕێی وەگەڕخستنی هەندێ یاساو دەرکردنی هەندێ پەیڕەو و ڕێنمایی پێویست بەشێ لە دەسەڵاتەکان بەکردەوە شۆڕ بکرێنەوە و بدرێن بە پارێزگار و یەکە کارگێڕیەکان لە ئاستی پارێزگاکاندا. لەوەش زیاتر دەڵێین: ئەوەی سەرەوە لە گەڵ شەفافکردنی سەرچاوەکانی داهاتوو کۆتایی هێنان بە تاڵان لە بەرگی گەندەڵیدا پێشمەرجن بۆ ئەوەی هەرێم لە هەندێ چارەنوسی نەخوازراو ڕزگاربکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن