ھەرێم و دۆخی شەیتانپەرستی سیاسی
11/9/2022 9:29:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
ناکۆکییە
بێکۆتاییە عەبەسییەکەی کوردستانی باشوور، کەلە شەستەکانەوە تاکو ئێستا درێژەی
ھەیە، لە ھەڵکشانێکی نوێیدا، ھەڕەشە لەم ئاستە ناچیزەی پێکەوە کارکردنی ئێستای نێوان
پارتی ویەکێتی دەکات!
ئەگەر جاران
ولەپێش ڕاپەڕیندا، کوردو بزوتنەوە سیاسییەکەی، خەونییان بەوە دەبینی، دەمییان بە
دیبلۆماتێکی بیانی بگات، بۆ ئەوەی ھەندێ شەرحی حاڵی خۆیانی بۆبکەن ودوای ھاوسۆزی
وپشتیوانی لێبکەن، ئەوا لەئێستادا، ھێزە حوکمڕانەکان، نوێنەرو کونسوڵی وڵاتان
لەھەرێمەکە کۆدەکەنەوە، بۆئەوەی لەلایان سکاڵا لە دژی یەکتر بکەن، ھەریەکەیان ئەوی
دی تۆماربکات بە تاوان ویاسا شکێنی وگەندەڵی وتیرۆرو بیانکەن بەشاھید بەسەردۆخەکەو
ئەوپێشھاتانەی، ئەگەری ھاتنە پێشەوەیان ھەیە!
ئەمەش ئەوە
دەگەیەنێت کوردی باشورو مەسەلەکەی، خاوەن دامەزراوەو نوێنەری نیشتیمانی ویەکگرتووی
خۆیان نین! ناسیۆنالیزمی کوردی، وەك پیشەی
ناشیرینی مێژووی ھاوچەرخی خۆی، لەسەر ئاستی ھەندێ حیزبی ناکۆك ودژبەیەك، کەزیاتر
لەتایەفەی سیاسی دەچن، ئامادە یی ھەیە، نەك دام ودەزگاو سەرکردایەتیەکی نیشتیمانی
یەکگرتووی خاوەن دیدگاو بڕیار!
ئەوەش خۆی
لەخۆیدا فۆرمێکی ناکارایی وئامادە نەبوون دەخاتە ڕوو، بەحوکمی شێواوی وبێپەیامی
ئامادەبوونەکە. ھەمووئەمەش وامان لێدەکات بڵێین: نوخبەی حیزبیی حوکمڕان ومیراتگری
ململانێ ناوچەیی وگروپییە خوار نیشتیمانیەکە، بەئاستی جیاواز لەدۆخی شەیتان پەرستی
سیاسیدا دەژیت!
چونکە بەگوتەی
بیرمەندی ئێرانی (سروش), شەیتان لەپشت دوژمنایەتی وکینەو بوغزەوە خۆی مەڵاس داوە. لەکاتی ڕقەبەرایەتی وناحەزی لەم
جۆرەدا، بەڕێگەی شەیتاندا دەڕۆین، کەبەگوێرەی جیھانبینی یەکتاپەرستی جگەلەخراپەو
تاوان وزیان، شتێکی تری بۆمرۆڤ وگروپە مرۆڤایەتیەکان ناوێت.
ڕقەبەرایەتی
وناکۆکیش، بەڕق وبوغزو کۆنە قین، چارەسەر ناکرێن، چونکە پێویستیان بە ڕوو بەڕوو
بوونەوەیەکی شارستانی بوێرانەو ئەخلاقیانەی خود ھەیە( السیاسة والتدين دقائق
نظريةومازق علمية ص١٠٩)
بۆئەوەی لەوبازنە
داخراوو قانگدراوە بێینە دەرەوەو لە فەزایەکی کراوەی ئەخلاقی ونیشتیمانییەوە
بەرەنجامە کارەساتبارەکانی درێژەکێشانی ئەم دۆخە ببینین وھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین
وبیر لەچارەسەرێکی ڕیشەیی بکەینەوە. بەدەرلەوە ئێمە لەبواری سیاسی ولەم
چوارچێوەدا، لە جیاتی ھەوڵدان بۆ خوداو خەڵك، لەخەمی شەیتان لەخۆ ڕازیکردنداین!