کوردستان پێویستی بە کۆکردنەوەی تواناکان و نوێکردنەوەی عەقڵیەتەکانە؟
6/19/2020 3:25:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
هێڵە گشتیەکانی نەخشە ڕێگایەك
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.....
نەگونجاوە، سەرکردەی حیزبەسیاسیەکانیش، هەروە ك
کەسانی تر، هەرخەریکی وەسفکردنی واقیع وداخ هەڵڕشتن و یەخەهەڵتەکاندن و تۆمەت لەخۆ
دوورخستنەوەو لێدوان و ڕەخنەگرتنێکی گشتی بن. ئەوان ئەگەر خۆیان بەسەرکردە دەزانن،
دەبێت لێپرسراوێتی لە ئەستۆبگرن و لەخەمی گەڵاڵە کردنی نەخشە ڕێگایەکدابن، بۆ دەرچوون
لەو قەیرانە فرەڕەهەندەی یەخەی هەرێمی گرتووە. ئەوپەرەوازەیی و قەیران و نائومێدیانەی
لەئێستادا بوون بەهەڕەشەی جدی بەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم و ئایندەی گەلەکەیەوە، بەڵگەن
لەسەر نیمچە دەستەوستانی نوخبەی سیاسی و حیزبی وحوکومڕانی باشوور. چونکە سەرکردە کەسێکە،
کاتێك دۆخێ دەگاتە بن بەست، دەلاقەو پەنجەرەی ئومێدو چارەسەری نوێ بەڕووی گەلەکەیدا
دەکاتەوە. دەست بەرداری خەم وگەمەو ئامانجە لەپێشینە بچوکەکانی دەبێت و هەمووکات و
توانای بۆ خەمخواردن لەخەمە گەورەکانی خەڵك وگەل و وڵاتەکەی تەرخان دەکات. لەم ڕوانگەشەوە،
ئەرکی سەرکردەو حیزبە سیاسیەکانە، چیتر بەم جۆرەی ئێستا نەمێننەوەو ئەگەر پێیان وایە
توانایان لەدەست نەداوە، دەستپێشخەری بەدەست بێننەوە. لانی کەم بۆ بەرگرتن لە داڕوخانی
زیاتری دۆخەکەو تێکەڵ کردنی هەوڵ و تواناکان، بە مەبەستی ڕوبەروبوونەوەی قەیران و
ئاڵنگاریەکان. هەرلەم ڕوانگەوە ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمە، بەکردەوە ڕێز لە فەلسەفەی
بوونی خۆی بگرێت، کەبەشێکی گرنگی لە ڕۆڵی ناوبژیوانی نیشتمانی و نزیککردنەوەی دیدو
هێزەسیاسیەکان لەیەکترو خوڵقاندنی کەش وهەوای گفتوگۆو بەیەکەوە کارکردندا بەرجەستە
دەبێت. لانی کەمی ئەوەی بۆ ئێستاش پێویستە، کۆتایی هێنانە بەم گەڕەلاوژێ سیاسیەو کۆبوونەوەو
بەیەکەوەقسەکردنی هێز و بەرپرسەکان و گەیشتنە نەخشە ڕێگایەکە لەپێناو کۆکردنەوەی
وزەو تواناکان، بەئامانجی هێنانەدی ئەم داخوازی و ئامانجانەی لای خوارەوە :
١) هێنانەدی ئاشتەوایی
نیشتمانی وئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان و نەهێشتنی ئەو هەموو ناکۆکی و گرژی و یەکتر
سوککردنەی لەنێوان هێزەکان و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتیدا لەئارادایەو زۆر سنوری بەزاندووە
.وە نیشاندانی هەندێ نیازپاکی پێویست لەلایەن هەندێ لەلایەنەکانەوە لەوانە داخستنی
هەندێ دۆ سیەو پێداچوونەوە بەهەندێ قەناعەت و بڕیاری حیزبی لەوەو پێش، کەبوونەتە هۆکاری
دروستکردنی بەربەستی دەروونی و ناتەوانی لەگەڵ یەك دانیشتن و کاری هاوبەشی ڕاستەقینە
پێکەوەکردن لەنێوان پێکهێنەرانی حکومەتی سێ قۆڵی.
٢) ڕێکەوتن لەسەر
بەرنامەیەکی کورت مەودای فریاگوزاری خێرا بۆ بەدەمەوەچوونی قەیرانەکان و سوك کردنی
باری شانی هاوڵاتیان و دابینکردنی موچەو ڕێگەگرتن لە داڕوخانی زیاتری دۆخەکە.
٣ )گەیشتن بەلەیەکتێگەیشتن
و دیاریکرنی هەندێ نەگۆڕی نیشتمانی و سیاسی و هێڵی سورو بنەمای هاوبەش و چوارچێوەی
گشتی کارکردن، وەك زەمانەتێکی قۆناغەکە و لەگرێژەنە دەرنەچوونی دۆخەکەو ڕێگرتن لەخراپ
سود وەلێوەرگرتنی دەرەکی و سنوردانان بۆ ناکۆکیەکان و یەکتر ڕسواکردن، بەتایبەتیش
لەنێوان پارتی ویەکێتیدا.
٤ ) دەستپێکردنی
گفتوگۆیەکی نیشتمانیی و ستراتیژی لەنێوان هێزەکان و نوخبەی هەرێم لەماوەیەکی زەمەنی
دیاریکراودا، بۆنموونە سێ مانگ بۆ شەش مانگ، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە ی نێوان هێزەکان
و گەیشتن بە لێتێگەیشتنی هاوبەش بۆوەسفی کێشەکان و چۆنیەتی کاری هاوبەش و ئیدارەدانێکی
ئەخلاقی و عەقڵانیانەی جیاوازیەکان و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و نیشتمانی بۆکێشەکان
و دەرچوون لەبازنەی عەقڵیەتی ڕابردوو، کە واقیع سەلماندی تەنها کاری لەسەر ڕوکەش
کردووەو هەندێ جار پینەوپەڕۆی ناوناوە چارەسەرو بەشێکی باش لەچارەسەرکانیشی
دواخستنی کێشەکان بووە بۆ قۆناغی داهاتوو!! ئەوەش ئەوکەڵەکەبوونەی کێشەکانی لێ کەوتۆتەوە
کە ئەمڕۆ هەموان بەچاوی خۆمان دەیبین. جگە لەوە عەقڵیەتی پێشوو دەریخستووە، مەقتەعی
و زەرفی بیری کردۆتەوەو بەسەرپێی بڕیاری داوەو لەهەندێ ڕوەوە کاتی بەڕێکردووە وەهمی
بەخشیوەتەوەو کاری لەسەر ژێر خانی کێشەکان نەکردووەو نەیتوانیوە بەربەستەکانی بەردەم
چارەسەری نیشتمانی تێپەڕێنێ و دیدێکی حیزبیانەی سنوردار بەسەر دیدگاکانیدا بۆ چارەسەر
زاڵ بووە؟! ئەوەی کەپێویستیشە، لەم گفتوگۆیە بکە وێتەوە:
گەیشتنە بەڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەکی دووبارە بینا
کردنەوەو چاکسازیەکی فراوان، بەم جۆرەی خوارەوە :
١ ) ڕێکەوتن لەسەر
ڕەشنوسی دەستوری هەرێم و ڕاپرسی لەسەرکردنی. چونکە نەبوونی دەستور وەك چوارچێوەیەك
بۆڕێکخستنی ژیان و کۆمەڵگەی سیاسی، جگە لەوەی پرسیارێکی یەکجار گەورەی خستۆتە سەر
نوخبەی سیاسی ئەم وڵاتەو ناسیونالیزمی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا، ژیانی سیاسیشی شێواندووە.
دەبێت لەو دەستورەشدا بەشێ لە خواستە جەماوەری و دیموکراسیەکان بگونجێنرێن، لەوا نەش
:
جیاکردنەوەی هێزە چەکدارەکان دەزگا هەواڵگریەکان
لەکاری سیاسی و ملکەچبوونیان بۆ چاودێری و لێپێچینەوەی پەڕلەمانی و قەدەغەکردنی
کاری حیزبی لەناویانداو چەسپاندنی دادپەروەری لەناو پێکهاتەکان و بیمەی کۆمەڵایەتی
و بەهێزکردنی دامەزراوە چاودێریەکان و چەندین شتی تر. هەربەهۆی دەستوەرەوە دەتوانین،
ببین بە خاوەنی هەندێ دەزگای ناوبژیوانی فەرمی، بۆپەناپێ بردنی لەکاتی جیاوازی و
ناکۆکیەکاندا، لەوێنەی دادگای دەستوری. ئەمە جگە لەوڕۆڵە مەرجەعیەی خودی دەستور دەیبینێ.
هەروەها ئەو ڕەوایەتیەی بەخەباتکردن لەپێناو دەستور سالاریدا دەیدات، بەحوکمی ئەوەی
بوونی دەستورو دەستورسالاری هەموو جار بەیەکەوە کۆنابنەوەو دوای دەستور خەبات بۆ دەستور
سالاری دەبێت بەگوڕوتینێکی زۆرترەوە درێژەی هەبێت.
٢ ) کۆتایهێنان بە
دیاردەی فرە لەشکری و .هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی هەفتاو هەشتاو سەرجەم ئەو پێکهات و
دەزگا و هێزانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبدان دووبارە ڕێکخستنەوەیان لەچوارچێوەیەکی نوێی
نیشتمانی و کۆتایی هێنان بە تەزکیەی حیزبی و دەرگاکردنەوە بۆ هەمووان بۆ ئەوەی بە
گوێرەی مەرجی یاسایی یەکسان هاوڵاتیان بەگشتی و بێ جیاکاری حیزبی و فیکری و ئاینی
و نەتەوەیی تیایدا خزمەت بکەن. وەدیاریکردنی کاتێكی دیاریکراو بۆ بەئەنجام گەیشتنی
ئەو پرۆسە ی یەکگرتنەوەو بیناکردنەوەی بەڕواڵەت دەمێکە دەستی پێکردوەو لەبەر نەبوونی
ئیرادەی سباسی بەسەر پشتی کیسەڵدا دەڕوات، بەمەرجێك لەساڵێك زیاتر نەبێت.
٣ ) خستنە بواری
جێ بەجێ کردنی یاسای نەوت و غازی هەرێم و دامەزراندنی ئەوچوار کۆمپانیایەی تیایدا
هاتوە. کەسێنزە ساڵە ناشەفافیەت و بەرژەوەندی کەسی وحیزبی ڕێگرن لە دامەزراندنیان.
هەروەها ڕێکەوتن لەسەر سیاسەتێکی نیشتمانی ووزەی ڕون کەهەموان بتوانن وەك یەك بەرگری
لێ بکەن. لەگەڵ بوونی ستراتیژێکی نوێی ڕاستە قینە، بۆ ڕزگاربوون لە نەفرەتی نەوت و
پەتای هۆڵەندی و تاك سەرچاوەیی داهات و ئەوهەموو ڕەنگدانەوە خراپانەی لێیان دەکەوێتەوە.
دیارە مەسەلەی نەوت دەبێت سەرلەبەری بەشێوەیەکی نوێ و لە ڕوانگەی ئەزموونی ڕابردوو
واقیعی ئێستاو چەشمەندازەکانی داهاتوو ئەوگۆڕانەی بەسەر ڕۆڵی ووزەدا هاتووەو زۆرشتی
تر، بیری لێ بکرێتەوەو قسەی نوێی لەبارەوە بکرێت. دەنا لەجیاتی خێر دەبێتە سەرچاوەیەکی
تری خراپە بۆ مان و لەهەندێ ڕووشەوە بەداخەوە بووە. کەئێرە جێگەی وەڵامدانەوەی پرسیاری
چۆن نیە.
٤ ) پەیمان دان و
زەمینە سازکردن و هەل ومەرج ڕەخساندن، بۆ هەڵبژارندنێکی پاك لەهەرێمدا. ڕێکەوتن لەسەر
هەڵبژارندنی پێش وەخت و حکومەت خستنە قۆناغی ڕاگوزەریەوە بۆ بەدیهێنانی دووئامانج
:
ئەنجامدانی ئاستێکی ماقوڵ لەچاکسازی و زەمینە
سازکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پێش وەختی پاك و نوێ لەهەرێمدا. چونکە دۆخەکە ڕێگرە لەوەی
حکومەت توانای پیادەکردنی بەرنامەکەی هەبێت و زەمینە سازکردنی بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ
و ئەنجامدانی ئەو چاکسازیەی بڕیاری لێدراوەو ئەوەی تر کە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تەحەدای
موچەنەدا پێویستنی، دەبێت بە دەستکەوت بۆی. بەڵام لە پەیوەندی بە مەسەلەی هەڵبژاردنەوە
گرنگە ئاماژە بەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەین:
ٲ/ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ڕویدا، کارەساتێکی
نەتەوەیی بوو. متمانەی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی بە پرۆسەی سیاسی و هێزە سیاسیەکان
لەناوبردوجۆرێ لەپوچگەرایی سیاسی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
ب / ملدان بە هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد سەرەتای
ڕێگە و ئەلف وبای چاکسازی سیاسیە، بەحوکمی ئەوەی هەڵبژاردن لەخودی خۆیدا گرنگ نیە،
گرنگیەکەی لەو ڕۆڵە سیاسیە دایە لەژیانی سیاسی و ئاڵوگۆڕو نوێکردنەوەی دەسەڵاتدا دەیگێڕێت،
بۆئەوەی بشتوانێت ئەوەبکات، دەبێت میکانیزمێکی دیموکراسی بێت، ناشبێت بەوە تا ڕێز
لەئیرادەی هاوڵاتی نەگیرێت و سندوقی دەنگدان لە ساختەکاری نەپارێزرێت و پاك
وئازادو دادپەروەرانە نەبێت و ڕێز لەبەرەنجامەکان نەگیرێت. ئەم جۆرە لەهەڵبژاردنەیە
بەشداری لە چارەسەری کێشەی دەسەڵات دەکات وکێبڕکێ سیاسیەکانیش بە مەدەنی دەکات. ئەوەی
لێرەشدا شکستی خوارد، واتە نەیتوانی پێشمەرجەکانی هەڵبژاردنێکی پاك و ئازادو دادپەروەر
قبوڵ بکات، ڕەوایەتی و مسداقیەتی هەڵبڕینی دروشمی چاکسازی و تەنانەت نیشتمانپەروەریشی
نامێنێ. بەحوکمی ئەوەی لەئێستای ئێمەدا ، بەشێکی بنەڕەتی و گرنگی بەهاکانی نیشتمان
پەروەرێتی لەبیناکردنی حوکمڕانی باش و دەستەبەرکردنی پێویستیەکانیدا بەرجەستە دەبێت،
کەدیموکراسی و هەڵبژاردنی پاك لەڕیزی پێشەوەی ئەو بەهاو پێشمەرجانەدان.
ج/ دووبارەبوونەوەی نمونەی هەڵبژاردنی ڕابردوو،
یەکسانە بەدەرگاداخستنی ئاشتیانەو دیموکراسیانەی گۆڕانکاری و ڕەوایەتیدان بە تاقیکردنەوەی
شێوازی ترو لەئەستۆ گرتنی هەردۆخێکی نەخوازراوی چاوەڕوان کراو.
د / ڕێکەوتن لەسەربەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ
چاکسازی ئیداری ودارایی لەکۆی سێکتەرو بوارو دام ودەزگاکان و ڕوونی لە سەرچاوەکانی
داهات وجۆری خەرجکردنیان.
ه/ ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەك بۆ چاکسازی دەسەڵاتی
داوەری و گێڕانەوەی پێگەو ڕۆڵ بۆ پەڕلەمان و بەیاسا ناچارکردنی کەسی یەکەم یان دووەمی
حیزب بۆ سەرۆکایەتی کردنی فراکسۆنی حیزبەکەی. بۆئەوەی سیاسەت کردن بخرێتە ناو پەڕلەمانەوە
وکۆتایی بەم دۆخەی ئێستا بهێنرێت، کەبەهۆی دووری سەرکردە سیاسیە بڕیار بە دەستەکان
لەپەڕلەماندا دروست بووەو کاری کردۆتە سەر پێگەو ڕۆڵی ئەم دەزگا گرنگە.
و/ ڕێکەوتن لەسەر ستراتیژێ بۆ دیاریکردنی جۆری
خزمەتکردنی مەسەلە نەتەوەییەکەو مامەڵە کردن لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان و مەسەلەی
کورد لە سەرئاستی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی ناوچەکەو دونیا و هێنانەدی یەکتر
تەواو کردنی نەتەوەیی تەوافوق لەسەرکراو ، بەوجۆرەی پارێزگاری لە قوڵایی جیۆپۆلۆتیکی
باشورو پشتیوانی لە پارچەکان دەیخوازێت.
. تێبینی/
ا- دەکرێت سەرەتا سێ هێزەکەی دەسەڵات کۆببنەوەو
لەسەر بەرنامەیەکی بەهاناوە چونی خێرا ڕێککەون و دواترو بۆ بەشەکانی تر، با زنەکەی
فراوان بکرێت و هێزەکانی تر بەشدار بن.
ب_ زۆرگرنگە بەگوێرەی ئامادەگی، ئەمریکاو بەریتانیاو
فەڕەنساو un، بەهەرشێوەیەك بێت بەشدارو پشتیوان و چاودێر
بن.
ج- بەردەوام بوونی دۆخی ئێستای هەرێم و ناوچەی
نفوزی نیمچە پاوانکراوو لەشکری حیزبی، کەبەپێچەوانەی خواستی ئەندامەکانی یان زۆرینەی،
وەك ئامرازێك بۆ پارێزگاری کردن لە گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکی و پەیوەندی هەرێمیی
نانیشتمانی و؟گوماناوی بەکاردێت، هەرکەس و هێزێك لەگەڵ مانەوەی ئەم دۆخە بێت و
قوربانی نەدا بۆ کۆتایی پێهێنانی، کەمەبەست لێرەدا پارتی و یەکێتتیە، مسداقیەت بۆ
دروشمەکانی نامێنێتەوە. چونکە لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوشی دابەشبوون و کەرتبوونی ئێستادا،
نەچاکسازی و نەدووبارە بیناکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی و دام و دەزگاکان و پەرەدان
بەسیستەمی سیاسی و ئابڵۆقەدانی گەندەڵی نایەنەدی و دەبنە دروشمی بێ ناوەرۆك و بەسەربردنی
کات.
د- دۆخی هەرێم لەوە دەرچووە، بە پینەو پەڕۆ چاك
بکرێت. وەگومانی جدیش لەناو نوخبەی فیکری و بەشێ لە نوخبەی سیاسیش لەسەرئەوە دروست
بووەو لای بەشێکیشی لەگومانەوە بۆتە قەناعەت کەقابیلی چاکسازی تێداکردن و چاککردن
بێت. بەتایبەتیش لەسەر دەستی ئەو نوخبەو هێزانەی خۆیان لە پشت خوڵقاندنی ئەم واقیعەوەن.
ئەم گو مان و قەناعەتەش، تەنها بەکردار و لەڕێی گەیشتن و بەدیهێنانی ئەوەی لەسەرەوە
ئاماژەیەکی گشتیمان پێ کرد قابیلی ڕەواندنەوەو نەهێشتنە.