لەیادی سەد ساڵەی كۆماردا توركیا لە نێوان چارەسەری كێشەی كوردو لێڵی چارەنووسدا
12/4/2023 3:32:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
ئەمساڵ سەد ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆماری توركیادا تێپەڕ دەبێت، وەك بەرهەمی (لۆزان)و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمو ڕووخانی سەڵتەنەتی عوسمانی.
كۆماری توركیا لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیووە لەوانەش: قۆناغی دامەزراندنو تاك حیزبی، دواتر فرە حیزبیو سەرهەڵدانی دیاردەی كودەتا سەربازییەكان، وەك ئاماژەیەك بۆ دیموكراسی مەرجداری ئەو وڵاتە. لەسەرەتای سەدەی نوێشەوەو لە هەندێ ئاستدا پێی نایە قۆناغی دووبارە پرسیاری ناسنامە لەخۆكردنو بەخۆداچوونەوەو چاكسازی سیاسیو ئابووریو ئاڵو گۆڕ لە نوخبەی حوكمڕاندا ئێستاش پێمان وایە لەسەردەمی متوربە كردنەوەی هەندێ ڕەگەزی پێش چاكسازییەكانو دوای چاكسازییەكاندا دەژیت، بەوەش توركیای كۆن بەهەندێ گۆڕانی سەرخانیەوە لە بەرگێكی ترداو بەو جۆرەی لەگەڵ قۆناعەكەدا سازگار بێت، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە! بەمەش سیاسەتی عوسمانیە نوێكان ملكەچی پێداچوونەوە دەكرێتو پراگماتیو بەرژەوەندی سیاسیو لۆژكی دەوڵەت تەمو مژ بە دەوری پێوەرەوە ئەخلاقیەكانیدا دروست دەكات.
بەڵام ئەوەی ئێمە لەم وتارەدا مەبەستمانە، توێژینەوە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان نیە، هیندەی هەڵوێستە كردنێكی فیكریو ئەخلاقیو سیاسیەكە لەسەر هەندێ لە وێستگەو ناونیشانەكانی سەرە ڕێو مێژووی كۆمار، بە مەبەستی دووبارە پرسیارلێكردنەوە لە پێناو ئامانجە ناوەندییە پێویستەكە كە ئەویش لە ڕوانگەی خاوەنی ئەم وتارەوە لە دووبارە بیناكردنەوەی كۆمارو بناغەدانانێكی نوێداو چارەسەری كێشەی كوردا بەرجەستە دەبێت، نەك درێژە پێدانی ئەوەی هەیە هەموو ئەوەش بەبێ ڕەخنەی ئەخلاقی لە كۆمارو مێژووەكەی نایەتەدی.
كۆماری توركیا لەنێوان میراتگری دەوڵەتی عوسمانیو دابڕان لێی
بە گوێرەی پەیمانی (لۆزان) بزوتنەوەی كەمالیو دواتر دەوڵەتی نوێی توركیا لەڕووی قانونیەوە بە میراتگری سەڵتەنەتی عوسمانی دانرا. چونكە هاوپەیمانە خۆر ئاواییە سەركەوتووەكانی جەنگی جیهانی یەكەم، پێویستیان بە دەوڵەتو سەركردایەتیەك بوو، بەناوی سەڵتەنەتی عوسمانیەوە، دەستبەرداری بەشی زۆری قەڵەمڕەوە ئیمپراتۆریەتەكەی بەتایبەتیش لەوڵاتانی عەرەبیو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هەر بۆیە بە دەسەڵاتێكی ڕەمزی سوڵتانیان لە ئەستنبوڵ هێشتەوە، بۆ ئەوەی ڕووپۆشی یاسایی فەرمی بەو دیفاكتۆیە بدات، كە ئەوان بە دییان هێنابوو سەپاندبوویان، ئەوەش لە دەست بەسەراگرتنی سەرزەمینێكی زۆری پێشووی عوسمانیدا خۆی دەبینیەوە.
بەڵام ئاراستەی گۆڕانەكانو لەوانەش سەرهەڵدانی بزوتنەوەی بەرهەڵستكاری كەمالی لە قازانجی مانەوەی ئەو دەسەڵاتەدا نەبوو، كەمالیەكان بەهۆی سەركەوتنەكانیانو مامەڵە لەگەڵكردنی چەندین هێزی نێودەوڵەت لەگەڵیاندا، بە كردەوە بوون بەلایەنی گفتوگۆكان لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی قۆناغی پێشوو قەڵەمڕەو ناسنامەی كۆمارو دەوڵەتی نوێی توركیاش، لەم چوارچێوەشدا هاوپەیمانان پشتیان لە پەیمانی (سیڤەر) كرد كە لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی مۆریان كردبوو، پەیمانی لۆزانیان لەگەڵ كەمالیەكان مۆركردو بەوەش بە كردەوە جەنگی جیهانی یەكەم كۆتایی پێهێنراو نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داڕیژرا.
ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە، ڕووە تەكنیكیو ڕووكەشە نوێیە نێودەوڵەتەیكەی پرسی میراتگری كۆماری توركیای نوێ بۆ سەڵتەنەتی عوسمانی نیە، كە زۆربەی زۆری ڕەنگدانەوەی ئیرادەی بەرژەوەندیخوازانەی هێزە خۆرئاواییەكانو سەركەوتووانی جەنگی جیهانی یەكەم بوو، بەڵكو ڕووە سیاسیو ئەخلاقیو بەهاییەكەیەتی.
لەڕاستیدا لەو ڕووانەوە، كۆماری توركیا نەك هەر بە میراتگری سەڵتەنەتی فرە نەتەوەو ئاینی عوسمانی لە قەڵەم نادرێت، بەتایبەتیش هەتا ساڵی (1908)، بەڵكو ڕێك بە پێچەوانەوە، بە دابڕانێكی ئایدۆلۆیو ئەخلاقیو دینیو سیاسیو فەرهەنگی ئەو ڕابردووە دادەنرێت، چونكە لەڕووی فیكریو زانستی ڕووتیشەوە ناكرێتو ناشێت، دەوڵەتێكی نەتەوەیی پەڕگیرو ناسیۆنالیزمێكی باڵادەستی توندەڕەو بە میراتگری واقیعێكی ئمپراتۆریانە دابنرێت كە یەكێ لە سیماكانی فرە نەتەوەییو ئایینیە كەمالیزم لە بەرگی كۆماریشدا بە تایبەتی لەسەرەتاوە، وەك پێشمەرجو پێویستیەكی نەتەوە سازیی توندوتیژی خۆرئاواییانە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەوەی نەشاردۆتەوە كە كۆماری نوێو ناسیۆنالیزمی توركیو نەتەوەی تورك، دابڕانە لە ڕۆحی كۆنەپەرستانەو دژە شارستانیەتی ئیمپراتیۆیەتی عوسمانیو تەنانەت (ئیسلام)یش وەك ئاین لێرەشەوە ئەگەر باسیك لە میراتگری بكرێت ڕاست بێت، تەنها بۆ چەند ساڵەی كۆتاییو دەسەڵاتی ڕەش ئیتحادیەكان ڕاستە، كە لە ڕاستیدا ئەوان خۆیان هیندەی كاریان ڕووخاندنی پایە كۆنەكانی ئیمپراتۆریەت بوو نوێنەرایەتی پێوەرو بنەماو بەهاكانیان نەدەكرد، لەوانەش فرە نەتەوەییو باڵادەست بوونی نەتەوەیەك بەسەر ئەوانی تردا كە مەبەستیان درێژە پێدانی ئیمپراتۆریەت بەمشێوە پێشووەكەی نەبوو، هەر بۆیە ئیتحادییەكان لەڕووی ئایدۆلۆژیو ستراتیژیەوە بە دابڕان لە پێش خۆیان دادەنرێن، باوكی ڕۆحی ئایدۆلۆژی كەمالیەكانیش، جیاوازی نێوان ئەوانو ئەمان هیندەی جیاوازی هەلو مەرجە بابەتیەكانو دەرفەتەكان، جیاوازی هەناسەو ئایدۆلۆژیاو بیركردنەوە نیە. ئەوان دەیانویست سیاسەتی بە تورك كردن لەسەر ئاستی پاشماوەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا پیادە بكەن كە چەندین نەتەوەو پێكهاتەی تێدا دەژیا، لە كاتێكدا ئەمان واتە كەمالیەكان دوای لەدەستدانی زۆرێ لە قەڵەمڕەوە كۆنەكەو چوونە دەرەوەی عەرەب لە بازنەی بایەخپێدان، لە چوارچێوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی كۆمارداو لەسەر حسابی یەكێ لە پێكهاتە هەرە ڕەسەنەكانی عوسمانی ئەمەیان كرد، كە ئەویش نەتەوەی كورد بوو!.
بناغەی ناتەواو خراپ داڕێژراوی كۆماری توركیا
كۆماری توركیا بە پێچەوانەی بانگەشەی ناسیۆنالیستە توركەكانو ئەو ماشێنە ئایدۆلۆژیو سیاسیو سەربازییەی لە مێژووی كۆمار لە پشتیانەوە بووە، گەرچی بەرهەمی بزوتنەوەی بەرهەڵستی توركیا، واتە بەرهەمی تێكۆشانو خوێنو ئازاری خەڵكە، بەڵام بناغەدانانو شكڵپێدانی بەو جۆرەی بینیمان لە زیاد لەڕوویەكەوە ئاماژە بە هەڵەو ناتەواوی خراپیی ئەو بناغە دەكات كە سیستمە سیاسیو گوتارە باڵادەستەكەیو فۆڕمە حوكمڕانیەكەی ناوی لەسەر دروست بووەو دامەزراوە.
ئەوەش وایكردووە هەمیشە بەدەست، جۆرێ لە ترسانی بەردەوام لەو دەوروبەر نیگەرانیو قەیرانی ناسنامەو ڕۆڵی خۆ دیاریكردنەوە بناڵێنێت. ئەم هەڵەو لاوازییە بونیادییەی كۆماریش لە چەندین شتدا بەرجەستە بەڵام بنەڕەترینیان دوای شەڕی بێ پاساوو توند لەگەڵ ناسنامەو ڕواڵەتەكانی ژیانی ئیسلامی.
لە پەیمان شكاندنو نكوڵیكردنو سەركوتكردنی كورد دەردەكەوێت، كە بە كردەوە بە خوێنی ڕۆڵەكانی بەشدارییەكی كاریگەری لە جەنگی ڕزگاریدا كردبوو، ئەوەش لە ڕێی شكاندنو پاشگەزبوونەوە لەو پەیمانەی سەركردایەتی بزوتنەوەكە بە كوردی دابوو، ناوەڕۆكەكەی ئاماژەی بەوە دەكرد كۆماری نوێ دوای سەركەوتن، كۆمارو دەوڵەتی هاوبەشی توركو كورد دەبێتو كوردستانیش خوادن مافی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی تایبەت بەخ دەبێت. كە بەداخەوە لە جیاتی ئەم ڕێگە ڕاستە كە مێژوو، واقیعو هەموو بەها ئینسانیە جوانەكانو جوامێری سیاسیو ئەخلاقیی پشتیوانی دەكات.
سەرانی كۆمار كەوتنە پیادەكردنی مۆدێلێكی توندڕەوی ناسیۆنالیزمو پرۆسەیەكی توندوتیژو خوێناویی نەتەوەسازیو هەوڵدان بۆ تواندنەوەی كوردو كۆتا پێهێنانی وەك گروپێكی نەتەوەیی جیاوازو خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی.
هەموو ئەوەش بووە سەرچاوەی لاوازییەكی ستراتیژی لە بونیادی كۆماردا، كە تاكو ئێستاشتی لەگەڵدا بێت، بە دەستیەوە دەناڵێنێت.
شكستی ستراتیژی كۆماردەرهەق بە كوردو ناسنامەكەی مێژووی كۆماری توركیا لەم ڕووە، واتە لەڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ كوردو ناسنامەی كوردیو مەسەلەی كوردستانەوە، لەڕوانگەی ستراتیژیەوە داڕێژراوە، كە نكوڵی كردن لە بوونی كوردو ناسنامەی كوردیو هەوڵدان بۆ تواندنەوەی لە بۆتەی نەتەوایەتی توركیدا خۆی دەبینیەوە ئەمەش تا ڕاددەیەكی زۆر، نەك هەر هۆكاری كۆمەڵێ مێژووی شكستی سەربازیو سیاسیو ئایدیۆلۆژیی كۆمار بووە، بەڵكو بەشێوەیەكی گرنگ لە مێژووی شكستی ئەخلاقیشی پێكدەهێنێت.
بە حوكمی دژایەتی ستراتیژەكە بۆ بەها ئیسلامیو جیهانیەكانو كەرامەتی خوا پێدراو بە مرۆڤو گروپە مرۆییەكانو لەوانەش گروپە نەتەوەییەكان، ئەم ستراتیژە جگە لە ناڕاستیو شكستەكەی، لە بنەڕەتدا لەسەر بناغەی تێگەیشتنێكی هەڵەش لە ڕێسا گەردوونیو خواییو كۆمەڵایەتیەكانو كوردو دیموكراسیش دامەزراوە. چونكە بە پێچەوانەوەی ئەو بۆچوونەی دامەزرێنەری كۆمارەوە كە پێی وابوو عەرەب نەتەوەیەكی گەورەن قابیلی تواندنەوە نین، بەڵام دەتوانن كورد لە ناو توركدا بتوێننەوە، مێژووی سەد ساڵەی كۆمارو بەكارهێنانی سەرجەم میكانیزمو شێوازو تواناكان لەوبارەوە، ئەو ڕاستیەی خستەڕوو، كە كورد كەمە نەتەوایەتیەكی لاواز نیە، بەڵكو نەتەوەو پێكهاتەیەكی ڕەسەنو بەهێزو گەورەی ڕابردووی ناوچەكەیە، هەر بۆیە لەم تواندنەوەو كۆتایی پێهێنانی كارێكی هەروا ئاسان نیە.
نوخبەی دەسەڵاتداری نوێی توركیش دوای (2002) زیاتر لە نوخبەكانی پێش خۆی لەم ڕاستیە گەیشت، بۆیە لە ئاستێكیشدا بێت، ڕەخنەی لەم سیاسەتە گرتو لە ئاستی زمانو كەلتوردا دانی بە ناسنامەی كور وەك خود جگە لەوە، ئەگەر دەزگا ئایدۆلۆژیو ئەكادیمیو سیاسیو سەربازیەكەی كۆمار بە قوڵی لە پرسی ناسیۆنالیزمو پەیوەندی بەكایە جۆراوجۆرەكان بكردایەتەوە، هەستی باڵادەستیو دەمارگیریو بە پیرۆزكردنی هەندێ گوتەو دروشم، ڕێگر نەبوونایە لەوەی بەشێوەیەكی زانستی لە كێشەی نێوان كوردو كۆمار تێبگەن، كێشەی كوردیان یەكسان نەدەكرد بە كێشەی ئەمنیو تیرۆرو توندو تیژی. لەوە تێددەگەشتین كە خودی ئەو توندوتیژیەی بەكاری دەهێنن بۆ سەركوتكردنی ناسیۆنالیزمی كوردی، دەبێتە هۆی زیاتر زەمینە سازكردن بۆ فراوانبوونو بەردەوامبوونو ڕەوایەتی پەیداكردنی زۆرتری.
واتە لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكە ئاڵۆزتری دەكات، هەر بۆیە ئەگەر ئەو شێوازە جارێك لە قازانجی دەوەڵەت بوو بێت، دووجار لە قازانجی بزوتنەوە چەكدارییە كوردییەكەدا بووەو كەرەسەی زۆرتری جۆشدانی جەماوەری خستۆتە بەردەستی.
ستراتیژی ناولێنانی ئایدۆلۆژیش لە پرسێكی سیاسیو مافخوازانەی وەكو پرسی كوردو یەكسانكردنی بە پرسی تیرۆرو توندوتیژی، تەنها خۆ چەواشەكردنی نوخبەی حوكمیرانو دەوڵەت دێنێتەكایەوەو هیچ لە جەوهەری ناولێنراوەكەو وێنای ئەو لای هەوادارانو خاوەنەكانی ناگۆڕێت.
بەڵكو هەست بە سوكایەتیكردنی زۆرتریان لا دروست دەكات، ئەوەش پاڵیان پێوەدەنێ بۆ بەربەرەكانی زێدەتر. بەهەمان شێوە یەكسان كردنی كێشەی كورد كە كۆماركرد بووی بە كێشەی مێژوو توندوتیژی بێ پەیام، بەدواكەوتوویی ئابوری ناوچەكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا (كوردستان) لەڕووی هۆكارەوەو چارەسەر دانانیشی بە پێشخستنو گەشانەوەی ئابووری هەرێمەكە، بەڵگەی نەشارەزایی یاخود لە بیربردنەوەی پەیوەندی نێوان ژیانی ئابوریو ناسیونالیزمە لەلایەن ناوەندە سەربازیو ئەكادیمییەكانی توركیاوە بە حوكمی ئەوەی ئەگەر خراپی باری ئابوریو ژیانو گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمو ناوچەیەك، مرۆڤەكان، لە سۆنگەی هەست كردن بەو جیاكاریو بێ بەشیەی دەوڵەت دەرهەقیان ڕەوا ببینێت پاڵیان پێوە بنێت بۆ یاخیبوونو پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێزو توندوتیژی، وەك ڕێكارو ئامرازێك بۆ بەرگری لە خۆكردنو ناڕەزایی دەربڕین، ئەوا گەشانەوەو پێشكەوتنی ئابوریش، لە ڕەهەندێكی ترەوە هەستی ناسیونالیستیان دەگەشێنێتەوە، بە حوكی ئەوەی گەشەسەندنی چینی ناوەڕاستوو تەشەنەكردنی خوێندەواریو پڕبوونەوەو تێربوونی پێداویستیە سەرەتاییەكان، هەست بە كەرامەتو خۆ بەخاوەن ماف زانینو پەرژانە سەر خواستە مەعنەویەكان لانی كەم لە ناوبەشێ لە دانیشتوان لەلای مرۆڤەكان زۆرتر دەكات.
بەم جۆرەش ئەوەی دەوڵەت بە نەشارەزاییو نازانستی، یاخود لە سۆنگەی پاڵنەرە ئایدۆلۆژییەكانو چاو پۆشین لە دەستنیشانكردنی زانستیانەی ڕەگو ڕیشەی كێشەكانو جۆری چارەسەرەكان، بە چارەسەری داناوە، هۆكاری زیاتر تاودانو وروژاندنی كێشەكەبووە.
چونكە ئەگەر توندوتیژی، توندوتیژی بەرهەم بێنێت، باشتركردنی گوزەرانو ژیانی ئابوریش (كە زۆر تریش دروشم بوو) كار ناكاتە سەر بیربردنەوەی خواستە نەتەوەییو ناسنامەییەكان واتە لەبیربردنەوەیان، ئەگەر كاریگەریەكی هەبێت، لەسەر ئاشتی شێوازی خەبات هەیەتی نەك بنەڕەتی پرسەكە، هەر ئەوەش وایكردووە هەموو ئەو پێناسو ڕێكارو وەسفو جۆری مامەڵانەی كۆمار لە مێژووی خۆیدا، لەگەڵ كوردو ناسنامەكەیو كێشەكەی كردوویەتی، بێ بەرهەم بنو بگەنە بن بەستو كێشەكە وەك خۆی لە بەرگی جۆراوجۆردا بەردەوامی هەبێتو گوزارشت لە خۆی بداتەوە.
هەر لێرەشەوە دەمەوێت سەرنج بۆ لای ئەوە ڕابكێشم كە ئەو كرانەوە فەرهەنگییو زمانیەكەی دوای (2003)ش لە توركیادا لەسەردەمی ئەكەپە بەدیدەكرێت، كە جەوهەرەكەی داننانە بە كوردو ڕەتكردنەوەی ناسیۆنالیزمی كوردیو كوردی بە سیاسیكراو، لەگەڵ گرنگیەكەی، نەك هەر نابێتە فۆڕمێ بۆ چارەسەری كێشەی كورد، بەڵكو ئەویش هاوشێوەی شێوازە لە پێشگیراوەكانی پێشووتر، بەرەنجامی پێچەوانە بەدەستەوە دەدات. واتە نەك نابێتە جێگرەوەی چارەسەری سیاسی كێشەكە یاخود ڕازیكردنی كوردی زیندوو، بەڵكو ناڕاستەوخۆ هەستی ناسیۆنالیزمی كوردی پەرە پێدەدات، وە كار لەسەر بوژانەوەی یەكێ لە پایەو كەرەسەكانی دەكات كە زمانو ئەدەبیاتو هونەرە، هەربۆیە كات بە فیڕۆدانو نەبوونی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەییو زانستی بۆ كۆمارو چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشەی كورد، لەسەر ئاستی تیۆریو مەیدانیو چۆنێتی وێناكردنو ڕوبەڕوبوونەوەو چارەسەریی، لە قازانجی دواڕۆژی كۆمار نابێتو لاوازییە ستراتیژییە بونیادییەكەی وەكو خۆی دەهێڵێتەوە.
لێرەوە لە قازانجی كۆمارو برایەتی نەتەوەكانو چارەسەریە نوخبەی حوكمڕانی وڵات لەسەرو بەندی یادی سەد ساڵەی كۆماردا، گوێ لە هەموو ئەو دەنگە دڵسۆزانە بگرێت، داوای بەخۆداچوونەوەو دووبارە هەڵسەنگاندنە وەی هەلو مەرجو جۆری چارەسەرەكانو بوێری لە خۆنیشاندانی سیاسی دەكەن.
لەوانەش (خالد مەشعەل) سەرۆكی پێشووی مەكتەب سیاسی حەماس، كە ئامۆژگاری ئەو وڵاتانە دەكات كێشەی كوردیان هەیە، دان بە كێشەكەو مافەكانی كوردا بنێنو بڕیاری چارەسەركردنی بدەن، چونكە خۆیانەو پێش ئەوەش چارەسەریان بەسەردا بسەپێنرێت. عەبدوڵڵا گوڵیش لە یادی سەد ساڵەی كۆماردا جارێكی تر جەختی لە هۆشیاریەكی پێشووتری كردەوە كە داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی دەكات چارەسەری كێشەی كورد بكەن پێش ئەوەی ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی بۆ پەیدا ببێت.
ئەم بیركردنەوانەش لەو ڕاستیەوە سەرچاوەیان گرتووە كە مادام كورد یاخیە لە تواندنەوە، نابێت گرەو لە سەر كۆتایپێكهێنانی ناسیۆنالیزمی كوردیو كێشەی كورد بكرێت، چونكە هەردووكیان ڕەوایەتی بوونو مانەوە لە بوونی كورد وەك نەتەوە وەردەگرك
لێرەوە چاوڕەوان دەكرێت، یادی سەد ساڵەی كۆمار تەنها بە پیاهەڵدانو باسی مەزنێتی نەتەوەی توركو گەورەیی كۆمارو ئاواتخواستن بۆ داهاتوویەكی باشتر لە هەمان چوارچێوەكانی ئێستادا واز نەهێنرێت بەڵكو بیر لە دانان بە ناسیۆنالیزمو كێشەی كوردو چارەسەركردنێكی دادپەروەرانەو ناسنامەیەكی نوێی دەوڵەت بكرێتەوە.
بە جۆرێك كۆمار بە كردەوە بكرێتەوە بە كۆماری هاوبەشی توركو كوردو پێكهاتەكانی، ئەو پەیمانەی بە كورد درابوو، بە ڕەچاوكردنی گۆڕانو هەلو مەرجە نوێكان بەدیبهێنرێت، تاكە ڕێگەی ئەوەش داننانە بە ناسیۆنالیزمو كێشەی كوردو (كوردستان) وەك خاكی مێژوویی كوردو قەڵەمڕەوێكی جوگرافی دانپیانراوو پێناسەكراوی ئیدارییو فەرهەنگی قۆناغی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. بەدەر لەمە ئەم كێشە لە ناو هەناوی كۆمارو كۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە، ڕێ لە گەورەبوونێكی سروشتی توركیا دەگرێتو هەمیشە وەك لاوازییەكی ستراتیژیو دەرگایەك بۆ تانەدان لە میسداقیەتو تواناو ئایندەی دەمێنێتەوە.
عوسمانیە نوێكانو واتایەكی تر بۆ توركیای نوێ
عوسمانیە نوێكان كە مەبەست لێی زیاتر سەركردەكانی ئەكەپەبوو، هەروەها ئاماژەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵاتو چاوبڕینەوە سەر زەمینە كۆنە عوسمانیەكان لە ناوچەكە، بە پێچەوانەی هەندێ خوێندنەوەی پیلانێگڕانەو فۆڕمی پیادەكردنی دەوڵەتیانەی لە ئەنقەرە، ئەگەر بخرایەتە چوارچێوە سروشتیەكەی خۆیو ئەو ئامانجانەی بەدیبێنایە، كە لەسەر دەستی پارتێكی مەشرەف ئیسلامی دیموكراتی پارێزگاری چاوەڕێی لێدەكرا، دەكرا ببێتە سەرەتاییەكی نوێی گرنگ بۆ چارەسەركردنێكی ئیدۆلۆژیو دامەزراوەیی كێشە بونیادیە مێژوویەكانی كۆمارو ڕزگاركردنی لە دژ بەیەكیە ناوخۆییەكانی چارەسەری كێشەی كورد بەو مانایەی عوسمانیە نوێكان لە ناوەوەو دەستیان پێبكردایە بۆ دەرەوە یاخود ئەوەی لەدوای (2002) تا (2013)و تاڕادەیەك (2015)ش سەبارەت بە كرانەوەو دیموكراسیو چارەسەری پرسی كورد دەستیان پێكرد، درێژەیان پبێدایەو گەورەو تەواویان بكرایەو بیانگەیاندایە ئاستی دووبارە نووسینەوەی دەستوورو داڕشتنەوەی ناسنامەی دەوڵەتو دابڕان لەگەڵ كەلتوری یەك ئاڵاو یەك نەتەوەو یەك زمان، نەك بەو جۆرەی ئێستا دەیبینین، پاشەكشەی لێبكرایەو دۆخەكە بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، یاخود دووچاری چەقبەستووی ببێتو لە بازنەیەكی داخراودا بسوڕێنەوە.
(كەدیارە لێپرسراوێتی بەشێ لەم دۆخە دەكەوێتە سەرلایەنی كوردی خۆشیو ئەو هەڵسەنگاندنە هەڵەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی (2015) بۆ جۆری هاوپەیمانیەكانو ئاڕاستەكردنی تواناكان كردی) بەڵام ئەگەر عوسمانیە نوێكان ستراتیژێكی عوسمانیی نوێیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد هەبووایە ئەمە نەدەبووە پاساوی وەستاندنی ڕەوتی پرۆسەی كرانەوەو دووبارە بیناكردنەوەو چارەسەریی، كە پێویستیەكی سەركەوتنی پرۆژەكەی خۆیانەو سیمایەكی شارستانیو هاوچەرخی گەشیش پێدەبەخشین، بە حوكمی ئەوەی بۆ ئەوەی كۆماری توركیا ببێتە هەڵگری پرۆژەیەكی لەو جۆرە، پێش هەر شتێك دەبێت لە دووبارە بیناكردنەوەی ناوەو چەمكەكانی: گەل، دەوڵەت، هاوڵاتیو چەندین چەمكی تر بەناو فەزای كۆماردا بڵاوبكرێتەوە، كە جەوهەرەكەی داننانە بە فرە نەتەوەییو نەترسان لە ناوی كوردستانو لامەركەزیەت لە شێوەی فیدرالیدا وەك فۆڕمێ بۆ چارەسەری كێشەی مێژوویی كورد لە ووڵاتەدا، ئەو هەناسەی (2015) لەسەرزاری سەرۆك كۆمار ئۆردوگان لە ساڵی (2005) لە ئامەد هەمووانی دڵخۆشكردوو بە سەرەتای قۆناغێكی نوێنان دانا كاتێ وتی: بەڵێ كێشەی كورد بوونی هەیەو من لێپرسراوی چارەسەركردنیمی، بەڵێ كوردستان هەبووەو لەسەر دەستی عوسمانیدا ولایەت بووەو ناوێكی مێژووییەو پێویست ناكات لە بەكارهێنانی بترسین، ئەم وتانە گەر بكرانایە بە كردەوە، جۆری (موخاتەب) نەكرایە بە كێشەو لە ڕوانگەی ستراتیژەوە سەیری ڕەفتاری (موخاتەب)ی سیاسی نەك لەڕوانگەی هەندێ ڕەفتاری ئەوەوە كە بەدڵی ئەوان نەبێت، ئێستا لەبەردەم دۆخێكی تەواو جیاوازدا دەبووین.
توركیا بە دڵنیاییو هێزو پێزێكی زۆرترو نەترسانەترەوە، وێنای ئایندەی خۆی دەكردو ڕێگەی بەرەو بەدەستهێنانی دەبڕێ، كەچی بەداخەوە بە پێچەوانەوەی ئەم چاوەڕوانیە لە عوسمانیە نوێكان، ئاڵو گۆڕەكانی دواتر، دۆخەكەی گەڕاندەوە بۆ خاڵی نكوڵی كردن لە كێشەی كوردو ناوی كوردستان. لە كاتێكدا مادام كورد هەبێت، مێژوو واقیعو لۆژیكی سەردەم ناسڕێتەوەو كوردستانو كێشەی كوردیش هەن، دەبێت دانیان پێدا بنرێتو چارەسەر بكرێنو دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
چونكە مێژوو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن زەمەنو فەرامۆشكردنو سەركوتو دانپیانانی نیوە ناچڵو مامەڵەی تاكتیكیانە، هیچیان نابنە هۆی پێنانە ناو قۆناغی دوای كێشەكە، نەك هەر چارەسەریش نین، بەڵكو چارەسەرەكان ئاڵۆزترو پڕ خەرجی تر دەكەن.
بوونی بنبەستو نەبوونی ئیرادەیەكی نیشتمانی توركیش بۆ چارەسەریی خاوەندارانی كێشەكە نا ئومێدو كۆڵ پێ نادات، بەڵكو وایان لێدەكات بیر لە شێوازی نوێی گوزارشت لە خۆدانو دۆزینەوەی پاڵپشتو تاكتیكی نوێ بكەنەوە.
بەرەو هاوپەیمانێتیەكی توركی كوردی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
توركو كورد دوو پێكهاتەی هەرە گرنگی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون، لە ساڵەكانی كۆتایی ئەو ئیمپراتۆریەتەشدا ڕۆڵی كورد گەورەترو بووبوو، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەیەكی گەورەی وەكو عەرەب لەڕووی ژمارەو پانتایی خاكەوە، مێژووش پێمان دەڵێت: ئەگەر سوڵتانی عوسمانیو حكومەتەكەی ئەستەنبوڵ دوای جەنگی جیهانی یەكەم نەڕووخا ئایا زۆربەی ئاماژەكان بەرەو ئەوەبون، توركو كورد بچنە نێو پەیوەندییەكی كۆنفیدراڵیەوە تەنانەت بەشداری گەرمو گوڕیو گەورەی كورد لە جەنگی ڕزگاریدا، جگە لە دوو هۆكاری تایبەت بە پشتكردنی هاوپەیمان لە مەسەلەی كوردو ئەرمەنەكان، پاشماوەی هەمان قەناعەت بوو، واتە پێكهێنانی دەوڵەتێكی هاوبەشی كوردی توری دوور لە هەناسەی جیاكاریو توندڕەوی نەتەوەییو هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەرامبەر، كە دواتر بەداخەوە لە چوارچێوەی كۆماردا پێچەوانەكەی بینراو ئەوەش خیانەت لە برایەتیو مێژووی هاوبەشی ئەم دوو نەتەوە كرا.
چاوەڕوانیەكانی ڕێبەرانی ناسیۆنالیزمی كوردیی بۆ سەربەخۆییو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دوای جەنگی جیهانی یەكەم، لە چەند ڕاستیەكەوە سەرچاوەی گرتبوو، لەوانەش:
1- كورد تاكە پێكهاتەو نەتەوە بوو بە گوێرەی گربَبەستنی نووسراو پێ داگیركردن، هاتبووە نێو قەڵەمڕەوو دەسەڵاتی عوسمانیەوە.
2- باوەڕبوون بە كۆتایهاتنی ئەو ڕایەڵە ئاینیو عوسمانیەی نەتەوەو ئاینە جیاوازەكانی نێو ئیمپراتۆیەتی پێكەوە دەبەستنەوە.
3- وێناكردنی كورد وەك نەتەوەو پێكهاتەیەكی ڕەسەنو گەورەی خاوەن مافی، هاوشێوەی توركو عەرەب، كە لە بەرەبەیانی مێژوەوە لەسەر خاكی خۆی دەژیتو، لە كاتێكدا توركەكان هەمووی هەزار ساڵێكە هاتوونەتە ناوچەكەو بە بەراورد لەگەڵ ئەوان میوانن.
لێرەوە بە بیرهێنانەوەی ئەم ڕابردووە هاوبەشو جۆری هاتنە ناوی كورد بۆ چوارچێوەی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەكرێت چاو لە ئایندەیەكی هاوبەشو جیاوازو هاوپەیمانیەتێكی نوێی توركی – كوردی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ببرێت، ئەوەش گەڕانەوە بۆ ڕۆحە كراوە ئیسلامیو ئیمپراتۆریو دیموكراسیە فراوانەكەو خۆ ڕزگاركردن لە فۆبیای كوردو چارەسەركردنی كێشەكە دەخوازێت كۆماری توركیا پێویست ناكات خەمی شەوو ڕۆژی سڕینەوەی ئەو بوونە كوردییە بوونێكی كوردیی بێت لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ئارادایە، یاخود چاوێكی لەسەر گەورە نەبوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بێت، لەناوخۆشدا پێی وابێت كردنەوەی تەلەفزیۆنێك بە كوردیو هەندێ دەرگا كردنەوە بە ڕووی زمانو فەرهەنگی كوردیدا، (لەگەڵ گرنگیان بە بەراورد لەگەڵ مێووی كۆمار) چارەسەری كێشەی كوردی كردووە، بەڵكو واباشترەو پێویستە بیرێكی قوڵترو شارستانیتر لە لەخۆگرتنی كوردی هەرسێ پارچەكەو پێكهێنانی فۆڕمێ لە فۆڕمەكانی هاوپەیمانییەتێكی نوێی توركی كوردی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكاتەوە، ئەمەش بكات بە ناوكی گەورە بوونێكی زۆر ترو ڕۆڵێكی گەورەتر وەك زلهێزێكی هەرێمی.
لەیادی سەد ساڵەی كۆماری توركیادا ئەگەر ئەمانەی وتمان نەكەین بە بابەتی پرسیاركردنو دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی مێژوو بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە، تەنها خەمی گەورەە نوخبەی سیاسی وڵات درێژە پێدانی واقیعی ئێستای كۆمارو بەهێزكردنی بێت لەڕووی سەربازییو ئابووری توانای دەستخستنە ناو كاروباری دەوڵەتانی دەوروبەرەوە، بێ گوێدانە ئەو كاردانەوە دەروونیو سیاسیو ڕق بێزاریو وێنا شێوانەی لەمە دەكەوێتەوە، ساڵی سەدەمینیش دەبێتە ساڵێكی ئاساییو هەڵە بونیادیو مێژوویەكانو دژ بەیەكە ناوخۆییەكانی كۆمار نەك هەر بەردەوام دەبن، بەڵكو مەترسیان زۆرتریش دەبێت لە ناخۆشدا لە جیاتی بیركردنەوە لە چارەسەری بنەڕەتی نوخبەكاتن سەر گەرمی بەڕێوەبردنی ململانێكان دەبن، كە جەوهەرەكەی چارەسەر سپاردنە بە دواڕۆژ، هەر ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی دواڕۆژی كۆمار تەمو مژاوی ترو نا مسۆگەر تر بكات، كێشەكانیش بەجۆرێ كەڵەكە بكات، لە هەندێ سەرەپێچی مێژوویدا، توانای چارەسەركردنو لەژێر دەرچونیان ئاسان نەبێت.