شۆڕشی ئەیلول دژبەخۆی و وەك سەرچاوەی كارەساتێكی نەتەوەیی؟!
9/11/2021 4:17:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
وەك خاوەن فیكرو قەڵەمێك كە چەندین ساڵە دەربارەی ناسیۆنالیزم وجوڵانەوەی نیشتیمانی ونەتەوەیی كوردستان دەنوسم، پێم وایە ناسیۆنالیزمی كوردی لەرێی شۆڕشی ئەیلولەوە بەجەماوەری بوو، بەحوكمی ئەوەی شۆڕشێكی سەراسەری بوو. توێژە جۆراوجۆرەكانی كوردستانی باشور تێیدا بەشداربوون، ماوەیەكی زۆری خایاند، ئەوەش كاریگەریە كەلتوری وسیاسی ومەیدانییەكانی زێدەتر كرد. شۆڕشی ئەیلول توانی توانای مرۆڤی كوردو كوردستانی بۆ وێناكردنی كورد وەك نەتەوەیەكی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و گەلی كوردستانی باشور بەهێزتر بكات. پێشمەرگایەتی وشۆڕش وبەرخۆدان وچەكی نیشتیمانی و شەهید وجەنگ، توانیان خزمەتێكی بەرچاو بەخەمڵینی ناسنامەیەكی كوردستانیی جیاواز بكەن، شۆرش توانی هۆشیاری و هزروگیانی نەتەوەیی لەناوئاپۆرەی جەماوەردا بڵاوبكاتەوە، بۆ ماوەیەك و لەئاستێكی دیاریكراویشدا بێت وایكرد ناسیونالیزمی كوردی سنوری ناوچەو خێڵ وزار تێپەڕێنێت وكوردستانی نیشتیمان بخاتە جێگەی (زێد) وكوردوگەلی كوردستانیش بكاتە بەرجەستەكەری ناسنامەیەكی دەستە جەمعی نوێ. بەڵام بەداخەوە ئەمە تەنها بەشێكە لەدیمەنەكە.
چونكە شۆڕش لەهەناویدا توخمی چەندین لاوازی ستراتیژی ودژبەیەكیی دژبە ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی هەڵگرتبوو؟! كە دواتر بوونە سەرچاوەی كارەساتێكی نەتەوەیی و سەرهەڵدانی هەندێ كێشەی وا تاكو ئێستاش بەدەستایەنەوە بتلێینەوە؟!
بەشێ لەوكێشانەش پەیوەندیان بەدۆخی پێش شۆڕش دژ بەیەكییەكانی ناو پارتیەوە هەبوو، كە ڕۆڵی پارتی پێشڕەوی لەشۆڕشەكەدا دەگێڕا، پارتی لەكاتێكدا ڕۆڵی گرنگی لەسازدانی خەڵك و هوشیاركردنەوەیان و گۆشكردنیان بە ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگێڕا و ڕێبەرایەتی سیاسی وسەربازی شۆڕشی دەكرد، لەهەمانكاتدا بووە سەرچاوەی تەقینەوەی كۆمەڵێ كێشەی دژ بە سەرەتاكانی هوشیاری و كاری نەتەوەیی؟! بەمەش بەكردەوە بەگوتەی بارزانی ڕێبەری شۆڕش حیزبایەتی بوو بە مایەی (فیتنە) -دیارە هەندێ كەس ئەم دەربڕینەی ناوبراویان وەك بەڵگەیەك بۆ ئیدانەكردنی و لاوازی هوشیاری حیزبایەتی ئەو بەكارهێناوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە وەسفێكی واقیعەكەی كردووە، تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیزبی كوردی لەوڕۆڵە فیتنە گێڕییە دژبەنەتەوەییەی خۆی نەكەوتووە؟!
دژبەیەكیەكانی ناوخۆی شۆڕشی ئەیلول لەزۆر شتدا خۆی بەرجەستە دەكرد. بەڵام گرنگترینیان جیاوازی ئایدۆلۆژی ناوپارتی ومۆدێلی سەركردایەتی وچۆنێتی ئیدارە دانی شۆڕش بوو.
ئەم ناكۆكیانەش لەكەم وكورتیە ستراتیژیەكانی شۆڕشەوە سەرچاوەیان گرتبوو. كەگرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:
١- نەبوونی ستراتیژێكی پێشوەختە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش وەك بەرەنجامی هەڵسەنگاندنێكی هەمەلایەنەی هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەكی و بوون و نەبونی توانستی مێژویی لەناوكۆمەڵگەی كوردی بۆ لەخۆگرتنی شۆڕش. ڕوداوێكی ناشۆرشگێڕانە، كە بەرگریكردنی خاوەن موڵكە گەورەكان بوو لە بەرژەوەندییە چینایەتیەكانیان لەدوای دەرچوونی یاسای چاكسازیی كشتوكاڵی، بوو بە كڵپەی دەسپێكی شۆڕش؟ بەواتایەكی تر بەمانای وشە پارتی شۆڕشی دەستپێنەكرد، بەڵكو هەندێ لەسەركردەكانی بەسود وەرگرتن لەودۆخە بەسەریاندا سەپاند؟! واتە دۆخێكی ئاوارتەو لەناكاوی لەپشتەوە بوو. ئەم سەرەتایەش تا كۆتایی شەستەكانیش مۆركی خۆی بە سیمای شۆڕشەكەوە نابوو. شۆڕش لەشەستەكانی سەدەی ڕابردوو هێندەی كۆمەڵە سەربەرزكردنەوەو بەرگری و ڕوداو هەوڵی هەڵكشاو و داكشاوی بەیەكەوە گرێدراوبوو، بەو ئەندازە بەرجەستەی پیكەرێكی تۆكمەی دۆخێكی شۆشگێڕانەی چەسپاو و موكوڕ بەرجەستە ناكات.
٢- نەبونی دیدو ستراتیژێكی ڕوون سەبارەت بە داواكاری و مەسەلە نەتەوەییەكان و پەیوەندی نێوان گفتوگۆو بەرەنگاری چەكداری. بەخوێندنەوەی مێژوی شۆڕشەكەویاداشتی كاراكتەرەكانی ناوی، هەست دەكەین داخوازی و گفتوگۆكان بەشێوەیەكی ناهاوسەنگ ملكەچی هاوسەنگی هێز و گۆڕینی دەسەڵات لە عێراق بوون؟! هەندێ جار داخوازییەكان سەقفیان بەرزو هەندێجاری تریش بۆ ئاستی لامەركەزی ئیداری و هەندێ داخوازی سنورداری وا دابەزیون كە ناشێت ناوی داخوازی شۆرشێكی نەتەوەییان لێبنرێت، بەئاسانیش لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا جێگەیان نابێتەوە. شۆڕشی ئەلول لەم ڕوەوە گەر ئاماژەبێت بە پاشەكشەی بیری سەربەخۆخوازی لەنێو ماڵی ناسیونالیزمی كوردیدا، بەهۆی كاریگەربوونی پارتی بەبیری چەپ و جەبرە سیاسیەكانەوە، ئەوا لەدوای دەستبەرداربوون لەم خواستە سروشتیەی هەر ناسیۆنالیزمێكیش، نەیتوانی بەدرێژایی شەستەكان ببێتە خاوەنی یدێكی ڕون وتۆكمە سەبارەت بە فۆرم وبنمیچی داخوازییەكان، بۆئەوەی لەكات وشوێنەجیاوازەكاندا پێیان لەسەر دابگیرێت وبەرگریان لێبكرێت؟!
٣- كێشەی ڕێبەرایەتیكردن وڕۆڵی پارتی لەشۆڕشدا، لەم ڕوەوە پارتی چەندە لەخزمەت شۆڕشدا بوو، بەوئەندازە زیانی لێدا؟! چونكە بووبووە سەر چاوەی ڕاجیاوازی و وناكۆكی لەناو دڵی شۆڕشدا؟! ئەوەی واشی كردبوو دۆخەكە بەم جۆرەی لێبێت، چەند هۆكارێك بوون لەوانەش:
. جوان نەخوێندنەوەی واقیعی كۆمەڵگەی كوردستانی ئەوكاتە.
. كاریگەر بوونی حیزبەكەو بەشێك لەسەركردە دیارەكانی بە چەپ لەوانەش سكرتێری مەكتەبی سیاسی، ئەمەش چەندین بەرەنجامی كارەساتباری لێكەوتەوە، كە ئێرە جێگەی باسكردنیان نیە.
. كێبڕكێ لەسەر ئەوەی كێ خاوەن بڕیاری یەكە لەشۆڕشدا.
. لەپاڵ سنورداری توانای حیزبەكە بۆ لەخۆگرتنی كۆی ئەو دۆخ و دەرهاویشتانەی شۆڕشەكە هێنابونیە كایەوە.
. بە هەڵە خوێندنەوەی ڕۆڵ و ڕەمزیەتی بارزانی و توانای باڵی سەربازی بۆ هەژمونكردن بەسەر دۆخەكەو ئاراستەكردنی و قورسبونی هەوڵدان بۆئەوەی بارزانی لەودۆخەدا بكەیتەوە بە سەرۆكێكی ئاسایی حیزب.
بەكورتی سەرنجام ناكۆكی ودژبەیەكیەكانی ناو پارتی وشۆڕش زۆریان نەخایاند بەشێوەیەكی زۆر خراپ تەقینەوە؟!
پارتی كەرتبوو، بەڵام هاوشێوەی كەرتبونێكی ئاسایی حیزبیی نا، چونكە بەدوای ئەودا شۆڕشیش كەرتبوو، شەڕی ناو خۆ دەستی پێكرد!! دوابەدوای ئەمانەش: جوگرافیای كوردستانی باشور، ناسنامەی نیشتیمانی و مێژوی هاوچەرخی كورد لەم پارچەدا كەرت بوون، تەنانەت ناسیونالیزمی كوردیش كەرتبوو! كە كارێكی لەوجۆرە هەرلەبنەرەتەوە بەگوێرەی تیۆرو بەهاكانی ناسیۆنالیزم قابیلی تێگەیشتن نیە، هەر ئەوەش وایكرد ئەم ناسیۆنالیزمە دوچاری چەندین كەماسی ستراتیژی بێت و چەندین خەسڵەتی ناسیۆنالیستانەش لەدەست بدات و بشێوێت. بەم جۆرەوە لەوكاتەوە تاكو ئێستا كوردی باشور، خاوەنی مێژوو ڕەمزو شەهید و سەركردەو جوگرافیاو ناسیونالیزم و شۆڕش و بۆنەی هاوبەش نەما!!! شكستی شۆرشیش لەم ڕوەوە هێندەی تر كارەساتەكەی قوڵتر كردەوەو كۆمەڵگەی بەرەو لەبەریەكهەڵوەشانەوەی زۆرتر برد. بەم جۆرە گەورەترین وسەراسەرترین شۆرشی نیشتیمانی لەم پارچەدا، بەهۆی چارەسەرنەكردن وتەقینەوەی دژبەیەكیەكانی ناوی وشەڕی دەسەڵات، بووە سەرەتای كۆتایی یەكگرتوویی خاك و خەڵك وشۆڕش جوگرافیا و ناسنامەی نیشتیمانی لەم پارچەی كوردستاندا، ئەو عەقڵەی لەئێستاشدا لە هەرێم وكوردستان و باشوریشدا بڕیاری بەدەستە، درێژكراوەی هەمان ئەو عەقڵە بریندارە پەرتخوازە نیگەرانە مێژوییەیە؟! هەر بۆیە سی ساڵە لەبەردەم كۆتایهێنان بەدۆخی نانیشتیمانی و نەتەوەییانەی دابەشبوون، بیناكردنەوەی هەرێمێكی بەهێزو تۆكمەو یەكگرتوو بەدامەزراوەیی كراو، كۆڵەواری وبێتوانایی خۆی نیشانداوە! توانای بڕینی قۆناغی نیەو وەك كائینێكی زەبون وبێ دەرەتان لە بازنەیەكی داخراوی بئ ئاسۆدا خەریكی دوپاتكردنەوەی حیكایەتە جاڕسكەرەكانی خۆیەتی.
دۆخەكە لەم ڕوەوە گەیشتۆتە شوێنێ تەنها پارتی خۆی بەخاوەنی شۆڕشی ئەیلول بزانێت و یادی بكاتەوە؟! لەكاتێكدا شۆڕشی هەموو كوردستانیانی باشور بوو، لەچەندین حەڵقەیدا بەرجەستەكەری مێژوی هاوبەشی تێكۆشانە، خۆبەخاوەنكردنەوەی هاوبەشیش دەكرێت هۆكارێك بێت بۆ دەرچون لەزیندانی ئەو ناكۆكیانەی لەهەناویدا سەریان هەڵدا و تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەناویدا دەژین، ئەوەش ڕێگەی لێگرتوین بۆئەوەی لەفەزایەكی كراوەی نیشتیمانپەروەریەكی كۆكەرەوەو ڕاستەقینەدا، چێژ لە هەڵمژینی هەوایەكی سازگارو شیفابەخش وەربگرین.