161وتار

ئەمریکا لەوە زیاتر چیمان بۆ بکات؟

3/27/2023 4:05:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی

ئەمریکا زلھێزێکی جیھانییە، دەبێت لەو چوارچێوەو لە ڕوانگەی قەبارەو پێگەی خۆمانەوە چاوەڕوانیمان لێی ھەبێت. بەچاوپیاخشاندنێکی خێرا بە ھەڵوێستی ئەمریکا دەربارەی کوردی باشور و ئەزموونە سیاسیەکەی، لە نەوەدەکانەوە تاکو ئێستا، دەتوانین بڵێین ئەمریکا زۆر شتی بۆ کردووین. خۆ ئەگەر خۆمان ھەبووینایە، دەیتوانی زۆرترمان بۆ بکات، چونکە بەشێکی سەرەکی ھۆکارەکانی دەستنیشانکەری کاریگەری ئەو یارمەتیانە، وەستاوەتە سەر خۆمان و ئاستی بەپیرەوە چوون و سوودلێوەرگرتنی و جێکردنەوەی لەچوارچێوەی پڕۆژەی خۆبیناکردنەوەیەکی نیشتیمانیی ھەمە لایەنەی خۆمان.

ئەمریکا لە وێستگە جیاوازەکانی سی ساڵی ڕابردوودا بە ئاستی جیاواز بەدەم ئێمەوە بووە،کە لێرەدا چەند وێستگەیەك دیاریدەکەین:

یەکەم/ بەشداریکردنی کاریگەر لە سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین، فەراھەمکردنی نەوای ئارام و گەڕانەوەی گەلی ئاوارەی باشور بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆی. کە دواتر بوونە  پێشمەرج و ژێرخان بۆ ھاتنە کایەی پەڕلەمان و حکومەت و ئەزموونی حوکومڕانی ھەرێم.

دووەم/ دژایەتیکردنی ھەڵگیرسان و درێژەکێشانی گەڕی نەوەتەکانی شەڕی عەبەسی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی و خستنەگەڕی ھەوڵەکانی بۆ وەستاندن و کۆتاییپێھێنانی شەڕەکەو دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی لە ھەرێمدا، سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی، ڕێکەوتننامەی واشنتۆنی بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگەکەو یەکگرتنەوەی ھەرێم و ھێز و دام و دەزگاکانی، بە ھەردوو سەرکردە کوردە ناکۆکە مۆرکرد، بەڵام تاکو ئێستاش جگە لە شەڕوەستانەکە بەشە گرنگەکەی ترمان پشتگوێخست!

سێیەم/ لەکاتی ڕووخانی ڕژێم و نووسینەوەی دەستوور و چەسپاندنی سەرەتای فیدرالیزم، بەپێچەوانەی خواستی ھەندێ لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە، ھاوکارمان بوو.

چوارەم/  یارمەتیدانمان دوای ڕیفراندۆم و لێکەوتەکانی لەسۆنگەی، ھەڵوەشاوەیی دۆخی ناوخۆمان. ڕاستە ئەمریکا لە ڕیفراندۆمدا یارمەتی نەداین و چاوپۆشی لەبەکارھێنانی  ھێرشی دژمان کرد، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەتەواوی پشتی تێنەکردین و (٣) شتی بۆ کردین:

١- ڕێگریکردن لەبەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی لەلایەن ھێزە عێراقی و ھاوپەیمانە ھەرێمییەکانەوە.

٢- ھەڵوێستی کۆتایی دەرنەبڕین بەرامبەر ململانێ و شەڕەکە تا ھێزەکان حەشد نەگەیشتنە ناو کەرکوك و بوودەڵەیی کورد لە بەرگریکردن لە شارەکە دەرنەکەوت. کە ئەوەش دەرفەت پێدان و ئامادەیی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەر دیفاکتۆیەك کورد توانای سەپاندنی ھەبێت.

٣- بەشداریکردن لە ھێشتنەوەی قەوارەی دەستووریی ھەرێم کە بڕیاربوو لانی کەم بەم جۆرەی ئێستا کۆتایی پێبێت. ئەویش بەھێنانەگۆڕێی پشتیوانیکردن لە حکومەتی ھاوبەشی یەکییەتی و پارتی و ھەرێمێکی بەھێز لەچوارچێوەی عێراقێکی بەھێزدا.


پێنجەم/ پێداگرتن و داواکاری ئەنجامدانی چاکسازی و دووبارە بیناکردنەوەی سیستم و کۆتاییھێنان بە دۆخی پەرێشان و نەخوازراوی ئێستا. ئەویش لەڕێی داواکاری نیمچە بەردەوام بۆ ئەنجامدانی ئەم چاکسازی و کارانەی خوارەوە:

.بەنیشتیمانیکردن و یەکگرتنەوەو دووبارە بیناکردنەوەی ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ناوخۆو کۆتایھێنان بە دیاردەی دوواکەوتووی ھێز و چەکداری حیزبیی.

.کۆتاییھێنان بە زۆنی کۆنترۆڵکراوی حیزبیی و فرە دەسەڵاتی و یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی ھەرێم و دروستکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندیی سەرو حیزبیی و ناوچەیی لە ھەرێمدا.

.ئەنجامدانی چاکسازی ڕاستەقینەو بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە دەرکەوتە جیاوازەکانیدا.

.کۆتاییھێنان بە ناکۆکی بێزارکەر و نائومێدکەری نێوان دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، کە تەواوی دۆخەکەی خستۆتە ژێر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی خۆیەوە.

.پاراستنی ماف و ئازادییەکان بەدیھێنانی و سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگاو سەروەریی یاسا.

.ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیداو بەشێوەیەکی پاك و بێگەرد.

.سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا.

ئەو داواکاریانەش داواکاری تەوژمی ڕیفۆرمخوازی ھەرێم و ھەموو کەسێکی دڵسۆز و بەپەرۆشی ئەم وڵات و گەلەیە. واتە ئەمەریکا بەھەر پاڵنەرێک بێت داوای ئەو شتانەی لێکردووین، ھەرێمێکی بەھێز و یەکگرتوو گەشەکردوو دەیخوازێت.

ئێستاش کاتێك سەرکونسووڵەکەی لە ھەولێر شێری نوسینێکی ڕۆژنامەوانی دەکات کە تیایدا وێنای دواڕۆژێکی لێڵ و نەخوازراو بۆ ھەرێم کراوە، واتای ئەوە نییە کە ئەوانن دۆخەکەیان گەیاندۆتە ئێستا، یاخوود بیانوومان پێدەگرن و لەئێستاوە پاساو دەھێنەوە بۆ ڕەوایەتیدان بەوەی دەیانەوێت لە داھاتوودا بەرامبەرمان بیکەن، چونکە تائێستاش ھەرێمێکی یەکگرتوو و بەھێز و سەقامگیر و گەشەکردوو و نموونە، بە بەرژەوەندی خۆیان دەبینن و پشتیوانی دەکەن، بۆیە ئەو کارە لەپاڵ نێردەی UN لە عێراق و زۆر کەس و ناوەندی تر، بۆ بێزاری دەربڕین و ھووشیاریپێدانە، دەربارەی درێژەکێشان و چەقبەستوویی بارودۆخەکەو بەتەنگەوە نەھاتن و  گوێنەدان بە ئەو شتانەی ئەمەریکا خوازیاریەتی و لەپێشەوە ئاماژەمان پێکرد.

بۆیە ڕاستر وایە یەخەی خۆمان بگرین نەك ئەمریکا. ھەندێ جاریش دڵسۆزی دۆست لەوەدایە بتگریەنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن