کورد لەکوێی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عێراقدایە؟
6/1/2020 11:30:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی
بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا، گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکاو عێراقدا دەست پێ بکات. یەکێ لەئەرکە چاوەڕوان کراوەکانی کازمی و حکومەتەکەشی، ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیەیە. جێگەی سەرنجە ئەمریکاو عێراق لەساڵی (٢٠٠٨ ) ەوە، (ڕێکەوتنی ڕەوشی هێزەکان) و ( ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی) لەنێوانیاندا مۆرکراوە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان بەگوێرەی ئەوان ڕێکخراوە. ئەمەش دەخوازێت بپرسین، لەگەڵ بوونی ئەو ڕێکەوتنانەدا دووبارە باسکردن لە گفتوگۆی ستراتیژی چی دەگەیەنێت؟ ئایە مەبەست تیایدا گیانکردنەوەیە بەبەر ڕێکەوتنە کۆنەکان وەوەگەڕخستنیانە؟ یاخود دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندی و چاوەڕوانی و داواکاری و ڕۆڵەکانە، لەڕوانگەی هەمووئەو ئاڵوگۆڕانەی لە زیاد لە ڕویەکەوە هاتوونەدی؟ یان لەوەش زیاتر، ئاماژە کردنە بەکەم بوونەوەی توانای ئارام گرتن و دەرفەتەکان و خاڵ نانە سەرپیت و بڕیاری یەکلاکەرەوەو ڕزگاربوون لەوبازنە بێ ئاسۆیە داخراوەی ململانێ نەزۆکەکان و تەقلید لەماوەی ڕابردوودا بۆ لایەنەکان و، بەتایبەتیش بۆ ئەمەریکایان خوڵقاندووە؟ باسکردن لە ستراتیژ لەم چوارچێوەدا بەدڵنییاوە بەشێکی پەیوەستە بە دووبارە پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و ئامرازەکانی بەدیهێنانیان وجۆری ئامادەگی ئەمەریکا و بەڕێوەبرندنی ململانێکان لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. وەك ڕوونیشە لایەنی دووەم و سەرەکی لەم گفوگۆیانەدا بەناڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە؟!.حکومەتی عێراق گەرچی لایەنی دووەمی فەرمیە، بەڵام بەکردەوە لایەنی سێهەم پێکدێنێت؟گەرچی فەرمی بوونەکەی لە چوارچێوەی یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا قورسایی بە هەڵوێستەکانی دەدات. بەڵام با واز لە هەموو ئەم شتانە بێنین وبپرسین: کورد لەکوێی ئەم دۆخەدایە؟ داخۆ دۆخی ئابوری وسیاسی و تەندروستی نەخوازراوی هەرێم شپرزەیی نێوماڵە سیاسەکەی، بوارێکیان بۆ بیرکردنەوەی جددی لەم پرسەو بەخەمەوە بونی هێشتۆتەوە؟لەکاتێکدا بەرەنجامی دیالۆگەکە بەهەربارێکدا بشکێتەوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری بەسەر بارو دۆخی ئێستاو ئایندەی هەرێمدا دەبێت. دیارەلە دۆخی ئاسایی و لەبەرامبەر چاوەڕوانی ڕوداوێکی لەو جۆرەدا، دەبێت چەندین توێژینەوەو پانێڵ و گفتوگۆلە لایەن دەزگاکانی توێژینەوەو زانکۆکان و بیرمەندو ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارەکان بەڕێوە بچێت و سازبکرێت و قسە لەسەر کۆی ڕەهەندو ئەگەرو بژاردە و بەرژەوەندیەکانی هەرێم وگەلەکەی بکرێت. وەفدی تایبەت ڕەوانەی واشنتۆن وتاران وئەنقەرەو بەغدا بکرێت، بۆئەوەی داواکاری ڕۆڵمان لە قۆناغی ئامادەکاریەکاندا بەگوێرەی توانا دیاربن و وەك لایەنێکی خاوەن بەرژەوەندی و ئاسەوار وەرگر بزر نەبێت. لەکاتێکدا ئێمە لەئێستادا هیچ یەکێ لەم شتانە نابینین؟! ناهەمواری و تێکچوونی دۆخی ناوخۆ ئەم پرسە ستراتیژیەی کردووە بە مەسەلەیەکی لاوەکی؟!ئەمە لەکاتێکدا ئەم جۆرە پرسانە بۆ هەرێم زۆر چارەنوسسازن. چونکە وەك بنەمایەکی گشتی، هەرێمە نیمچە دەوڵەت و کاراکتەرە نادەوڵەتیەکان، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆمانەوەو پارێزگاری لە خۆکردن، پێویستیان بە پارێزەرێکی نێو دەوڵەتیە. ئەوەش وادەکات خەمی ئێمە لەم جۆرە دۆخانەدا تەنها خەمی پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان بەمانا گشتی و تەقلیدیەکەی نەبێت، بەڵکو خەمێکی وجودیی قوڵ بێت.