130وتار

ئەو شکستانەی ھەرێمیان بەم ڕۆژە گەیاند

6/12/2023 10:55:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی

ئەوەی لەم ڕۆژانەدا دەربارەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ڕوودەدات، ڕەگەکەی لە ناکۆکی و گەندەڵیدایە. بەرھەمی کۆمەڵێ شکستی قۆناغی ڕابردووی نوخبەی حیزبیی حوکمڕانی ھەرێمە، لەوانەش: 
 
١- شکستی پرۆسەی نیشتیمانسازی: نوخبەی حوکمڕان شکستیخوارد لەوەدا کە، ھەرێمی کوردستان بکات بە نیشتیمان و ژێرخانی ھاوڵاتێتی ئازاد و یەکسان! واتە لە ڕێی ئینتیما بۆ نیشتیمان و ژیان لەسایەی حکومەتی ھەرێمدا ھاوڵاتیان خودان ماف و ئەرکی وەك یەکبن، دام و دەزگای نیشتیمانیی سەرو حیزبی و ناوچەیی ڕاستە قینە دابمەزرێن و کۆتایی بە دەڤەر و زۆنی حیزبی و دابەشبوونی کوردستان بھێنرێت.

٢- شکستی پرۆسەی گەلسازی. نوخبەی حوکمڕانی ھەرێم شکستیخوارد لەوەی گەلی کوردستانی ھاوھەست و ئامانج و ناسنامە دروست بکات، بەحوکمی ئەوەی، کورد و کوردستانیانی ھەرێم و باشور، وەك کۆمەڵێ گروپ و ھێز و ناسنامەی پەرش و بڵاو و ناکۆك لەگەڵ یەكتر دەردەکەون! خاوەن ھەست و ئامانج و ناسنامەیەکی نیشتیمانی کۆکەرەوەو ھاوبەشی ڕاستەقینە نین، وەك سادەترین پێشمەرجی بوونی گەل، ناکۆکی و ڕقەبەرایەتیە سیاسییەکان بەجۆرێك قوڵ و ڕەگداکوتراون و ھەناوی کۆمەڵگەی باشوریان کەرت و پەرت کردووە، ئاسان نەبێت باس لە گەلی باشوری کوردستان بە واتا زانستی و مەیدانییەکەی بکەین. بۆیە لەڕاستیدا شتێکمان بەناوی گەلی کوردستانی باشور نییەو بەکارھێنانی دەستەواژەو چەمکەکە ھێندەی مەجازییە ئەوەندە ڕاستەقینە نییە.

٣- شکستی پرۆسەی ھەرێمسازی: شکستھێنان لە پرۆسەی نیشتیمان و گەلساز و دامەزراوەسازی مۆدێرن، لە جەوھەردا، یەکسانە بە شکستھێنان لە پرۆسەی ھەرێمسازی و بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی پتەو و یەکگرتوو سەراسەری و کۆتاییھێنان بە دیاردەی دوواکەوتووانەی فرەدەسەڵاتی و زۆن و ھێز و پەیوەندی دەرەکی حیزبی و لاوازی دامەزراوە نیشتیمانییەکان.
 
٤- شکستی پرۆسەی لەشکرسازی نیشتیمانی: بەداخەوە سەرەڕای ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار، داواکاری چەندین وڵات بۆ کۆتاییھێنان بە فرەھێزی چەکداری، نوخبەی حیزبیی حوکمڕانی ھەرێم بە ئاستێکی ترسناك لەم بوارەدا شکستیخواردووە، لەکاتێکدا پێشمەرجێکی سەرکەوتنی پرۆسەی گەل و نیشتیمان و ھەرێمسازی و ڕیفۆرمە.

٥- شکستی پرۆسەی چاکسازی: ئەوەش بەڵگەی ناوێت و لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی ھەرێم کە دواترینیان لێدوانەکەی وەزیری دارایی بوو دەربارەی ئەوەی ھۆکاری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران گەندەڵیە، گەورەترین بەڵگەیە.

٦- شکستی دابەشکردنی ھەرێم بەسەر دوو سەربازگەی نەتەوەخواز و خیانەتکاردا: ئەمە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بەتەواویش ڕاست بێت، بۆ ھەرێمی کوردستان، تاکو ئێستا کارەسات و زیاتر لێککھەڵوەشانەوەی ڕیزەکان و بێبایەخکردنی مەسەلە نەتەوەییەکەی بەدووادا ھاتووەو لێکەوتۆتەوە. چونکە گوتاری نەتەوەیی ئەگەر کۆکەرەوە نەبێت، بەتایبەتیش لە واقیعێکی پڕ لە ناکۆکی و ڕق و لێککھەڵوەشاوەیی و شێواوی ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵگەو ژیانی حیزبی و گەندەڵی و نادادپەروەریی و کەمی متمانە بە نوخبەی حوکومڕان و پرسیارکەوتنە سەر جددیەت و ڕاستگۆیی، وەکو ھەرێم، ھەروەھا بوونی مێژوویەك لە شەڕی ناوخۆو یەکتر بەنەفرەتکردن، بەپێچەوانەی ئامانجە نەتەوایەتیەکان کاردەکات و پێگەی کوردستان لاوازتر دەکات، چونکە لە بەرەنجامی کۆتاییدا وێنەکە وادەشکێتەوە بەکارھێنانی پرسە نەتەوەییەکەیە وەك ئامرازی ململانێی حیزبی و ڕکابەرە نەتەوەییەکانیش وەبەرھێنانی تێدا دەکەن.

٧- شکستی دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر بەرەی گەل و بەرەی دەسەڵات و گەندەڵکاراندا: چونکە ھەر لەبنەڕەتەوە گەلمان نیە و زۆرینەی ھاووڵاتیانیش بایکۆتی پرۆسەی سیاسیان کردووە. دوو ھێزەکەی دەسەڵات لەناوخۆیاندا ناکۆك و دژبەیەکن، ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازییەکانیش لە سەنگەری تۆمەتبارکردنی یەکتردان! ئەمە جگە لەوەی دابەشکردنەکە لەبنەرەتدا د ژبە کێبڕکێی مەدەنیەو لەگەڵ لۆژیکی شۆڕشدا کۆکە نەك ڕیفۆرم.

لێرەشەوە پێویستە چیتر خۆمان نەخڵەتێنین، دان بەوەدا بنێین حوکمڕانی ھەرێم بە ڕێرەوێکی ھەڵەی کوشندەدا دەڕوات، ھەرێم بەتەواوی مانا لە دۆخی بنبەستی سیاسی و قەیرانی حوکومڕانیدا دەژیت، لە بازنەیەکی نیمچە داخراودا دێت و دەچێت و دەسووڕێتەوە، درێژەکێشانی ھەژموونی دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی ھەرێم لەسایەی ناکۆکی و زۆن و چەکداری حیزبی و گەندەڵیدا، ژیانی سیاسیمانی خنکاندووە و دەرەتانی گەشەکردنی لێسەندۆتەوە. سروشتی پەیوەندی نامەدەنیانەی دوو پارتەکە لەسەر حسابی حکومەت و گەل و نیشتیمان و ھاووڵاتیان تەواو بووە. بۆیە درێژەدان بەم دۆخە کارەسات و پێچەوانەی لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی نیشتیمانی و ئەخلاقییە.

چارەسەریش لەوە دەرچووە لەم چوارچێوەی ئێستادا بێت..

ئ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن