مەبەستمان لە کۆتایی عێراق؟
5/28/2021 10:17:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی
بەراوردێك لە نێوان دۆخی ئێستای ئەم وڵاتەو کۆتاییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی
کەسانێ لە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسیە کوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتیەکە، لە نوسین و لێدوانەکانیاندا سەبارەت بە عێراق دەستەواژەی کۆتایی عێراقیان بەکارھێناوەو دەبەن، لەوانەش نوسەری ئەم وتارە. بۆ باشتر حاڵی بوون لە یەکترو نزیکتربوونەوە لە بابەتیبوون، ئەوەی پەیوەندی بە پاشخانی بەکارھێنانی دەستەواژەکە لەلایەن ئێمەوە ھەیە، دەخوازین ئەم سەرنجانەی لای خوارەوە بخەینە ڕوو، دواتریش بەراوردێکی کورتی دۆخی ئێستای عێراق بە کۆتاییەکانی ئێمپراتۆریەتی عوسمانی بکەین، بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە زیاتر ڕونکردنەوەی مەبەست و سودوەرگرتن لە مێژوو بۆ باشتر خوێندنەوەی ڕەوتی ڕوداوەکان لە ئێستاو داھاتووی عێراقدا.
یەکەم: مەبەست لە کۆتایی عێراق
مەبەستمان لەم دەستەواژەیە لە کاتی بەکارھێنانیدا و بەشێوەیەکی گشتی، ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
١- کۆتایی عێراقی سەقامگیرو دیموکرات و گەشەکردوو تەوافوقی و خۆشگوزەران.
٢- ناتوانایی لە ڕووی لەخۆگرتنی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیی و مەزھەبییەکان و خەڵاندنی ناسنامەیەکی نیشتیمانی عێراقیی یەکگرتووی ئارەزومەندانە.
٣- داروخانەوەی زۆرێ لە پایەکانی عێراقی نوێ، واتە عێراقی دوای ٢٠٠٣.
٤- قوڵی و ھەمەلایەنی کێشەکان لەوانەش: گەندەڵی دارایی و سیاسی و کارگێڕی، بوونی زیاتر لە ٦٠ میلیشیای چەکدار کە بەکردەوە ڕۆڵی دەوڵەتی قوڵ دەبینن و ھەرکاتێك ھەندێ ڕواڵەتی دەوڵەتداری یاخود خواستێ بەو ئاراستەدا وەدەرکەوتن، بە ڕووداو و مانۆڕێك، دەیڕوخێننەوە، بۆ ئەوەی کەڵەکەبوون ڕوونەدات و ئێرادەی دەوڵەت وەك بارمتە لای خۆیان بمێنێتەوە، واتە ئەوان بەشێك نەبن لە دەوڵەت بەڵکو دەوڵەت بەشێك بێت لەوان بەحوکمی ستراتیژە مەزھەبی و سیاسیە سەرودەوڵەتی و خۆرھەڵاتی ناوەراستەکەیان.
٥- نەبوونی ھیچ ئاسۆیەکی نزیك بۆ چارەسەری کێشەکان، ھەڵبژاردن، ھاتنە سەر شەقام، تەقاندنەوەی دۆخەکەو ڕاپەڕینی چەکداری، لە سایەی ھەل و مەرجی نێوخۆیی و ھەرێمایەتیدا، لە باریاندا نیە لەم دۆخە دەربێنن، بەڵکو ئەگەری ئەوەیان لێ دەکرێت، دۆخەکە بەرەو داڕوخاوی زۆرتر بەرن.
٦- بوونی ئیرادەیەکی ھەرێمی بۆ مانەوەی دۆخی عێراق بەم جۆرەو دووبارە بەھێزنەبوونەوەی لە سۆنگەی ئەم ئامانجانەوە:
- تا جارێکی تر ھاوشێوەی ڕابردوو، عێراق نەبێتەوە سەرچاوەی ھەڕەشە.
- ڕێگرتن لەوەی ببێتەوە بەھێزی ھەرێمی و داوای دابەشکردنی ڕۆڵ لە دراوسێکانی بکات.
- مانەوەی وەك بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی کاڵاو لەوانەش کاڵای چەشن نزم و سودلێوەرگرتنی بۆ شکاندنی ئابڵۆقەی ئابوری و پارەدارکردنی پڕۆژە سیاسی و سەربازیە ھەرێمایەتیەکان.
- بەمسۆگەری ھێشتنەوەی دۆخی پاشکۆیەتی سیاسی، بەدەسەڵاتگەیاندنی دۆستەکان، دەستێوەردان و کردنی بە گۆڕەپانێ بۆ ململانێی ھێزو دەوڵەتە نەیارەکان و کارتی ڕێکەوتن و سازشکردن.
کەواتە ئەوەی عێراقی ھێشتۆتەوە، سەرچاوەکانی ھێزی دەوڵەت نیە، بەڵکو لاوازی و پەڕپوتی ئەوانە؟! یاسای گشتی نێودەوڵەتی و درێژەکێشانی دانپیانانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە وەك دەوڵەت. ئەزمونی عێراق و سوریا لە ھەندێ وڵاتیش خستیە ڕوو کە دانپیانانی نێودەوڵەتی لە گرنگترین پایەکانی مانەوەی دەوڵەتە لە شێوەی قەوارەیەکی سیاسی نێودەوڵەتیدا. ھەر ئەوەیە وایکردووە لە کاتێکدا ھەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکە، سەرەرای ئەوەی زۆرێ لە خاکەکەیان لەدەست دەدەن، توانای ڕاپەراندنی ئەرکە بنەرەتیە ئاسایشی و خزمەتگوزاریەکانیان نامێنێ، کەچی سەرەڕای ئەوە، ھەڵناوەشێنەوە؟!
دووەم: بەراوردێك لە نێوان دۆخی ئێستای عێراق و کۆتاییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی
کۆتاییەکانی دەوڵەت یاخود ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەدەست جۆرەھا کێشەو قەیرانی کەڵکەبوو چارەسەر نەکراودا دەیناڵاند. ھەر بۆیە دەسەڵاتدارەکانی ئیمپراتۆریەت، ھێندەی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی دەوڵەت و دەسەڵاتەکەیان بوون، توانای چارەسەری بنەڕەتی و بیناکردنەوەو دەرچوون لە قەیرانەکانیان نەبوو.
عێراقی ئێستاش لە چەندین ڕووەوە ، بە یەکێ لە پیاوە نەخۆشەکانی خۆرھەڵاتی ناوەراست لە قەڵەم دەدرێت، دۆخە سیاسی و کۆمەڵگەکەشی، ھاوشێوەی کۆتاییەکانی دەوڵەتی عوسمانیە.
لە کۆتاییەکانی دەوڵەتی دەوڵەتی عوسمانیدا، لە سۆنگەی چۆڵی خەزانەی دەوڵەت و داڕوخانی ئەخلاقی حوکومڕانی، بەرتیل وەرگرتنی فەرمانبەری دەوڵەت بەربڵاوو نیمچە فەرمی بوو؟! گەندەڵی لە ئاستێکی بەربڵاوداو بۆ ئاستی فرۆشتنی پلەو پۆستی فەرمی ھاوچەشنی عێراق تەشەنەی کردبوو! ھەژاری بەرۆکی زۆربەی کۆمەڵگەی گرتبوو، ناکۆکییە چەند سەرەکان، رۆژ بەڕۆژ قوڵتر دەبوونەوەو دەوڵەت بە دەست مایەپوچیەوە دەیناڵاند، دەستەبژێری فیکری و سیاسی دوچاری جەمسەرگیریەکی توند ھاتبوون، سەرەنجام گروپی یەکێتی و پێشکەوتن، بە ناوی بەرگریکردن لە ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەت و کردنەوەی دەرگای پێشکەوتن و شارستانێتی بە ڕوویدا، کودەتایان کردو ڕژێمیان گۆڕی و ھاتنە سەر کار. خەڵکێکی زۆریش بە ئومێدەوە پێشوازی و پشتوانیان لێکردن، کەچی ھێندەی پێنەچوو لە ڕوھەڵماڵران و پەنایان بۆ ستەمکاریەکی چەند قات زیاتر لە پێشوو بردو کەوتنە سەرکوتی نەتەوە ناتورکەکان و نەیارە سیاسیەکانیان. نەزانانە بوون بە بەشێ لە جەنگی کاولکاری یەکەمی جیھانی! بەوەش رەوتی ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتیەکەیان بە ھۆی ڕەگەزپەرستی، نالێوەشاوەیی و خۆپەرستی خێراتر کرد.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چەندین دەیە پێش ڕوخانی، لە ناوەوە لێکھەڵوەشابوو، زۆربەی سەرچاوەکانی ھێزی لە دەست دابوو، توانای دەستپێشخەری و چارەسەری کێشەکانی سنورداربوبوو، ئەوەی ھێشتبوویەوە ھێزی خۆی نەبوو بەڵکو ھاوسەنگی ھێزە جیھانی و دەرەکیە گەورەکان بوو. ڕوسیا دژی ھەڵوەشاندنەوەی بوو، چونکە پێی وابوو بە قازانجی بەریتانیا دەشکێتەوە، بەریتانیاش بەبپێچەوانەوەو فەرەنساش بەرامبەر ھەردووکیان و بەم جۆرە. بەشێ لە سەرھەڵدانە کوردییەکانیش، لەوانەش سەرھەڵدانی مەزنی شێخی نەھری لە ھەشتاکانی سەدەی نۆزدەھەم، تاڕاددەیەکی زۆر بوون بە قوربانی ئەم ھاوسەنگیە نێودەوڵەتیە، بۆیە ھەریەك دژ بەویتر یارمەتی عوسمانیەکانیان دەدا بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان.
ئەم ھۆکارەی پێشووش، ھەمان ھۆکاری مانەوەی عێراقی ئێستایە. ھەریەکەو لە گۆشەنیگاو سۆنگەیەکەوە بەرگری لە مانەوەی دەکات. بەڵام ئایە ئەو ساتەوەختە دێت، کە ھاوسەنگی ھێزو ڕێکەوتن لەسەر ھێشتنەوەی، لانی کەم بگۆڕێت بە ڕێکەوتن لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی و قۆناغی دوای ئەو؟ لە دونیای سیاسەتدا کەم شت ھەیە ئەستەم بێت، بەڵام پێش ئەوەی بگەینە ئەو قسە ئایە ئەو ھێزە ئایدۆلۆژیە سەربازیانەی خۆیان بە خاوەن و ڕزگارکەری عێراق دەبینن، پێیان وایە ئەوانبوون نەیانھێشت داعش بەغدا بخاتە ژێر چنگی خۆیەوە، دواتر لە ٢٠١٧ دا کورد وڵات دابەشبکات و دەستەبەری مانەوەی عێراقن بە یەکگرتوویی و لافی بەھێزبوونەوەشی لێدەدەن!
سەرەنجام گەمەو لەخۆگۆڕان و ھەڕاڵی و داردەستەیی و بەسوك سەیرکردنی بەرامبەرو ئاڵنگارییەکان، عێراق بەرەو خاڵی نەگەڕانەوەی داڕوخان دەبەن؟
دواڕۆژ وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەداتەوە، لە،ئێستادا دەخوازن لە ژێر عێراق پارچە پارچە نەبێت ولەدەرەوەی خواست و مۆدێل و چاوەروانی ئەوانیشەوە بیناو بەھێز نەکرێتەوە. بۆ ئەوەی سود لە توانا ئابوریە بێخاوەنە زۆرو زەبەندەکانی و شەرعیەتی ئەندامبوونی لەنەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرن.
دەکرێت ھاوسەنگی نوێ، ھاوسەنگی کۆن وەلانێ، ھەروەھا گونجاوە ئەو ستراتیژانەی بۆ ھێشتنەوە داڕێژراون لە سەرەپێچێکی مێژوویدا ببن بە سەرچاوەی نەمان و ھەرەسھێنان.
لەم چوارچێوانەدایە ئێمە مانان بیر لە مانەوەو نەمانەوەی عێراق دەکەین، باس لەدۆخێکە دەوڵەت ھەشەو نیشە، ئەوەی ئەم دژبەیەکیە لۆژیکیەش چارەسەر دەکات و ھەڵیدەگرێت، جیاوازی پێوەرو ڕوانگەکانە.