590وتار

هەرێم وکێشەی ناڕۆشنی گوتارو بەمەرجەعکردنی ناچاریی دەستور

5/1/2020 3:34:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی

لەوڵاتێکدا کە کلتوری دەستورسالاری تێدانیە، دەستور بەڵگەنامەیەکی یەدەگەو لەهەندێ کاتی پێویستدا ولەڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان وقەڵسکردنی نەیارە سیاسیەکانیان ولاوازکردنی پێگەیان وپاساودانی شەڕەکانیان،  سیاسیەکان پەنای پێ دەبەن. لەم دۆخەشدا  دەقەکانی بەپلەی یەکەم هێز ڕاڤەیان دەکات نەك دەمەزراوە دەستوریەکان.باهەندێ جاریش ببنە ڕوپۆشی هێزەکە. ئەم لێکدانەوە بۆعێراق وهەرێمیش ڕاستە. هەرێم دوای  شانزەی ئۆکتۆبەرو دەرهاویشتەکانی ڕیفراندۆم و کەوتنە بەرهەڕەشەی جددی قەوارەی هەرێم، دروشمی پەنابردنە بەر دەستوری وبەمەرجەعکردنی بۆبەلاداخستنی کێشەکان ودیاریکردنی ئەرك ومافەکان بەرزکردەوە. واتە لە دۆخی لاوازی ولەناچاریدا پەنای بۆ دەستور وبە مەرجەعکردنی بردووە.پەنابردنەکەش بۆبیرهێنانەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو کە شتێ هەیە بەناوی قەوارەی دەستوری هەرێم وپێویستە بیپارێزن .هەروەها بۆ وەستاندنی هێرش وفشارەکانی بەغداونیازپاکی نیشاندان وسنوردارکردنی داڕوخانەکان بوو،  کەناهاوسەنگی هێزو لێکهەڵوەشاوەیی دۆخی نێو خۆ هێنابویە کایەوە. گوتارەکە لەجەوهەردا  هێندەی بۆ تێپەڕاندنی کات وکەمکردنەوەی فشارەکان بوو، بۆ بەمەرجەع کردنێکی ڕاستەقینەی دەستور بە شێوەیەکی هەمەلایەنە نەبوو نیە.چونکە بەشێکی بەرچاوی واقیعی هەرێم وئیمتیازە ناڕەواکانی دەستە بژێری حوکمڕانیش ،  لەدەرەی بەشێ لە دەقەکانی دەستورو بەشێوەی دیفاکتۆ  داڕێژرابوون. هەربۆیە پیادەکردنی دەستوور چەکێکی دووسەرەیەوبەشێکی لەقازانجی هەرێم ونوخبە خاوەن بەرژەوەندییەکەشی نیە.بەڵکو تائاستێکی بەرچاو ئەوەی لەڕابردووا هەبووە نایهێڵێت ولەچەندین ڕوەوە بچوکی دەکاتەوەو لەقاڵبی دەدات. ئەمەش وادەکات بەرزکردنەوەی دروشمی بەمەرجەعکردنی دەستوور بە ئیحراج بوون وکەم بوونەوەی متمانەو میسداقیەتی لایەنی کوردی تەواو ببێت.بەحوکمی ئەوەی دەستورەکە کەم وکورتی زۆریتێدایەو واقیعی داڕووخاوی عێراقی دوای ٢٠٠٣ ش کارێکی کرد هەرێم زۆر گوێ بە دەستورنەدا. هەربۆیە ڕەنگە داواکردنی تەوافوق وکردنی بە جەوهەروناسنامەی عێراقی نوێ وڕۆحی دەستور بۆکورد باشتروبێ کێشەتر بێت .بەڵام کێشەکە لەوەدایە بەغدا لە چەندین ئاستدا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە.پەی بەلاوازی وبێ دەرەتانی هەرێم بردووە وهاوپەیمانە هەرێمایەتیەکانیشی لەسەر خەتن وئەومتمانەی بۆ بەرجەستەکردنی تەوافوقیش پێویستە ، لەنێوان هێزەکاندا نەك هەر لەسەرئاستی عێراق،  بەڵکو لەسەرئاستی هەریەك لە پێکهاتەکانیش لاوز بووە. بۆیە ئێستا کوردو هەرێم لەدۆخی دیدا ناڕۆشنی قەیرانی پێوەردا دەژین. ڕەنگە گرەوکردن لەسەر سیاسەتی تێپەڕاندنی قۆناغ بە قۆناغی کات ومل نەدان بە پابەندییەکانیش بەوێنەی جاران ئاسان نەبێت. هەڵبڕینی دروشمی بەمەرجەعکردنی دەستوریش لەبەر دۆخی عێراق وبێ ناوەڕۆککردنی دەستورو کێشەکانی خودی دەستور سەبارەت بە کورد، کێشەکان چارەسەرناکات .ناکۆکی لەسەر ڕاڤەکردنی دەستوریش لەسایەی دۆخی باڵادەستی عەقڵی میلیشیاگەری ونادیاری لۆژیکی دەوڵەتدا ،کێشەیەکی ترە.لاوازبوونی کارتەکانی کوردیش بۆگەمە کردن لەدەرەوەی بەشێ لە دەقەکانی دەستور وبەکارهێنانی دەستور بەشێوەیەکی گوڵبژێرو ئینتیقائی زەحمەت بووە. ئەمە جگە لە ڕەنگدانەوەکانی ململانێ ینێوان تاران وواشنتۆن کە ڕەهەندی نۆێ بۆ کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغا زیاد دەکات وبەگوتارگیراو( موخاتەب) یش بەناڕوونی دەهێڵێتەوەو مەسەلەکە لەچوارچێوەی دەستورو تەنانەت ڕازی کردنی حوکمڕانەکانی بەغدا ش دەردەهێنێت وپانتاییەکی فراوانتریان پێ دەدا.هەموو ئەمە پێمان دەڵێت کورد کێشەی دروشم وگوتارو مەرجەع ومانۆڕی هەیە.کەئەگەر بومەلەرزەیەك دۆخەکە بەسەریەکدا قڵپ نەکاتەوەو ڕێساکانی ئێستای گەمەکە تێك نەدات ، مەترسی ئەوە هەیە ، لەسایەی کەمی بژاردەو ناهاوسەنگی هێزوداڕزاوی پەیوەندی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ،  بەگیانێکی نادەستوری تاك لایەنە دەستور بەسەر هەرێمدا بسەپێنرێت..نەك لەپێناو ڕێکخستنی پەیوەندیەکی دادپەروەرانەی نێوان هەرێم وبەغدا، بەڵکوبۆکۆتایی هێنان بەو گۆڕانکاریە سەرەتایەی قەوارەی هەرێم لە جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکەدا خوڵقاندوویەتی.هەرچیش لەم ڕوەوە ڕووبدات بەرپرسیاری یەکەم خۆمانین.بێ ئەوەی ئەم قسە یەکسان بێت بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی یاخود کەم کردنەوە ی لێپرسراوێتی  میرتگرانی بەعس لە بەغدا.جانازانم هەڵوێستەیەك دەکەین ودووبارەبینای گوتاروشێوازی کارو ناوخۆمان دەکەینەوەو دەبینە خاوەنی ستراتیژێکی  سازان لەسەرکراوو تۆبەیەکی ئەخلاقی وسیاسی دەکەین ولانی کەم لەو ئاستە بەربڵاوەدا دەست لە گەندەڵی وناعەدالەتی هەڵدەدەگرین وهەوڵی ڕزگار کردنی گەل ووڵاتەکەمان لەم دۆخەدەدەین،  یاخود لەکوێ پچڕا لەوێ گرێی  دەدەینەوەو بەپینەو پەڕۆ دۆخەکە بە ڕێ دەکەین وچاوەڕێی قەدەرێکی نادیار دەکەین؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن