شێوازێکی نوێی کودەتای سەربازی و بە بارمتەگرتنی کازمی؟!
12/27/2020 10:20:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
جگە لەسروشتی قۆناغە مێژووییەکە، ھەڵوەشاوەیی دۆخی عێراق، ڕێ لە ئەنجامدانی
کودەتای تەقلیدی دەگرێت. بەڵام ئەمە مانای وانیە کلتوری کودەتاو فۆرمی تری نوێی، وەك
ئامرازیێکی فشار و سیاسەتکردنی ھەندێك ھێزو دەوڵەت، کۆتایی پێ ھاتووە. ئەگەر جەوھەری
کودەتا، تێپەڕاندنی ڕەوایەتی دەوڵەت و چوارچێوە دەستوریی و یاساییەکان بێت، لە رێی
بەکارھێنانی ھێزەوە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی، ئەوا لە عێراقی ئەمڕۆدا لانی کەم بەشێ
لە کودەتا ئەنجام دراوەو ڕەنگە لە داھاتووشدا بەگورێرەی پێویست، بەشەکانی تر ئەنجام
بدرێت و تەوا بکرێت؟ کودەتا لەم بەرگەدا ھەڵگەڕانەوەیەکی کوت و پڕ و ھەڵکوتانە سەر
دەسەڵات نیە، بەڵکو تاڕاددەییەك پرۆسەیەو قۆناغ بەندی کراوە. لەم جۆرە کودەتایەدا،
مەرج نیە حاکمەکان بەتوندو تیژی بھێنرێنە خوارەوەو بگۆڕدرێن و ھەندێکیشیان لەدار
بدرێن( گەرچی ناشتوانین سەبارەت بەئایندە بەتەواوەتی ئەم ئەگەرە وەلاخەین)، بەڵکو
گرنگ کۆتکردنی بڕیاری دەوڵەت و توانای تەحەداکردنی دەسەڵاتەکانی و تێکدانی ئەولەویاتەکانیەتی!
لەم دۆخەشدا
فراکسیۆنی پەڕلەمانی و میلیشیای دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، کاری یەکتر تەواو دەکەن!
فراکسیۆن لەرێی شمشێر ڕاگرتنی بەردەوامی
متمانە لێسەندنەوە بەسەر سەری سەرۆك وەزیرانەوە، ڕەوایەتی دان بەبەکار ھێنانی چەك
دژ بەھێزەکانی ھاوپەیمانان لەڕێی بڕیار دەرکردن بۆ دەرکردنی ئەو ھێزانە لەعێراق، لەوەش
گرنگتر دەستەبەرکردنی ڕەوایەتی دەستوریی و
ڕووپۆشی یاسایی، بۆ بوونی میلیشاکان، ئەرکی خۆی ئەنجام دەدات. میلیشاش بەچەك و ھێزەکەی،
ھەوڵ دەدات لەڕێی کوشتنی چالاكوان، ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ھاو پەیمانان، ھێرشکردنە
سەر نێردە دبلۆماسیەکان و بەزیندوویی ھێشتنەوەی ڕقی تایەفی و نەتەوەیی، بەربەست لە
بەردەم پرۆسەی گۆڕانکاری و تێکدانی ڕێساکانی گەمەکە دابنێت، حکومەت ئیحراج بکات و
بەلاوازو بێ دەسەڵات نیشانی بدات وبیخاتە ڕوو کە؛
بڕیاری شەڕ و
ئاشتی، مانەوە و نەمانەوەی سەرۆك وەزیران و کابینەکەی، لەدەستی ئەواندایە؟! بەمەش
بەکردەوە سەرۆك وەزیران و تاڕاددەیەکی زۆر دەوڵەتیش دەبنە بارمتەو ئازادیی بڕیاردانیان
لێ زەوت دەکرێت! بەمەش پرۆژەی کودەتا دەبێت بەبەشێك لەپڕۆژەی خودی دەوڵەت خۆی و لەھەناویدا
گەورە دەبێت.
لێرەشەوە، ئەگەر دەوڵەت بەرواڵەت و لەڕێی کودەتاوە کۆنترۆڵیش
نەکرێت، دەتوانرێت فەلەج بکرێت و لەمانای خۆی بەتاڵ بکرێتەوەو بەنیمچە شکستخواردوو
نیشان بدرێت.
لەئێستاشدا ئەم پرۆسە پێی ناوەتە ھەوڵدان بۆ
سووککردنی کازمی لەناو ڕای گشتی لەڕێی ھەڕەشەکردن بەگوێ بڕین! لە راستیشدا لۆژیکی
دەوڵەت و میلیشیاگەری، دژ بەیەکن و لەگەڵ یەکدیدا ھەڵناکەن. ئەو ھێزو بلۆکەی بەرژەوەندیەکانی
و دەستڕۆیشتویی لەرێی بوونی میلیشاوە دابین دەکات، دژ بە سەرپێکەوتنەوەی دەوڵەتە لەعێراقدا،
دەبێت میلیشاو پڕۆژەکەی پشتی سەروەر بێت و دەوڵەت ڕۆڵی ئامرازو دەزگایەکی رووپۆش و
ڕەوایەتی دابینکەر ببینێت؟!