کێ میراتگری مام جەلال و تەواوکەری ڕۆڵەکەیەتی؟
4/9/2021 6:40:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
لە ساڵڕۆژی بە سەرۆک کۆماربوونی مام جەلالدا، کە بۆ کورد لە عێراقدا واتای ڕەمزیی خۆی ھەبوو، ھەندێ قەڵەم و پەیج سەرنجیان بۆ سەر ھەندێ گۆشەو ڕۆڵی ئەو دەربڕی. ئێمەش ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ تیشک خستنەسەر ھەندێ تایبەتمەندی بیرکردنەوەو ڕۆڵ و مامەڵەکردنی ئەو لەگەڵ کێشەو قەیرانەکاندا، بە حوکمی ئەوەی دەتوانێ لەمڕۆدا خزمەت بە واقیعی ھەرێمی کوردستان و بیناکردنەوەی ڕۆڵەکان و گواستنەوە بۆ قۆناغێکی تر بکات. سەرنجەکانیشمان لەم دوو خاڵەدا کورتدەکەینەوە:
یەکەم/ مام جەلال لە کاتێکی یەکجار ھەستیاردا بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق، دۆخەکە لە سایەی جەنگی ناوخۆدا بە جۆرێك بوو، پرسیار لە مانەوەی عێراق وەك قەوارەیەکی سیاسی، پاساوی خۆی ھەبێت. مام جەلال ڕۆڵی ھەبوو لە بە یەکگەیاندنی لایەنەکان و کۆنتڕۆڵکردنی جەنگەکەو ڕزگارکردنی عێراق لە ھەرەسھێنان؟
لە ئەزمونی جەنگی ناوخۆی ھەرێمیشدا، بوێری ئەو لە شکاندنی بەربەستە دەرونیەکان و چوونە پێشەوە تا ئاستی سەرکێشی کردن لەم ڕووەوە، ڕۆڵی بنەرەتی ھەبوو لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان و کۆتاییھێنان بەو گەڕە پوچگەراییەی جەنگی ناوخۆی کوردی باشور.
لێرەشەوە تێدەگەین کە مام جەلال لە سێ ئاستداو بە سێ شێوە مامەڵەی لەگەڵ قەیران و کێشەکان کردووە:
١- بەڕێوەبردنی ململانێکان
٢- خاوکردنەوەی گرژییەکان
٣- دەستپێشخەری بۆ شکاندنی بەربەستە دەرونی و بەستەڵەکە سیاسیەکان. کە چارەسەری کاتیان لێکەوتۆتەوە.
ئەمەش پێوەرێکمان دەداتە دەست بۆ دیاریکردنی میراتگرانی مام جەلال. بە گوێرەی پێوەرەکەش، میراتگرانی ھەموو ئەوانەن، کە نەك ھەر خۆیان بەربەستی دەرونی گەورە لەگەڵ بەرامبەرە ناکۆکەکاندا دروست ناکەن، بەڵکو لەخۆبردوویی لە خۆیان نیشاندەدەن و بەربەستە دەرونییەکان لەگەڵیان تێکدەشکێنن و دووبارە شایستەگی بۆ قسەبەیەکەوە کردن و ئەزمونکردنی ڕێگەی جیاواز لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا دەگێڕنەوە.
بەڵام وێناکردنی سەرەوەمان بۆ ڕۆڵی مام جەلال، ئەرکی میراتگرانی بە تەنھا دووبارە بەرھەمھێنانەوەی شێوازەکەی ئەو سنوردار ناکات، لەبەر ئەوەی ڕۆڵەکە ڕووی ترو رەھەندێکی تەواونەکراوی ھەیە، کە پێویستی بە تێپەڕاندن و تەواوکردنەو حوکمی وەسێتی یاسایی نەوتراوو پابەندکەری ھەیە. واتە واتادان بە میراتگریەکە، ڕۆڵی تەواوکەری و بیناکردنێکی نوێ لەسەر کلتورو ڕۆڵی مام جەلال، لەم ڕووەوە دەخوازێت.
ئەمیش لەو سۆنگەوە کە:
تاکتیکەکانی مام جەلال(تاکتیك لێرەدا بە واتای کاتی بوونی چارەسەرەکان دێت) پێویستیان بەوەیە وەك کۆمەڵێ پرسی لێکدابڕاو نەمێننەوەو بخرێنە خزمەت قوڵایی و ئامانجە ستراتیژیەکانیانەوە. لەو سۆنگەوە کە بوونی مام جەلال لە پێگەی سەرۆککۆماری عێراقدا، گرژییەکانی خاو کردەوە، بەڵام نەیتوانی دەستکاری سروشتی قەوارەی عێراق و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی و لەوانەش کێشەی نێوان کورد لەگەڵ ئەم قەوارەدا بکات.
واتە ھەوڵەکانی ئەو ئەخلاقی بوون، بەڵام پێویستیان بە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئەخلاقی قوڵتر ھەبوو، ئەویش ئەوە بوو: ئایە مانەوەی ئەم قەوارە بەم جۆرەو پارێزگاری لێکردنی، لە ڕووی ئەخلاقیەوە دەچێتە خزمەت ھاوڵاتی و گەل و پێکھاتەکانی عێراقەوە؟
لە کوردستانیش، سەرەڕای کۆتایی ھاتن بە جەنگ و ڕۆڵی گرنگی مام جەلال لەم ڕووەوە، تا ئەم ساتەوەختەش، نەتوانراوە تارمایی جەنگی ناوخۆ بە تەواوی بڕەوێنرێتەوە، ئاسەوارەکانی بسڕدرێتەوەو بینای سیستەم بکرێتەوە. کەواتە مام جەلال گرنگە، بۆ ئەوەی جەنگ بگۆڕین بە ململانێی ناخوێناوی و چۆنێتی بەڕێوەبردنی، دوای ئەوەش خاوکردنەوەی گرژییەکان و شکاندنی بەربەستەکان لە پێناو پێنانە قۆناغێکی نوێی پێکەوە کارکردن. بەڵام، ئەم ڕۆڵە تێپەڕاندن و تەواوکردنی دەوێت لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرە ھەمیشەیی و ستراتیژەکان.
...........................................
دووەم/ شوێنپڕکردنەوەی مام جەلال وەك کەس، لەسەر ئاستی حیزبەکەی، بە حوکمی کاریزمابوونی بۆ ئەندامان و جەماوەرەکەی، کارێکی قورسە، چونکە بەگشتی کاریزمابوون بەشێکی لەسەر حسابی بە دامەزراوەیی بوونی ژیانی حیزبیی و سیاسیە.
بەمەرجەع بوونی کەسەکەو ھەژمونی گەورەی بەسەر ھاوەڵەکانییەوە، وادەکات مەودای نێوان خۆی لەگەڵ ئەوان، بە جۆرێك گەورە ببێت، پڕکردنەوەی ئاسان نەبێت. ئەوەش کێشەی یەکتر قبوڵنەکردن لە دوای خۆی بەجێ دەھێڵێت، چونکە خەڵکەکە ئەو کلتورەیان نیە لە ئاستە جیاوازەکاندا بە دەوری دامەزراوەو بیرۆکەدا کۆببنەوەو بەھۆی ئەوەشەوە سەرۆك یان سکرتێری جێگرەوە قبوڵ بکەن؟!
یەکێتیەکان ئەم دۆخەیان والێکدایەوە کە: جگە لە مام جەلال سکرتێری گشتی شایستەی کەسی تر لە پاش خۆی نیە؟! واتە پۆستەکە پەیوەست و پاشکۆی تاکەکەس بووە! کە ئەم گوزارشتدانەوە بۆ پارتێکی خۆ بە سۆشیال دیموکرات پێناسە کردوو، ناڕاستە. بەڵام، ھەرچۆنێك بێت ئێمە دەخوازین مامەڵە لەگەڵ واقیع بکەین و بڵێین: کاتێك جێگرەوەی تاکەکەسی بۆ مام جەلال ئاسان نابێت، چارەسەر ھاوسەرۆکی لەگەڵ درێژەدان بە دۆخی نادامەزراوەیی کۆن نیە، بەڵکو دووبارە بیناکردنەوەو بە دامەزراوەیی کردنە. واتە، دامەزراوە، نەك کەس ببنە جێگرەوە. دوای ئەوە سکرتێر یان ھاوسەرۆکەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن.
بەدەر لەمە، زەمانەتی ھارمۆنێتی نێوخۆیی لاواز دەبێت، کەسەکان دەبنەوە بە تەوەری دیاریکردنی ھەستیاری و چارەسەرو دیدگاکان. بەدەر لەم ئاستە حیزبییەش، دەبێت ئەوانەی خۆیان بە میراتگرو درێژەپێدەری ئەم ڕووەی کەسێتی مام جەلال دەزانن، ھەوڵدەن لەسەر ئاستی گشتی و کۆمەڵگەو دامەزراوە نیشتیمانیەکانیشدا، جۆری مامەڵەو پێویستیە تەواوکەرەکانی بە دامەزراوەیی بکەن. بەڵام، لێرەدا نابێت سەرنجمان تەنھا لەسەر کوڕەکانی و ھاوسەرۆکەکان و تەنانەت یەکیەتیەکانیش بێت، بەڵکو بە حوکمی ڕووە نیشتیمانییەکەی کەسێتی سەرکردەی کۆچکردوو، کەس و گروپ و ناوەند گەلی تریش دەتوانن وەك سود وەرگرتن لە ئەزمون، خۆیان بە میراتگر لەقەڵەم بدەن و لەم ڕۆڵەدا بەشدار بن.