1106وتار

داڕووخانی بەشێ لەگوتاری ئاینی لەکوردستاندا

8/15/2019 12:57:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی

ھێرشی توند و بەزمانێکی یەکجار نزمی مامۆستایەکی ئاینی بۆسەرمامۆستایەکی ترو خانمێکی گۆرانیبێژ ، کەتەنھا نمونەیەکە لەوەی لەبەشێ لەناوەندە ئاینییەکەدا و بەتایبەتیش ئەوبەشەی کاریگەرە بە سەلەفیەت ڕوودەدات، ئاماژەیە بەئەوداڕووخاوی و قەیرانە قوڵەی بەشێ لەم گوتارە بەدەستیەوە دەناڵێنێ. ناوەڕۆکی ئەم گوتارە، بەڕوونی کاریگەری ڕەوتێکی بیابانگەرایی عەرەبی لەتێگەیشتنی ئیسلامی پێوە دیارە، ھەربۆیە زمانی دەربڕین و گەیاندنیشی ڕەنگدانەوەی ڕووە دواکەوتوو خراپەکەی خێڵەو ڕەچاوی سەرەتا دینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان ناکات. ئەوەش دەیسەلمێنێت، کە گوتارەکە گەرچی بەناوی دینەوە پێشکەش دەکرێت، لەجەوھەردا نادینی یە لەبەرئەوەی لەدوورو نزیکەوە پەیوەندی بەو شێوازانەوە نیە قورئان بۆبانگەشەکردنی خەڵکانی ناموسوڵمان دەستنیشانی کردوەو دانی پێدا ناون، کەلە(الحکمە ، الموعڤە الحسنە وجدال بالتی ھی احسن) دا بەرجەستە دەبن، چجای دواندنی موسڵمانێ با تۆ بەگوناھباریشی بزانی. 
ئەم گوتارە جگە لەنامۆبوونی بە چەندان دەقی دینی ، بەتەواوەتیش لەوگوتارە ئیسلامیە کوردییە خۆماڵیە نامۆیە، کە لەمێژوودا دەربڕی کارلێکی کورد لەگەڵ ئیسلام ئەو میانەڕەوی و لێبوردەییە ئایینی و کۆمەڵایەتیە جوانەیە لێی کەوتۆتەوە، کە مامۆستا فاتیح شارستێنی_ لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ھەموو ئەوشتانەدانین دەیانڵێت_یەکێ لەو خەتیب وبانگخوازانەیە سەربەم قوتابخانە دیندارییە کوردەواریە جوانەیە و بۆن وبەرامەی ئەوی لێ دێت و شایستەی ڕێزگرتنە و ھێرشکردنە سەری بەو جۆرە تاوانێکی دینی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە. ئەم گوتارە بەو ئەندازەی دژبە کۆمەڵگەو ھەموو ئەوکەس وناوەندانەیە بەئامانجیان دەگرێت، دژبەخودی دین و بانگەشە ئیسلامیەکەشە لەکۆمەڵگادا، چونکە دەچێتە خزمەتی زیاتر بەدبینکردنی بەشێ لەنەوەی نوێ بەرامبەر بەئاین و بیانووش بەدەست ھەندێ کەسەوە دەدات، بۆ پەلاماردانی ئیسلام و کۆی ئەوچالاکی و ھەوڵانەش بەناوی بوژانەوەی بەھائیسلامیەکانەوە دەیانەوێت خزمەت بەڕووە ئیسلامی و ڕووحی و ئەخلاقیەکەی کۆمەڵگەبکەن. 
لەڕوویەکی ترەوە جگەلەوەی سیمایەکی دژە ئازادی، وەک مەعروفێکی سەردەم بەگوتاری بانگخوازی و دینی دەبەخشێت، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی داڕووخانی بەشێ لە زمانی سۆشیال میدییاش ببێتەوە، کەداڕووخاویی سیاسەت لەقۆناغی ڕابردوودا خوڵقاندویەتی، ھەمان شێواز بەناوی ئاینەوە دووبارە دەکاتەوە !! کە ئەوەش تاوانەکەی چەند قاتە، چونکە خراپەیەکە لەژێر بەرگی پیرۆزیدا ئەنجام دەدرێت، جۆرێ لەڕەوایەتی پێدانی ئاینیش بەو زمانە نەشیاوەی سۆشیال میدیا کە ئاماژەمان پێکرد دەبەخشێت! لەکاتێکدا ئاین دەبێت وەک سەرچاوەیەکی ئیدانە کردن و ئیسڵاحیی ھەمییشەیی کردەو شێوازە نائەخلاقیەکان بمێنێتەوە. ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین پڕە لە ڕق و خۆپەرستی و شەڕو نائومێدی، ڕۆڵی ئاین بانگەشە بۆشەڕو زبری و کینەو ھەست بریندارکردن و سەپاندنی فۆڕمێ لەژیانی کۆمەڵایەتی مێژوویی نیە، کەلەمێژووشدا پانتاییەکی مێژوویی کەمی بەردەکەوێت. وەزیفەی ئاین شەکەتی دەرکردنی مرۆڤی ماندووی سەردەم و بەخشینەوەی ڕێزو سۆزو خۆشەویستی و گیانی فرەیی یە، کەمکردنەوەیە لەگرژی و کێشەکان، نیشاندانی ئاسۆی لێخۆشبوونی بێ سنوری خواییە بۆگوناھکاران. نەک لەمیانەی ڕەفتارێکەوە کەتۆ بەگوناھی دەزانی یاخود ھەر لەبنەڕەتدا گوناھە، حوکم بەسەرئاین و کۆی کەسێتی و دنیاو قیامەتی مرۆڤێکدا بدەی !! وەک ئەو مامۆسایە بەرامبەر ئەو خانمەو تەنانەت مامۆستا فاتیحی بانگخوازدا کردوویەتی. لەگەڵ ئەوەشدا کەداوای لێبوردنی مامۆستاکەو پەشیمان بوونەوەی لەھەندێ دەستەواژەی و داننانی بەنەشیاو بوونیان لەڕووی شەرعی و کۆمەڵایەتیەوە شتێکی باشە وەدەکرێت خاوەن مافەکان لەو کەیسەدا قبووڵی بکەن، مەسەلەکە بەمە کۆتایی نایەت و ناشبێت کۆتایی بێت. چونکە کێشەکە ڕووداوێکی دابڕاوو تێپەڕنیە، بەڵکوئاماژەیە بەکێشەیەکی گەورەترو ڕێبازێکە لەتێگەیشتن لە دین و شێوازێکە بۆ تێگەیشتنی ئیسلام و گەیاندن و پیادەکردنی و چەندان مامۆستاو خەڵکی جۆراو جۆر لە پشتیەوەتی و بۆ بەدبەختیش لەساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتیش پشتیوانی کردووە !! ھەندێ ڕێوشوێنی ڕواڵەتی بەرامبەر ھەندێکیشان بووە بە میکانیزمێ بۆ بە ئەستێرە بوونیان و کردنیان بەپاڵەوانی شاشەو سۆشیال میدیا، کەفیتنەیەکی ڕاستەقینەو سەرچاوەو ھۆکارێکی سەردەمیانەی لەڕێ لادان و شێواندنی بەشێ لەگوتاری بانگخوازی یە. وەناتوانین دڵنیابین لەوەی بەشێ نەبێت لەھەمان پشتیوانی پێشوو بەجۆرێکی تر. 
بەگشتیش لەبەرئەوەی ھەر وەک وتمان ئەمە قوتابخانەیە، ڕەوت و دیاردەیە، وەلەھەمان کاتدا مەترسیە بۆ سەر ڕۆحی ئیسلام و دینداریی کوردەواری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەرھەڵدانی توندوتیژی لەداھاتوودا، پێویستە ببێتە جێگەی بایەخ و قسە لەسەرکردنی ناوەندە ئیسلامی و زانایی و فیکرییەکەی کوردستان. چونکە بەجێھێشتنی بێ ڕەخنە لێگرتن و لەسەروەستان و ڕاوەستاندنی فیکریی و زانستی، مەترسیەکانی چەندقات دەکاتەوەو چارەسەرەکانیش قورستر دەبن. ماوەتەوە بڵێین لێپرسراوێتی بەشێ لەوەی لەم ڕوەوە ڕوودەدات ڕوودەکاتە ئیسلامیەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەلەڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی لەپاشەکشەکردن بەوگوتارە ھەبووە، لەوسۆنگەوە کە بەھۆی درێژەدانیان بەشێوازێکی چەقبەستوو لەکارکرندا، وەبەکارھێنانی بانگەوازو بانگخوازان و ئیستھلاککردنیان وەک ئامراز بۆ سیاسەتێکی شکستخواردوو، وە بەپاشکۆ مانەوەی بانگەواز بۆکاری حیزبی و سیاسی و سەربەخۆنەکردن و ئەولەویەت پێنەدانی، وەڕانەماڵینی پاشماوەکانی ھەندێ ڕوواڵەتی سەلەفیەت لەناو خۆیانداو درێژەدان بە پێشکەشکردنی بانگەوازو بابەتی ڕوحی لەبەرگی حیزبدا و نوێ نەکردنەوەی زمان و شێوازو میکانیزمەکان، کەمرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردستان تێی پەڕاندووەو کاریگەری بۆنزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە، بۆشاییەکی ڕاستەقینەیان دروست کردووە، بەشێکی بەرچاوی بۆشاییەکەش لەلایەن کۆمەڵێ بانگخوازو پڕکراوەتەوە ، کەھەڵگری گوتارێکی دینی وشک و توندن. لەڕووی فکریشەوە جگە لەھەندێ دەنگی تاکەکەسی سنوردا ڕۆڵێکی وایان لەڕەخنەلێگردتنی ئەم فیکرو گوتارەدا نیە. بەڵکو ھەندێ جار موجامەلە دەکەن و تەنانەت بەداخێکی زۆرەوە لەھەندێ ڕووی فکرییەوە خەریکە پاشەکشە لەبەشێ لەو دەستکەوتە فیکریانەش دەکەن، کەلەقۆناغی ڕابردوودا بەدەست ھاتوون ؟!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن