دەربارەی زەحمەتبوونی تەکفیر ڕوانگەی غەزالی
5/21/2020 6:47:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
غەزالی لە پەیامی(فیصل التفرقة بین الاسلام والزندقە) دا، لەسەر پرسی تەکفیر وەستاوەو دیدێکی چوارچێوەدارو لەو ڕووەوە دەخاتە پێش چاو، کە بە بڕوای ئێمە لە زۆرێ لەو دیدانەش زانستی تر و هاوسەنگتر و ئەخلاقی ترە کە لە چوارچێوەی فیکری ئیسلامی نوێدا خراونەتە ڕوو! هەر بۆیە بە باشمان زانی پوختەی بۆچوونەکانی لەم ڕووەوە بەم جۆرەی خوارەوە دابڕێژینەوە و بیخەینە بەردەم خوێنەران :
یەکەم: پێناسەی کوفر و ئەو شتەی مرۆڤی مسوڵمان بەهۆیەوە لە ئیسلام دەچێتە دەرەوە. جەوهەری ئەم پرسە لای غەزالی پەیوەستە بە بەدرۆخستنەوەی پێغمبەر و ئەوەی لەگەڵ خۆی هێناویەتی دوای ڕونکردنەوەو بەڵگە لەسەرهێنانەوەو گەیشتنی بە مرۆڤ بەشێوەی تەواتور و گومان هەڵنەگر.
دووەم: دەرکردنی پرسی تەکفیر لە چوارچێوەو بازنەی قوتابخانە کەلامی و فیقهی و سۆفیگەری و تایەفیەگەریەکان و گێڕانەوەی بۆ بازنە فراوانەکەی ئیسلام و بنەماو ئوسوڵەکانی ئیمان (باوەڕ بە خواو پێغەمبەر و ڕۆژی دوایی) و تاوتوێ کردنی پرسکە بەگوێرەی پێوەر و بنەماکانی ئەو، کە ئەمە لە خودی خۆیدا بازنەکەی زۆر بچووك دەکاتەوە، پرسیاریش دەخاتە سەر پاڵنەر و بۆ خوابوونی ئەو تەکفیرەی دیدگای تەسك و دەمارگیری گروپیی و کەلامی و فیقهی و سیاسی لە پشتەوەیە.
سێهەم: هوشیارکردنەوەی هەموان لە مەترسی پەنا بردنە بەر بەکارهێنانی چەمکی تەکفیر و لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
ا- ئەو بەرەنجامە ترسناکانەی لەو بڕیارە دەکەوێتەوە چونکە حوکمدانە بەسەر مرۆڤدا بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی سەرو ماڵ و بەهەمیشەیی مانەوەی لە دۆزەخدا.
ب- داوەری و حوکم بەسەرادانێکی لەو جۆرە، توانایەکی گەورەی زانسنتی پشکنین وهەڵسەنگاندن و بەراوردکردن و بەدواداچوون و بەرەنجامگیری دەوێت، کە ئەوەش لای کەم کەس دەست دەکەوێت و بەدیهێنانی مەرجە داواکروەکان لەزۆربەی کاتدا نیمچە مەحاڵە.
ج- دەستپێشخەری و هەڵپەکردن بۆ تەکفیر لە لایەن هەندێ بەناو زانا نیشانەی نەفامی و لاوازی هەستی دینداریانە.
د- ئەرکی سەرشانی مرۆڤی مسوڵمان نیە حوکمی کوفر بەسەر خەڵکدا بدات و بێدەنگ بوون لێی لێپرسینەوەی لەسەر نیە و هەڵە کردن تیایدا باجێکی قورسی دواڕۆژی بەدواوەیە.
چوارەم: ڕێساو چوارچێوەکانی تاووتوێکردنی پرسی تەکفیر :
١- تەکفیر لە شتێکدا نیە بەجۆرێك لە جۆرەکان تەئویل هەڵبگرێت. لەم ڕوەشەوە کار بە دیدی تایبەتی قوتابخانە کەلامی و فیقهیە جیاوازەکان و ناکۆك لەگەڵ یەکدا ناکرێت.
٢- تەکفیر لە بابەتەکانی پەیوەست بە کەلام لە نێو گروپە مسڵمانە جیاوازەکاندا نیە چونکە هەموان لە ئوسوڵی ئیماندا یەکدەگرنەوە و پێغەبەر بەناڕاست ناگێڕن. نابێت جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئەشعەری و موعتەزیلە و ئەحمدی و قوتابخانەکانی تردا لەسەر مەسەلە کەلامیەکان سەربکێشێ بۆ تەکفیر بەو جۆرەی لەسەردەمی ئەودا باوبووە و بە نیشانەی نەزانی و بێ مێشکی ئەو زانایانەی زانیوە لە پشت ئەو جۆرە فتواو دۆخەوە بوون. ئەوپەڕی ئەوەی لەم ڕوەوە ڕەوایە پەنای پێ ببرێت بە بیدعە سە یرکردنی هەندێ بیرۆ ڕایە کە موسوڵمان وخاوەن بیرو ڕاکان لە بازنەی ئیسلامدا دەهێڵێتەوە. وڕێنەی هەندێ لە سۆفیەکانیش تەئویل هەڵگرن ودەچێتە ئەم چوار چێوەوە.
٣- تەکفیر ڵەدەرەوەی بنەماکانی ئیمان ولە مەسەلە لاوەکیەکان(فرعیات) دا نیە.لەوانەش مەسەلە فیقهیەکان، کەبەرهەمی تێگەیشتن و ئیجتیهاد وهەڵێنجانی عەقڵی ڕێژەیی زانایانن وپێوەر بۆ داوەری کردن دەربارەیان کوفرو ئیمان نیە، بەڵکو، هەڵەو ڕاست و پێکان ونەپێکانە.
٤- تەکفیر لە شتێکدا نیە بە تەواتوتر نەچەسپابێت و گومان هەڵگربێت. سەلماندنی مەسەلەی تەواتوریش لە ڕووی مێژووییەوە کارێکی دژوار و قورسە، لەسەر ئەم بناغەو پێوەرەش باوەڕبوون و نەبوون یا ئیشپێکردن و نەکردن بە فەرموودەی (احاد) بە حوکمی ناموتەواتیر بوونی دەچێتە دەرەوەی پرسی تەکفیرەوە. لە ڕووێکی ترەوە، دەبێت دابەش بوونی مسوڵمانان بۆ قوتابخانە و مەزهەب و ڕێچکەی جیاواز و جۆراوجۆر و جیاوازی بۆچونیان لەمەڕ دەقی موتەواتیرەوە لە دەرەوەی قورئان لەبەرچاو بگیرێت چونکە لە هەندێ مەسەلەدا تەواتوری ئەم مەزهەب و گروپ هی ئەوی تر نیە، بەمەش تەواتوری هیچیان لە پەیوەندی بە تەکفیرەوە، نابێت بە حوجە بەسەر ئەوانی ترەوە.
٥- تەکفیر لەشتێکدا نیە پەیوەندی بە کۆدەنگی(اجماع)ەوە هەبێت چونکە( ئیجماع) لای غەزالی پەیوەندی بە کۆدەنگی و بڕیاری (ئەهلی حەلل و عەقد)ی مسوڵمانانەوە هەیە بە مەرجێ هەموویان بە دەربڕینی ڕاشکاو ڕەزامەندیان دەربڕیبێت و تا لەژیانیشدا مابن کەسیان لە ڕاکەی پەشیمان نەبوبێتەوە، کە ئەوەش لەمەحاڵەوە نزیکە. جگە لەوە جیاوازی لە نێوان پێشەوا ئاینی ئوسوڵیەکاندا هەیە دەربارەی ئەوەی کۆدەنگی بە سەرچاوەیەکی ئەحکامی شەرعی لەقەڵەم دەدرێت یاخود نا؟ هەروەها داخۆ ئیجماعی نەوە و سەردەمێك بۆ نەوە و سەردەمێکی تر پابەندکەرە یاخود تەنها بۆ سەردەمی خۆیانە و گۆڕانی ئەندامانی ئەهلی حەل و عەقد و قۆناغی مێژوویی دەتوانن ببنە سەرچاوەی کۆدەنگیی نوێ. وەك بنەماش هەرشتێك جیاوازی بیرو ڕای لەسەربوو دەچێتە دەرەوەی بابەتی فەرمان کردن بە چاکەو بەرگریکردن لە خراپە چ جای خەڵکی لەسەر تەکفیر بکرێت.. هەر بۆیە لە بەر هەموو ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا کۆدەنگی دەچێتە بازنەی مەسەلە فەرعیەکانەوە. لە ڕویەکی ترەوە غەزالی جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت سەرنج لەوە بدرێت و بزانرێت داخۆ ئەو کەسەی کۆدەنگیەك ڕەت دەکاتەوە پێی گەیشتووە؟ کە سەلماندنی ئەوەش ئاسان نیە چونکە خوێندنەوە و پشکنینێکی زۆری دەوێت، وە ئەگەر پێی گەیشتبوو ئایە وەك ئیجماع وەری گرتووە یاخود بەمەسەلەیەکی خیلافی و ڕای جیاواز هەڵگری زانیوە؟ بەحوکمی ئەوەی زانایان جیاوازن لەسەر دیاریکردنی ئەو مەسەلانەی بە ئیجماع دادەنرێن.
٦- مەسەلەکانی پەیوەست بە سیاسەت و دەسەڵات دەچنە دەرەوەی باسی تەکفیرەوە. بۆ نمونە، جیاوازی نێوان هەندێ گروپ کە پێیان وایە گەر خەڵك بە دادپەروەی لەگەڵ یەکدا مامەڵە بکەن لە گەڵ شیعە کە ئەم مەسەلە دەکەن بەبەشێ لە ئیمان و زۆ رتۆخی دەکەنەوە، لەگەڵ سوننەکان کە بە مەسەلەیەکی فەرعی دەزانن و دەیبەستنەوە بە پێویستی و ڕەزامەندی خەڵك و موسوڵمانانەوە، دەچێتە چوار چێوەی بیروڕاو ئیجتیهاد و تێگەیشتنی جیاوازەوە و ملکەچی لۆژیکی تەکفیر ناکرێت.
۷- سەیرکردنی ئەو شوێنەوارەی لەو مەسەلە دەکەوێتەوە و مرۆڤێکی لەسەر تەکفیر دەکرێت، داخۆ مەترسیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر ئایین و سەر لێتێکدانی خەڵك هەیە یاخود نا.
پێنجەم: کێ مافی تەکفیر کردنی هەیە؟
غەزالی لەم ڕووەوە ڕایەکی یەکلاکەرەوە ناخاتە ڕوو. سەرەتا ئاماژە بە دادگا و دادوەر ناکات. ڕەنگە بە خوێندنەوەی کتێبی( احیاء) بگەینە ئەو قەناعەتەی ئەم فەرامۆشکردنە بگەڕێتەوە بۆ گومانی گەورەی لەدادگا و دادوەرەکانی سەردەمی خۆی و تێکەڵبوونیان بە کێشمە کێشە مەزهەبی و گروپی و سیاسیەکان و دەستێوەردانی سوڵتان و ئەمیرەکان. ئەوەی دەتوانرێت لە ناوەرۆك و ئاماژەی نوسینەکانی لەم ڕوەوە وەربگیرێت ئەوەیە، پێش هەر شتێك حەزدەکات کار بەو ڕێسایە بکرێت:
( بنەڕەت لە موسوڵماندا موسوڵمان بوونە) و پەنا نەبرێتە بەر چەکی تەکفیر و مەسەلەکان لە چوارچێوەی مشت و مڕی زانستی و گەر پێویستیشی کرد و شوێنەواری لە کۆمەڵگەدا لێکەوتەوە، لەلایەن دەسەڵاتەوە چارەسەر بکرێت. مەسەلەی دەسەڵاتیش بۆ سنوردارکردنی شوێنەوار و ڕونەدانی ئاژاوە نەك دەسەڵاتی لێسەندنەوەی مافی موسوڵمانێتی لە کەسێك پێ بدرێت. بەحوکمی ئەوەی دیدی ئیسلامی وزانایان ئەو مافە نادەن بە دەسەڵاتدار. نێو دێڕەکانی غەزالی پێمان دەڵێن، غەزالی پێی وایە تەکفیرکردنی مسوڵمانێك لەڕووی توانا و زانستیەوە کارێکی یەکجار قورسە و سەلماندنیشی کاری تاکەکەس نیە، هەرچەند خۆی بە زانا بزانێت چونکە شارەزایی لە کۆمەڵێ زانستدا دەوێت. هەروەها بە پێچەوانەی دید و تێگەیشتنی باو و تەنانەت ڕوانگەی ئیسلامی زاڵی سەردەمیش، تەکفیر بەکاری فیقهناس(فقیه) نازانێ و پێی وایە، بڕیار و فتوایەکی لەو جۆرە لە توانای زانستی ئەو بەدەرەو کەرەستەی ئەوەی پێ نیە. تەنانەت لەم ڕوەوە ئامۆژگاری مسوڵمانان دەکات و دەڵێت: زانایەك پسپۆڕیەکەی تەنها ( فقه) بێت کەچی سەرەڕای ئەوە دەم لە فتوای تەکفیر و گومڕاکردنی مسوڵمانێکەوە بکوتێت، پێویستە مسوڵمان پشتی لێ هەڵکەن و دڵ و زمانی خۆیانی پێوە سەرقاڵ نەکەن.
غەزالی لێرەدا بە زانایی و هەستە ناسکە ئیمانیەکەی دەزانێت، زۆربەی تەکفیرەکان لە بنەڕەتدا لەسەر تەئویلی دەقن و ئەوەش وەك ئاماژەمان پێکرد چەندین ڕەهەندی هەیە. لەڕوویەکی ترەوە( فقه) بە زانستێکی دنیایی و ئامرازی دەستی حوکمڕانەکان دەزانێت بۆ حوکمڕانی و زانایانی ئەم بوارەش تووشی جۆرەها نەخۆشی وەکو( خۆبەزل زانین، دەمارگیری، دنیاپەرستی و موجامەلەی دەسەڵاتداری ستەمکار) دەبن، ئەمەش وادەکات، جگە لە کێشەی نەبوونی کەرەسەی زانستیی پێویست بۆ تەکفیرکردن، لە ڕووی دینی و ئەخلاقیشەوە، ئەو شایستەییەیان نەبێت.
شەشەم: ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە تەکفیر ئەم بەرەنجامانەی خوارەوەی لێ دەکەوێتەوە:
ا-پارێزگاری کردن لە مافی ئیجتیهاد و جیاوازبوون.
ب- جیاوازی کردن لە نێوان( ئیمان) و(عەقیدە) وەك بەرهەمی قوتابخانە کەلامی و کەلامناسەکان( ئیسلام) و(ئەهلی سوننەو جەماعەت) و لێرەشەوە(ئوممەت)و (جەماعەت).
ج- ئەسڵ لە موسڵماندا موسوڵمانێتیە و سەلماندنی پێچەوانەکەی کارێکی ئاسان نیە و بەشداریی چەندین پسپۆڕی و بوونی دینداری ناوەکی و نەبوونی دەمارگیری و خراپ سودلێوەرگرتنی سیاسیی دەخوازێت.
د- بڵاوبوونەوەی کلتوری تەکفیر و بەکارهێنانی وەك چەکێك لەلایەن موسوڵمانانەوە دژ بە یەکتر، ئاماژەیە بە بوونی نەفامی و دەمارگیری و دواکەوتوویی دینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی.
حەوتەم: پێم وایە ئەو شتانەی وای کردووە غەزالی بەم هەستیاری و سەرلێکردنەوە زانستی و دینیە مامەڵە لەگەڵ پرسی تەکفیر بکات ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
١ـ تێگەیشتنە عیرفانیەکەی بۆ دین، کە داوا دەکات خۆ لە بە نەفرەتکردنی تەنانەت کافریش بپارێزین.بە حوکمی ئەوەی هەروەك خۆی دەڵێت، نازانرێت کۆتایی ئەم مرۆڤە و خۆشت بە چی دێت؟ وە ئەگەری ئاڵ و گۆڕکردنی ناسنامە و شوێن و ڕۆڵەکان لە ئارادایە.
جگە لە بە بنەڕەتزانینی مامەڵەی خۆشەویستانە و میهرەبانیانە لەگەڵ بە دیهێنراوەکانی خودا وەك ئامادەکردنێکی ڕوحیانەی جەمالی خودا لە تێڕوانین و ئەخلاق و تێکڕای بووندا.
٢ـ هەستکردن بە مەترسی بڵاو بوونەوەی تەکفیر لە نێو ماڵی موسوڵمانان و لەوانەش ماڵی سوننەدا، کە سەردەکێشێ بۆ وشکهەڵاتنی ژیانی ڕوحی و زانستی و ئەخلاقیان و بڵاوبوونەوەی ڕەزالەتی دەمارگیری و هەق نەکردن بە پێوەری داوەری کردن و سەرکێشانی بۆ ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و خوێنڕێژی، کە بەداخەوە لە واقیعەکەی خۆیدا بە چاوی خۆی دەیبینی و ئازاری ڕوحی بەدەست بەرەنجامەکانەوە دەچێژا.
٣ـ کاریگەری پاشخانە زانستی و ئوسوڵیە قوڵەکەی و کارکردن بە ڕێسای (هەڵەکردن لە چاو پۆشیندا باشترە لە هەڵە کردن لەسزاداندا) کە لە خۆگری ئەو ڕێسا یاساییەی بواری یاسای سزادانی نوێشە کە دەڵێت (گومان بە چاکەی تۆ مەتبار ڕاڤەدە کرێت).