702وتار

هوشیاریدان لە ئەگەری ڕودانی هەڵەگەورەکە؟

6/27/2020 4:29:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی


دوای ئەوەی ماوەیەك لەمەو پێش ولەسەرەتای ئەم گەڕەی قەیرانەکاندا لەم بارەوە هوشیاریمانداو هەموانمان خستە بەردەم لێپرسراوێتی ئەخلاقی ونیشتمانی خۆیەوە، دووبارە هوشیاری دەدەین لەوەی، دۆخی هەرێم وقوڵبونەوەی ناکۆکی وقەیرانەکان وبێ ئاسۆیی سیاسی و ئەوزەمینە سازیە دەرونی وجەماوەریی ودامەزراوییەی لە سلێمانی وزۆنی سەوزدا دەبینرێت، لەپاڵ بونی پیلان و ناحەزی هەرێمی، بەرامبەر ئەگەری هەڵەیەکی نەتەوەیی قەرەبونەکراوەو گەورە و ستراتیژیی ڕامان دەگرێت. لەئەگەری ڕودانیشیدا، مانەوەو ئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە؟! ڕەنگە یەکێ لەزەمانەتەکانی مانەوەی قەوارەی هەرێمیش لە دەستوردا، کەلە ڕەتکردنەوەی سێ پارێزگا بۆ هەموارە دەستوریەکان دژ بە مانەوەو ودەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە، تاڕاددەیەکی بەرچاو لاوازبوو بێت؟! لەئەگەری نەمانی قەوارەی هەرێمیشدا، زۆر شت کۆتایی پێ دێت . تاڕاددەیەکی زۆر لەوێرانەی عێراق وگەڕانەوە بۆ سەردەمی ئەی ڕەقیب وتاڵاوی شکست نۆشیندا, خواستە بایۆلۆژیی ودەرونیە سەرەتاییە تەواوکەرەکانی ئەوان لای زۆرێکمان، جێگەی قسەکردنی سیاسی وئەخلاقی وبەهایی دەگرنەوە. بۆیە زۆر گرنگە جگە لە نوخبەی سیاسی خۆ خۆبەپەرۆش زان، نوخبەی ڕۆشنبیرو میدیاکار وئاینی و ڕۆژنامە نوس ، لەپاڵ ڕەخنە گرتن لە واقیعە هەنوکەییەکە ودەستنیشان کردنی ڕیشەی کێشەکان وپێشنیار خستنە ڕوو بۆ چارە سەرکردنی هەنوکەییەکانیان، ئەرکی مێژوویی خۆیان لەم ڕوەوە جێ بەجێ بکەن و قەوارەی هەرێم لە حیزب ودام ودەزگاکان جیابکەنە وە و بەرچاو ڕوونی پێویست لەم ڕوەوە بەجەماوەر بدەن وئەمە بەئەرکێکی بنەڕەتی خۆیان بزانن. بۆئەوەی هێزە نەریتیەکان وسەرچڵیی سیاسی حساب بۆنەکراو، تەوزیفی خراپی سیاسی ئازارەکانی خەڵك ونائومێدیان نەکەن.چونکە قەوارەی هەرێم بۆ ئێمەی کوردوکوردستانیان بەرهەمی ڕەنجی یەك سەدەی نەتەوەیەکی ژێر چەپۆکی بێ قەوارەیە. بەرامبەر ئەو بەدیلانەی هەشن، بەهەموو قەیران وناشیرینیەکانیەوە، باشترینە. بۆیە دەبێت پارێزگاری لێکردنی، هێڵی سورو چەسپاوو حەرامی نەتەوەیی وسیاسی وئەخلاقی بێت. هەوڵەکان بچنە خزمەت دووبارە بیناکردنەوەو ماناپێدانیەوە نەك لاوازکردن وهەڵوەشانەوەی. لەوسۆنگەوە کە، لە ئەگەری نەمانی قەوارەکەدا، دوای نیشتنەوەی هەندێ کەف وکوڵ، ئەوسا دەزانین : چی ڕویداوەو چ ڕسواییەکمان بەسەر خۆماندا هێناوەو چۆن توشی وەهم بووین کە قەوارەکەمان کردووە بەسەرچاوەی کێشەکان و ئامادەبووین لە ملانێ سیاسیە هەرەناشیرینەکاندا قوربانی پێ بدەین. هەڵبەت نەك لەپێناو خەڵك، بەڵکو بەناوی ئەوانەوەو لەسۆنگەی ئیفلیجی نوخبەی سیاسی لە بەیەکەوە ژیان وڕێکنەکەوتن لەسەر دابەشکردنی ئیمتیازە لە بنە ڕەتدا ناڕەواکان ونەبوونی مرونەت وبێ منەتی سەرکردە سیاسیەکان بەرامبەر یەكتر وناسنامەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو!!. ڕوداوێکی وێناکراوی لەو جۆرەش لەحاڵەتی ڕودانیدا، جگە لەتاوانی گەورەی ئەوهێزو نوخبانەی وەك بژاردەیەك سەیری دەکەن وئامادەن لەهەندێ بارو دۆخدا پەنای پێ ببەن، لێپرسراوێتی بەئاستی جۆراو جۆر دەخاتە ئەستۆی هەموو ئەو هێزو پارت ونوخبانەش بەشداری دروستکردنی واقیعی ئێستای هەرێمن، یاخود ئەرکی خۆیان بەرامبەری ئەنجام نەداوە. قورسی ئەم دۆخەش لەوە دایە، گەرزۆر وریانەبین قەیران وگەندەڵی وخۆپەرستی وناکۆکی خەریکە نەك کوردبوون، بەڵکو تەنانەت ئینسانی بوونی خۆشمان، لە بیر بەشێکمان دەباتەوە؟!!!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن