473وتار

ئایا خوێندنەوەکانمان بۆ دۆخی عێراق بەھەڵە دەرچوون؟

2/20/2022 10:14:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی

ھەروەك دۆستان ئاگادارن، لەدوای ھەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی عێراق، چوار پۆستمان لەسەر دۆخەکەو ئەگەرو پێشھاتەکان بڵاو کردەوە. کەتاکوئێستا ئەوەی ڕویداوە لەوچوارچێوە دەرنەچووە.

لێرەشدا بەمەبستی ڕاستکردنەوەی ھەندێ بۆچونی ھەڵەو داوەری نادروست وپشت ڕاستکردنەوەی ئەوەی لەپێشەوە وتمان، پوختەیەکی کورتی پۆستەکان لەدوو توێی چەند خاڵێکدا، بیری بەڕێزان دێنینەوە:

یەکەم- پۆستی9/1 بەنانیشانی عێراق لەبەردەم چارەنوسێکی نادیاردا، کە لەم پۆسەدا جەختمان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردبۆوە:
١- ھەڵبژاردنەکان کێشەکانی عێراق قوڵتر دەکەنەوە.
٢- عێراق دەکەوێتە بەردەم چارەنوسێکی نادیارەوە.
٣- پارتی دەیەوێت ببێتە نوێنەرو مەرجەعی ھەرێم لەبەغدا، ئەوەش بەھێزەکانی ترو بەتایبەتیش یەکێتی قوت نادرێت.
٤- ئەم خولەی پەڕلەمان بۆئامادەبوونی کورد وەك پێکھاتە لەبەغدا، نەرێنی دەبێت.
٥-کورد( یەکێتی وپارتی) بەسەر جەمسەر دژبەیەکەکانی ناوچەکەدا دابەش دەکات.
٦- سەقامگیری عێراق دەکەوێتە بەر مەترسی وھەرێمیش دووچاری فشاری زۆرتر دەبێت.
٧- عێراق دەبێتە کێڵگەی تاقیکردنەوەیەکی ئەو سەر دیار نەبوو.
٨-   پێناچێت عێراق وەك قەوارە توانای بڕینی قۆناغی مابێت.

 

دووەم- چی لەعێراقدا دەگوزەرێت؟10/1

ئەم پۆستەش قسە لەسەر  چەند شتێك دەکات، لەوانەش :
١- ھۆکاری دەرەکی وپاڵنەری ناوەکی لە پەیوەندی بەھاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکە.
٢- سێ ھێزەکە دەخوازن بەھاوکاری یەکتر ببنە مەرجەعی پێکھاتەکانیان.
٣ ھاوپەیمانییەتیەکەو پەیوەندی بەجەمسەرگیریە ھەرێمایەتیەکان وئامانجەکان لێی ومەرجەکانی سەرکەوتنی وکۆسپەکانی بەردەمی.
٤- لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئێران و زەحمەتبوونی بێدەنگبوونی، چونکە بەرژەوەندییە ستراتیژیەکانی دەکەوێتە مەترسیەوە.

 

سێھەم- پۆستی ڕۆژی23/1 دەربارەی دەستبادانی یەکتری یەکێتی وپارتی لەسەر پۆستی سەرۆك کۆمار کەئاماژەم بەم خاڵانەکردبوو:

 

١- سەرۆك کۆمار نابێت لەئامرازەوە ببێت بەئامانج، چونکە ئامانجەکان چەندخاڵێکی ترن.
٢- ھەڵەیە پارتی لابردنی د بەرھەم لەخودی خۆیدا بکات بەئامانج بەدەرلەو دەرھایشتانەی دەیبێت. چونکە ئەوە زیانی بۆ خۆی وھەرێمیش  دەبێت.
٣- پارتی دەبێت ئاگاداری کۆمەڵێ خاڵ بێت لەوانەش:
ا- قورسی بەدەستھێنانی دەستکەوتی نەتەوەیی گرنگ لەسۆنگەی کۆمەڵێك ھۆکار لەوانەش سرکیی تەوژمی سەدریی.
ب- بەھەند وەرنەگرتنی توانای یەکێتی لەدروستکردنی بەربەست وگەڕان بەدوای تۆڵەکردنەوەدا بەھەر نرخێك بووە.
ج- ئاگابوون لەوڕاستیەی ھیچ ھەنگاوێکی چۆنایەتی لەلایەن ھەرێمەوە تەوافوقێکی نیشتیمانی لەپشتەوە نەبێت  سەرناکەوێت وشکست دەخوات. ڕابردوو  شانزەی ئۆکتۆبەر بەڕوونی ئەوەیان سەلماندووە.

 

ئەم دۆخە دەبێتە ھۆی زیاتر لەبەریەکھەڵوەشانەوەی ھەرێم ودواکەوتنی یەکگرتنەوەی  دام ودەزگاکان وزۆرتر بوونی دەستێوەردانی دەرەکی.
 سەبارەت بەیەکێتیش دەبێت پێی وابێت خۆی سەرچاوەی لاوازییەکانی خۆیەتی نەك پارتی. لەبەرژەوەندیشی نیە پێی وابێت ھەرچی پارتی وتی بەرژەوەنی ئەو لەپێچەوانەکەیدایە. ودەستگرتن بەیەکبژاردەشەوە باش نیە.

 

چوارەم- پۆستی ڕۆژی 24/1 بەناونیشانی ئەوپرسیارانەی لەئێستادا کورد دەبێت لەخۆی بکات. کەتیایدا ئاماژە بەچەندین ئەگەرو سیناریۆ کراوە کەپێویستە کورد بیریان لێبکاتەوەو خۆیان بۆ ئامادەبکات.
ئیدی ئەگەر لە جوزئیاتێکی بچوکدا وتبێتمان بەگوێرەی پێدراوەکانی تاکو ئێستا بەئەگەری زۆر فڵان کەس دەبێتە سەرۆك کۆمارو وادەرنەچوبێت، پرسیار ناخاتە سەر عەقڵی شرۆڤەکاری ئێمە وڕەسەنبونی ئەم خوێندنەوانە، چونکە،  ھەرلەو بەرنامەی ئەو رایەم تیادا دەربڕی  جگەلەوەی ئاماژەم بەپێدراوەکانی تائێستا کردووە،باسی ئەوەشم کردووە: ڕەنگە لەکۆتا لەحزەدا شتێکی پێچەوانە ڕووبدات. ھەروەھا گەورەترین شرۆڤەکارو ناوەندەکانی بیرکردنەوەی جیھانی، سەرجەم خوێندنەوەو پێشبینییەکانییان نایەتە دی.

 

دیارە لێرەدا باس لەو کەس وناواندانە نیە لەسەر بناغەی مونافەسەی ناشەریف  وبڕیاری پێشوەختەو گوێنەدان بە سەرەتاکانی ھەڵسەنگاندنی زانستی ودادپەروەرانە  بەزمانێکی زبر پەلامار دەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن