544وتار

ھەرێم و قەیرانی دینداری

10/5/2020 11:01:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی

زۆرێ لە کۆمەڵگە موسوڵمان نشینە کانی ناوچەکەو لەوانەش ھەرێم، بە قەیرانی بونیادی وفرە ڕەھەندا تێدە پەڕن. بەسروشتی حاڵ بەشێ لە رەنگدانەوەکانیشی لەسەرئاستی تێگەیشتنی دینی وفۆرمی دینداری وفەزای ئاینیدا خۆی نمایش دەکات. ئەم دۆخەش تێگەشتنێکی ڕوکەش وسادەوبارگاوی بە ڕق وسڕینەوەی بەرابەروناکۆك لەگەڵ خودی وەزیفە ڕوحی وکۆمەڵایەتی وئەخلاقیەکانی دین بەرھەم دێنێ. ئەمەش تەنھا مەترسی بۆسەر ڕوحی ئاین وپەیامە ئەخلاقیە گەردونیەکەی وھەناسە عەدالەتخوازو ڕزگاریبەخشەکەی نیە،بەڵکولەکۆمەڵگەیەکدا ،کە سیاسەت بەھۆی لەدەستدانی بەھاکانیەوە ، ڕۆژبەڕۆژ مایەپوچبونی خۆی ڕادەگەیەنێ،دەبێتە مەترسیەکی «بالقوة» بۆسەر ئایندەی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

جێگەی داخێکی قوڵە ،لەبری ئەوەی ئاین لەسەردەمی قوڵبونەوەی ناکۆکیەکان وخۆپەرستی وگەورەبونی بازنەکانی ڕق ویەکتر سڕینەوەولەدەستدانی یەکیەتی ناوەکی ڕۆشنبیرینیشتمانی،ببێتە پەنای ڕوحی وبانگەشەیەکی ئەخلاقی بۆ بیناکردنەوەی کۆمەڵ وڕێگری لە زیاتر شڵە ژان وھەڵوە شانەوەی، لای خەڵکانێك بکرێتە بەشێ لەململانێ تەقلیدیە باوەکانی کۆمەڵگەو ێامرازێك بۆ دەربڕینی ڕق وحوکمدانی زاڵمانەو ناڕەوا بەسەرموسوڵمانی بەرامبەردا. ئەم تەرزە عەوامگەراییە لە تێگەیشتنی دینی ئاماژەیە بەسادەیییەکی مەنھەجی وزانستی قوڵ.

زۆرناشیانە ھەریەك دێت وملی فڵان ئایەت و فەرمودە دەگرێت وبەدابراو لەگەڵ کۆی ئەو ئایەت وفەرمودانەی حوکمی ئەو مەسەلە دەکەن و ئەو ڕێسا گشتیانەی لێیان ھە ڵدەھێنجرێت وتەحەکوم بەسەر جوزئیاتدا دەکەن وئەو مەبەست وعیللە تانەی لە پشت دەق وحوکمەکانەوەن وڕاڤەو جۆری کاراکردن وپیادە کردنیان دیاری دەکەن ، خوکم بەسەر ئەم وئەودا دەدەن و بێ ھیچ مۆڵەت پێدانێك خۆیان وەك پاسەوانی عەقیدە دەخەنەڕوو!!!! لەھەر کات وشوێنێ بیرکردنەوەوشرۆڤەیەکی ئینسانیان بینی پەلاماری دەدەن وڕەتی دەکەنەوەوسوکایەتی بەخاوەنەکەی دەکەن ودەکەونە موزایەدەی دین وئیمان ولەڕوانگەیەکی کەلە پورانەو بەڕواڵەت دینی زۆر بەرتەسكەوە تێگەیشتنێکی بەتاڵکراوە لە ڕوح ومیھرەبانی وسرەوت وڕێزو سەنگینی بۆ عەقیدەو ئیسلام وشەریعەت دەخەنە ڕوو؟!!
                        

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن