كولتووری توێشوو له جیاتى حانووت
9/11/2019 10:13:00 PM
رەهێڵ دزەیى
سێكته‌ری په‌روه‌رده‌و فێركردن ته‌نیا ئه‌ركی ئه‌وه نییە خوێندن‌و نووسین‌و زانسته‌كان فێری خوێندكاران بكات، به‌ڵكو ئه‌ركیه‌تی كه فێریان بكات گرنگی به لایه‌نی ته‌ندروستی‌و كه‌سایه‌تی‌و چۆنییەتی ژیان كردن بده‌ن.
سیستمێكی په‌روه‌رده‌و فێركردنی باش، كۆمه‌ڵگەیه‌كی باشمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. له پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تاییەوە تا دوا قۆناغ كه پۆلی دوازده‌یه، له‌م ماوه‌یه‌دا منداڵ‌و نه‌وجه‌وانان گه‌شه ده‌كه‌ن له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، بۆیه زۆر گرنگه كه ڕێنمایی بكرێن‌و زانیاریان هه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌م خواردنانه‌ی كه یارمه‌تیان ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندرست گه‌شه بكه‌ن‌و دووربن له نه‌خۆشی.
گرنگه خێزان‌و خوێندنگە هاوكاری یه‌كتربن له‌م لایه‌نه‌وه. ئه‌و خواردنانه‌ی به‌سودن بۆ گه‌شه‌كردن‌و یارمه‌تی منداڵ ده‌دات كه له كاتی خوێندندا سه‌رنج‌و فۆكەسی باشتربێ، ده‌ستنیشان بكرێن‌و بدرێته خوێندكاران. به‌تایبه‌ت ئه‌و خواردنانه‌ی كه ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ڤیتامینات‌و كانزاكان كه له‌شیان پێویستیه‌تی بۆ گه‌شه‌كردن‌و دووربن له‌و خواردنانه‌ی كه زیانیان پێده‌گه‌ێنێ.
به‌داخه‌وه زۆر كه‌م گرنگی به‌م لایه‌نه دراوه له خوێندنگاكاندا، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه خواردنی زۆر بێسود‌و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌فرۆشرێ له حانووتی خوێندنگەكاندا.
منداڵ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ به باشی سود له وانه‌كان وه‌ربگرێ، ده‌بێ خواردن له‌كاتی خۆی بخوات. ده‌بێ به‌یانیان پێش چوونی بۆ خوێندنگە نان بخوات، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی دایك‌و باوكه كه پێش ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌یان بنێرن بۆ خوێندنگە خواردنێكی ته‌ندروستی پێبده‌ن.
خواردنی پێش چوون بۆ خوێندنگە واده‌كات خوێندكاره‌كه چالاكبێ‌و توانای یاریكردن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى هه‌بێ‌و كاتی وانه خوێندن بتوانێ سه‌رنجی لای مامۆستابێ. نه‌خواردنی خواردنی باش‌و به‌سود وا له خوێندكار ده‌كات كه بێهێزبێ‌و له وانه‌كاندا نه‌توانێ سه‌رنجی لای ده‌رسه‌كه‌ی بێ.
ڕۆژانه ماوه‌ی خوێندن له خوێندنگەكانی هه‌رێمی كوردستان چوار كاتژمێره، له‌م ماوه‌یه‌دا كاتێك دیاری نه‌كراوه بۆ نانخواردن، منداڵ لانیكه‌م پێویستیان به‌بیست خوله‌ك هه‌یه بۆ نانخواردن.
خوێندنگەكانی هه‌رێمی كودستان گرنگی به‌لایه‌نی خواردن‌و خۆراكی خوێندكاران نه‌داوه، به‌ڵكو به‌كردنه‌وه‌ی حانووت له خوێندنگەكان‌و فرۆشتنی جۆرێك له‌خواردن كه نه‌ك سودی نییه بۆ خوێندكاران، به‌ڵكو زه‌ره‌رو زیانی زۆری هه‌یه بۆ ته‌ندروستی خوێندكاران.
جپس، بیسكیت، كێك‌و شیرینی، ئه‌مانه هیچ سودیان نییە بۆ جه‌سته‌ی منداڵ، هه‌روه‌ها ده‌بێته قورساییه‌ك بۆ خێزانه‌كان كه ده‌بێ ڕۆژانه بڕێك پاره به منداڵه‌كانیان بدەن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وانه‌ی باری ئابوورییان باش نییە ده‌بێته بارگرانی. چونكه هه‌موو هاوڕێكانی پاره‌یان پێیه‌و ناكرێ منداڵی ئه‌وان پێی نه‌بێ، ئه‌مه‌ش جیاوازی له‌نێوان خوێندكاران درووست ده‌كات.
ئه‌وانه‌ی باری داراییان باشه بڕه پاره‌یه‌كی باش به منداڵه‌كانیان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی باری دارایی باش نییە له‌وانه‌یه كه‌مێك پاره یان هه‌ر نه‌توانێ پاره به‌منداڵه‌كه‌ی بدات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی منداڵه‌كه داده‌نێ، له‌وانه‌یه ببێته هۆی وازهێنانی منداڵه‌كه له خوێندن.
بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه منداڵه‌كانمان خواردنی ته‌ندروست ده‌خۆن‌و قورسایی ئابووری نه‌كه‌وێته سه‌ر خێزانه‌كان، با كولتووری (توێشوو) په‌یڕه‌و بكه‌ین له خوێندنگەكاندا.
كولتووری توێشوو واتا: منداڵه‌كان له ماڵه‌وه خواردن له ناو قووتویه‌ك دانێن‌و له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن بۆ خوێندنگە. خواردنه‌كانی ناو توێشووه‌كه بریتیبێ له بابۆڵه‌یه‌ك (له‌فه.. ساندویچ) كه په‌نیر، هێلكه، گۆشت، په‌تاته یان هه‌ر شتكی تربێ كه شیرینی نه‌بێ له‌ناو نانێك كه به ئاردی سپی دروست كرابێ. له‌گه‌ڵ میوه‌یه‌ك‌و مه‌تاره‌ی ئاو. ڕۆژانه كاتێك دیاری بكرێت كه خوێندكاره‌كان به‌یه‌كه‌وه نان بخۆن، به ئاماده‌بوونی مامۆستاکانیان.
خواردنی شیرینی‌و خواردنه‌وه گازییه‌كان قه‌ده‌غه بكرێت له خوێندنگەكاندا، خێزانه‌كان هه‌فته‌ی ڕۆژێك دیاری بكه‌ن بۆ منداڵه‌كانیان كه شیرینی‌و چبس بخۆن‌و خواردنه‌وه گازییه‌كان بخۆنه‌وه، باشتره ئه‌م ڕۆژه كۆتایی هه‌فته‌ی خوێندنبێ وه‌ك پاداشتێك بۆیان كه ئه‌ركه‌كانیان به باشی جێبه‌جێ كردووه.
به‌مجۆره دڵنیاده‌بینه‌وه كه منداڵه‌كانمان خواردنی پێویست‌و ته‌ندروست ده‌خۆن كه پێویستیان پێیه‌تی بۆ گه‌شه‌كردنیان‌و دوورده‌كه‌ونه‌وه له خواردنی شیرینی كه زۆر خواردنیان زیان به ته‌ندروستیان ده‌گه‌یه‌نێ.
ناكرێ له پێناو ده‌ستكه‌وتێكی مادی بۆ خوێندنگەكان‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده، باری ته‌ندروستی خوێندكاره‌كان فه‌رامۆش بكه‌ین‌و گرنگی نه‌ده‌ین به‌جۆری ئه‌و خواردنانه‌ی كه ده‌بێ له‌و ته‌مه‌نه‌دا بیانخوات.
وه‌ك چۆن ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌وه‌یه كه نه‌وه‌یه‌كی خوێنده‌وارو به مه‌عریفه‌و خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی باوه‌ڕبه‌خۆبوو به‌رهه‌م بهێنێ، به‌هه‌مانشێوه ئه‌ركیه‌تی نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست‌و خاوه‌ن هۆشیاری ته‌ندروستی پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگە بكات.